شیوا عامڵی‌ڕاد، ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان لە کارەکەی دەر کرا

09:52 - 2 خەرمانان 2723

شیوا عامڵی‌ڕاد، مامۆستا و ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان بە ١٨ ساڵ پێشینەی مامۆستایەتییەوە، لەلایەن ئیدارەی پەروەردەی مەریوانەوە لە کارەکەی دەر کرا.

شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی فەرهەنگییانی ئێران، ڕایگەیاند کە "ئیدارەی پەروەردەی مەریوان لە کردەوەیەکی بەپەلەدا، بە بێ ڕەچاوکردنی ڕەوتی ئیداری، شیوا عامڵی‌ڕادی لە کارەکەی دەر کردووە."

لە حوکمی دەرکراودا، ڕۆژی ٢٨ی بانەمەڕی ١٤٠٢ وەکوو ڕێکەوتی دەرکرانی شیوا عامڵی‌ڕاد ڕاگەیەندراوە کە هاوکاتە لەگەڵ ١٨ مانگی مەی ٢٠٢٣، کە لەو ڕۆژەدا دامەزراوەی " ١٨ی مەی"ی کورەی باشوور خەڵاتێکی بە نوێنەرایەتی لە شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی فەرهەنگییانی ئێران، پێشکەشی شیوا عامڵێ‌ڕاد وەکوو نوێنەری نێونەتەوەیی ئەم شۆرایە کرد.

شۆرای ڕێکخراوە سێنفییەکانی فەرهەنگییانی ئێران دەرکرانی ئەم حوکمەی لە کاتێکدا کە شیوا عامڵی‌ڕاد لە مورەخەسیدا بووە بە "نایاسایی و کردەوەیەک بۆ تۆڵەکردنەوە دژی هەڵبژێرانی شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی فەرهەنگییانی ئێران بۆ وەرگرتنی خەڵاتی تایبەتی ئاشتیی ساڵی ٢٠٢٣ و نوێنگەی کردەوە توندوتیژانەکان بەنیسبەت چالاکی سێنفیی مامۆستایانی ئێران" زانیوە.

شیوا عامڵی‌ڕاد، ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی مەریوان، نوێنەری پێشووی کانوونی سێنفیی مامۆستایانی مەریوان لە  شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی فەرهەنگییانی ئێران و یەکێک لە یەکەمین ژنانی چالاک و کاریگەر لە بزووتنەوەی سێنفیی مامۆستایان بووە.