شنۆ؛ بانگهێشتی بنەماڵەی عەبدولسەلام قادر گەڵوان و پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی قەتڵی حکوومەتیی ناوبراو

12:01 - 5 رەزبەر 2723

لە ساڵوەگەڕی قەتڵی حکوومەتیی عەبدولسەلام قادر گەڵوان، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شنۆ، ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە بە بانگهێشتی ئەندامانی بنەماڵەکەی و وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو، پێشی بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی گیانلەدەستدانی ناوبراو گرت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ڕۆژی ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢، بنەماڵەی عەبدولسەلام قادر گەڵوان، لە یەکەمین ساڵوەگەڕی قەتڵی حکوومەتیی ناوبراودا، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆوە بانگهێشت کران و بەڵێننامەی نووسراویان لێ وەرگیرا.

ئەندامانی بنەماڵەی قادر گەڵوان، لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆدا بەڵێننامەی نووسراویان لێ وەرگیرابوو کە مافیان نییە وێنە، کۆتر، ناوی شەهید و باقی هێماکانی شەهیدەکان ببەنە سەر مەزاری ناوبراو و مافی ئەوەشیان نییە کە خەڵک کۆ بکەنەوە.

بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا، بنەماڵەی قادر گەڵوان لە یەکەمین ساڵوەگەری قەتڵی حکوومەتیی کوڕەکەیاندا، نەیانتوانی ڕێوڕەسمی بۆ بگرن.

ڕۆژی ٤ی ڕەزبەری ١٤٠١، عەبدولسەلام قادر گەڵوان، کوڕی نادر، کە لە ناڕەزایەتییەکانی ٣٠ی خەرمانانی شنۆدا بەتوندی بریندار ببوو، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ورمێ بە هۆی قووڵیی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دا.