دێولان؛ ئازاد عەباسی، چالاکی مەدەنی و وانەبێژی زمانی کوردی دەسبەسەر کرایەوە

14:28 - 28 خەرمانان 2723

ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی خەرمانان، ئازاد عەباسی، چالاکی مەدەنی و وانەبێژی زمانی کوردیی خەڵکی دێولان، لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنیکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی، ئەم چالاکە مەدەنییەیان دەسبەسەر کردووە.

ڕۆژی شەممە، ١٨ی خەرمانان، ئازاد عەباسی پاش بانگهێشتکران بۆ دادگای دێولان، دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندانی قوروە کرابوو.

ئازاد عەباسی ڕۆژی شەممە، ٢٥ی خەرمانان لە زیندانی قوروە ئازاد کرابوو.

ئەم چالاکە مەدەنییە، ساڵی ڕابردوو، لەلایەن لقی ٢ی دادگای کەیفەریی دێولانەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام " بە ١٠ مانگ زیندان، "تێکدانی نەزمی گشتی" بە ١٨ مانگ زیندان و "کۆبوونەوە دژی تەناهیی نەتەوەیی"، بە ٤٨ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو.

ئازاد عەباسی، ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، بە هۆی پشتیوانیکردن لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ زیندانی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو.