سیرووس و ئازاد عەباسی لە چالاکانی مەدەنیی دێولان، دەسبەسەر کران

23:20 - 18 خەرمانان 2723

ڕۆژی شەممە، ١٨ی خەرمانان، سیرووس عەباسی و ئازاد عەباسی، لە چالاکانی مەدەنیی دێولان، پاش بانگهێشتکران بۆ دادگای ئەم شارە دەسبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم دوو چالاکە مەدەنییە، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی زیندانەکەیان، بۆ زیندانی قوروە ڕاگوێزراون.

فەریدە وەیسی، هاوسەری سیرووس عەباسی، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێکی ئینستاگرامی، دەسبەسەرکرانی سیرووس و ئازادی پشتڕاست کردەوە.

ڕۆژی شەممە، ١١ی خەرمانان، سیرووس عەباسی، ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەرایەتیی دامەزراوەی زانستی کوردستان، باسی لە هەڵوەشانەوەی مۆڵەتی چالاکیی ئەم دامەزراوەیە لەلایەن وەزارەتی پەورەردەوە کرد.

وەزارەتی پەروەردە، مۆڵەتی چالاکیی ئەم دامەزراوەی بە هۆی "بەفەرمیکردنی زمانی کوردی لەم فێرگەیە، پشتیوانی لە مامۆستایانی دەسبەسەرکراو و پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی"، هەڵوەشاندووەتەوە.

ساڵی ڕابردوو، سیرووس عەباسی و ئازاد عەباسی لە چالاکانی مەدەنیی دێولان، لەلایەن لقی ٢ی دادگای کەیفەریی ئەم شارەوە هەرکامەیان بە ٦ ساڵ و ٤ مانگ زیندان، مەحکووم کران.

بەپێێ حوکمی دادگای سەرەتایی، سیرووس عەباسی و ئازاد عەباسی، هەرکامەیان بە تۆمەتەکانی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، بە ١٠ مانگ زیندان، "تێکدانی نەزمی گشتی" بە ١٨ مانگ زیندان و "کۆبوونەوە و تەبانی دژی تەناهیی نەتەوەیی" بە ٤٨ مانگ زیندان، مەحکووم کران.

سیرووس عەباسی، ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، بە هۆی پاڵپشتی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ زیندانی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

بەفرانباری ١٣٩٨، سیرووس عەباسی لەلایەن لقی یەکی داداگی ئینقلابی سنەوە بە دوو ساڵ زیندانی تەعلیقی مەحکووم کرا و ئازاد عەباسیش لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان، بێتاوان دەرچوو.