سامان پاشایی ٥٢ ڕۆژە لە ژووری تاکەکەسیدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشاردایە

16:45 - 28 گەلاوێژ 2723

سامان پاشایی، خاوەنی میداڵی جیهانیی کوشتیی فەرەنگی و خەڵکی سەقز، ٥٢ ڕۆژە لە ژووری تاکەکەسیی گرتنگەی ئیتلاعاتی سنەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لەژێر گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکاندایە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە، ڕۆژی یەکشەممە، توانیویەتی بە بوونی دوو کەس لە هێزە ئەمنییەتییەکانیش چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێ؛ سامان پاشایی هەڕەشەی لێ کراوە کە لە ئەگەری هاوکارینەکردن بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لە کارەکەی دەر دەکرێ و ئیزنی هیچ چەشنە کارێک، تەنانەت ڕنگکردنیشی پێ نادەن و هەروا بە بێ ڕوونکردنەوەی چارەنووسی، ماوەی دەسبەسەرکرانەکەی درێژ دەکەنەوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: سامان پاشایی لە ژووری تاکەسیی گرتنگەی ئیتلاعاتی سنەدا، لەژێر گوشاری توندی دەروونیدایە و نیگەرانی دۆخی بنەماڵەکەیەتی.

سامان پاشایی پێش لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، تەنیا توانیبووی جارێک پێوەندییەکی تلفۆنیی ٣٠ چرکەییان لەگەڵ بگرێت، ناوبراو هێشتا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی پووشپەڕ، سامان پاشایی، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

سامان پاشایی، دوکتورای فیزیۆلۆژی و خۆراکی وەرزشی هەیە و ئەندامی ئاکادێمیای نەتەوەیی پزیشکیی وەرزشیی ئامریکایە کە لە زانکۆکانی کوردستاندا وانە دەڵێتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی سامان پاشایی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.