سیرووس عەباسی، چالاکی مەدەنی، لە زیندانی قوروە ئازاد کرا

12:11 - 8 رەزبەر 2723

ڕۆژی پێنجشەممە، ٦ی ڕەزبەر، سیرووس عەباسی، چالاکی مەدەنی و ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەریی دامەزراوەی زانستی کوردستان، لە زیندانی قوروە ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم چالاکە مەدەنییە ناسراوە بە وەرگرتنی نامەی ئازادی و کۆتاییهاتنی ماوەی زیندانەکەی، لە زیندانی قوروە ئازاد کراوە.

ڕۆژی شەممە، ١٨ی خەرمانان، سیرووس عەباسی، لە چالاکانی مەدەنیی دێولان، پاش بانگهێشتکران بۆ دادگای ئەم شارە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی جێبەجێبوونی حوکمی زیندانەکەی ڕەوانەی زیندانی قوروە کرا.

ڕۆژی شەممە، ١١ی خەرمانان، سیرووس عەباسی، ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەرایەتیی دامەزراوەی زانستی کوردستان، باسی لە هەڵوەشانەوەی مۆڵەتی چالاکیی ئەم دامەزراوەیە لەلایەن وەزارەتی پەورەردەوە کرد.

وەزارەتی پەروەردە، مۆڵەتی چالاکیی ئەم دامەزراوەی بە هۆی "بەفەرمیکردنی زمانی کوردی لەم فێرگەیە، پشتیوانی لە مامۆستایانی دەسبەسەرکراو و پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی"، هەڵوەشاندووەتەوە.

ساڵی ڕابردوو، سیرووس عەباسی، لەلایەن لقی ٢ی دادگای کەیفەریی ئەم شارەوە بە ٦ ساڵ و ٤ مانگ زیندان، مەحکووم کرابوو.

بەپێێ حوکمی دادگای سەرەتایی، سیرووس عەباسی بە تۆمەتەکانی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، بە ١٠ مانگ زیندان، "تێکدانی نەزمی گشتی" بە ١٨ مانگ زیندان و "کۆبوونەوە و تەبانی دژی تەناهیی نەتەوەیی" بە ٤٨ مانگ زیندان، مەحکووم کرابوو.

سیرووس عەباسی، ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، بە هۆی پاڵپشتی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ زیندانی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

بەفرانباری ١٣٩٩، سیرووس عەباسی لەلایەن لقی یەکی داداگی ئینقلابی سنەوە بە دوو ساڵ زیندانی تەعلیقی مەحکووم کرابوو.