بانگهێشتی بەهار زەنگی‌بەند، چالاکی مافی ژنان بۆ لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە

03:19 - 6 رەزبەر 2723

ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی ڕەزبەر، بەهار زەنگی‌بەند، چالاکی مافی ژنان، بانگهێشتی لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم چالاکی بواری ژنانە، بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کراوە و پاش کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کراوە.

بەهار زەنگی‌بەند، مامۆستای ڕاهێنانی لەش لە زانکۆی ئازادی سنە بە بڕیاری حەراسەتی زانکۆی ئازادی سنە بە هۆی ناڕەزایەتیدەربڕینی ناوبراو بە قەتڵی حکوومەتیی مەهسا-ژینا ئەمینی و دەسبەسەرکرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە مافی وانەوتنەوە لەم زانکۆیە بێبەری کراوە.

ئەم مامۆستایەی خەڵکی سنە، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١، پاش ناڕەزایەتیدەربڕین بە قەتڵی حکوومەتیی مەهسا-ژینا ئەمینی لە حەوشەی زانکۆی ئازادی سنە بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی بەهار زەنگی‌بەند ماڵەکەیان پشکنیوە و مۆبایل، لەپتاب و هەندێ کەرەستەی تاکەکەسیی ناوبراویشیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ئەم چالاکە کوردە پاش دەسبەسەرکران، ڕۆژانە بەمەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و شەوانەش بۆ کانوونی ئیسڵاح و تەربییەتی سنە ڕاگوێزراوە.

بەهار زەنگی‌بەند بە هۆی بەشداریکردن لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بە شێوازی مەرگی مەهسا_ژینا ئەمینی و دەرکردنی بەیانییە بۆ مەحکوومکردنی هەڵسوکەتی هێزەکانی تایبەت و دژەشۆڕش لەلایەن لێپرسی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنەوە بە "تێکدانی نەزمی گشتی" و "پڕوپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کراوە.

بەهار زەنگی‌بەند ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠١ بە دانانی بارمتە بەشیوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە کانوونی ئیسڵاح و تەربییەتی سنە ئازاد کراوە.