خەزەڵوەری ١٤٠١ ناڕەزایەتییەکان لە هەموو ئێراندا بەردەوام بوون، ناڕەزایەتیگەلێک کە بە دەستێوەردانی هێزە سەرکوتکەرەکان توندوتیژیی لێ کەوتەوە.
تەقەکردن بە چەکی جەنگی، فڕێدانی گازی فرمێسکڕێژ، هێرشکردنە سەر ناڕازییان و لێدان و توندوتیژی و دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لەو کردەوانە بوو کە هێزە سەرکوتکەرەکان بە مەبەستی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی کوردستان گرتیانە بەر.
کوردپا لە وتووێژ لەگەل سەرچاوەیەکی ئاگاداردا، شێوەی برینداربوون و دەسبەسەرکرانی خوێندکارێکی خەڵکی سەقز و لێدانی ناوبراو لە گرتنگەی ئیتلاعاتی فەراجا دەگێڕێتەوە.
شێوازی برینداربوونی ئەمیرمحەممەد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە؛
ئەمیرمحەممەد مورادی، خوێندکاری قۆناغی کارناسیی باڵای بواری جوغرافیای شاری، لە ناڕازییان بە قەتڵی حکوومەتیی ژینا_مەهسا ئەمینی بوو کە پاش برینداربوون لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی "فەراجا"وە دەسبەسەر کرا و لە گرتنگەی ئەم ناوەندە ئەمنییەتییەدا کەوتە بەر لێدان.
سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا، سەبارەت بە شێوازی برینداربوونی ئەم خوێندکارە وتی: ئەمیرمحەممەد مورادی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازدیدا بەشداریی چالاکانەی هەبوو و بە فیشەکی ساچمەیی، بریندار بوو.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەمیرمحەممەد مورادی لە شەقامی ساحێلیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتی_سەرکوتکەرەکانەوە بریندار بوو و نزیک بە ٢٠ ساچمە بەر جەستەی، لەوانە ڕان، سمت و دەستی کەتبوو.
پیشگرتن لە ڕۆیشتنی ئەم خوێندکارە بۆ نەخۆشخانە؛
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەمیرمحەممەد مورادی لە ترسی دەسبەسەرکران، لە ڕۆیشتن بۆ نەخۆشخانە خۆی بوارد و لەلایەن یەکێک لە هاوڕێکانییەوە کە ناسیاوێکی پەرستاری هەبووە لە ماڵەوەدا چارەسەری پزیشکیی بۆ کرا و ژمارەیەک لە ساچمەکان لە لەشی دەرهێنران.
دەسبەسەرکرانی ئەمیرمحەممەد مورادی و لێدان لە ناوبراو لە گرتنگەی ئیتلاعاتی فەراجا؛
هێزەکانی ئیتلاعاتی فەراجا، ڕۆژی ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠١، ئەم خوێندکارە کوردەیان دەسبەسەر کرد و بۆ گرتنگەی ئەم ناوەندە ئەمنییەتییەیان ڕاگواست.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لەمبارە ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکانی فەراجا لە گرتنگە، ئەشکەنجەی ئەم خوێندکارە کوردەیان داوە و بە هۆی ئەشکەنجەکانەوە ڕۆبات و تاندۆنی لاقی ناوبراو، بریندار بووە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە بە کوردپای وت: جیا لەوەی کە تاندۆنی لاقی ئەم خوێندکارە تووشی کێشە بووە، هێزە ئەمنییەتییەکان بە باتوم، دار و شەق لە سەر و دەموچاو و ملیان داوە.
ئەم سەرچاوەیە وتیشی: هێزەکانی ئیتلاعاتی فەراجا دوو جار هەوڵی خنکاندنی ئەم خوێندکارە کوردەیان داوە.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: ئەمیرمحەممەد مورادی پێویستی بە چارەسەری هەیە و تاکوو ئێستا هیچ نەشتەرگەرییەک بۆ دڕانی ماسوولکەکان، ڕۆبات و تاندۆنی لاقی نەکراوە.
ئەمیرمحەممەد مورادی:
ئەمیرمحەممەد مورادی، لەدایکبووی ١٢ی پووشپەڕی ١٣٧٠ لە شاری سەقز و خوێندکاری کارناسیی باڵای جوغرافیای شاری و کوڕی ئەحمەدمحەممەد مورادی و عەزیزە عەزیزیە.
ناوبراو کاری ئازادی هەبووە و پاش ١٠ ڕۆژ مانەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی فەراجا و توندترین ئەشکەنجەکاندا، ڕۆژی ٢٢ی خەزەڵوەری ١٤٠١، ئازاد کرابوو.






