بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی سەفا عائێلی، خاڵۆی ژینا_مەهسا ئەمینی

19:41 - 27 خەرمانان 2723

سەرەڕای تێپەربوونی دوو حەفتە لە دەسبەسەرکرانی سەفا عائێلی، خاڵۆی ژینا_مەهسا ئەمینی، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو  لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەفا عائێلی تاکوو ئێستا تەنیا پێوەندییەکی تلفۆنیی کورتی لەگەڵ بنەمالەکەی گرتووە و بە بێ ئاماژەکردن بە شوێنی ڕاگیرانی، ڕایگەیاندووە کە بەدواداچوون بۆ دۆسییەکەی بکەن.

ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی خەرمانان، سەفا عائێلی، خاڵۆی ژینا_مەهسا ئەمینی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی سەفا عائێلی و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: تاکوو ئێستا ڕوون نییە کە کام ناوەند سەفا عائێلیی دەسبەسەر کردووە و بنەماڵەکەی سەبارەت بە شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو زانیارییەکیان نییە.