بانگهێشت و دەسبەسەرکرانی محەممەد مورادی‌نژاد لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێرانەوە

18:00 - 25 خەرمانان 2723

ڕۆژی شەممە، ٢٥ی خەرمانان، محەممەد مورادی‌نژاد، کارمەندی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی کامێران و خەڵکی گوندی "ئەڵک"، پاش بانگهێشتکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە، دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاری لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو، سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێرانیان کردووە بەڵام هێزە ئەمنییەتییەکان وڵامێکیان پێ نەداونەتەوە.

ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠١، محەممەد مورادی‌نژاد، لەلایەن لێژنەی سەرەتایی پێڕاگەیشتن بە سەرپێچییە ئیدارییەکانی ڕێکخراوی جەهادی کشاوەرزیی پارێزگای سنەوە، بە هۆی بڵاوکردنەوەی بابەتگەلێک سەبارەت بە دژایەتی لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە دوو مانگ هەڵپەسێران لە کارەکەی مەحکووم کرا کە ئەم حوکمە لە کۆبوونەوەی لێژنەی پێداچوونەوە بە سەرپێچییە ئیدارییەکانی کارمەندەکانی ئەم وەزارەتەدا بە کەمکردنەوەی مووچە و مووچەی تایبەتی کارەکە، بە ڕێژەی یەک لەسەر شەش، بۆ ماوەی ٦ مانگ، گۆڕانی بەسەردا هات.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری بانگهێشت و دەسبەسەرکرانی محەممەد مورادی‌نژاد، زانیارییەک دەست نەکەوتووە.