نازیلا مەعرووفیان دەسبەسەر کرایەوە

00:36 - 24 گەلاوێژ 2723

ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی گەلاوێژ، نازیلا مەعرووفیان، ڕۆژنامەوانی کوردی خەڵکی سەقز و دانیشتووی تاران، ڕۆژێک پاش ئازادکرانی کاتی، دەسبەسەر کرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەەم ڕۆژنامەوانە کوردە پاش دەسبەسەرکران، بۆ زیندانی قەرچەک ڕاگوێزراوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٢ی گەلاوێژ، نازیلا مەعرووفیان، بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی، بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرا.

ڕۆژی شەممە، ١٤ی گەلاوێژ، ئەم ڕۆژنامەوانە کوردە بە هۆی "گوشاری دەروونی و بەرزبوونەوەی لێدانی دڵ"، لە زیندانی ئێڤینەوە بۆ نەخۆشخانەی تاڵەقانیی تاران و دواتر بۆ زیندان ڕاگوێزرا.

نازیلا مەعرووفیان، بە هۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێی حکوومەت، لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و پێوەندی لەگەڵیان بێبەری کرابوو.

ڕۆژی شەممە، ١٧ی پووشپەڕ، نازیلا مەعرووفیان، بۆ جاری دووهەم پاش دەسپێکردنی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و پاش بانگهێشتکران بۆ دادسەرای ئێڤین دەسبەسەر کرا و دواتریش لە گرتنگەی وەزارەتی ئیتلاعات ناسراو بە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینەوە بۆ بەندی ژنانی ئەم زیندانە ڕاگوێزرا.

ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی پووشپەڕ، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات، هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم ڕۆژنامەوانە و لەپتاب، مۆبایلی ناوبراو و ئامێرێکی هەڵگرتنی دەنگیان لەگەڵ خۆیان برد و پێیان ڕاگەیاند کە دەبێ ڕۆژی شەممە، ١٧ی پووشپەڕ، لە دادسەرای ئێڤیندا ئامادە بێت.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی جۆزەردانی ١٤٠٢، ئەم ڕۆژنامەوانە، هەڵسوکەوتی هێزەکانی یگانی تایبەت و جنێودانی ڕەگەزیی ئەوانی بەرانبەر بە خۆی کە بە بێ سەرپۆش لە تئاتری شاردا بەشدار بوو، بە فەرمی بۆ خەڵک گێڕایەوە.

ناوبراو ڕۆژی ٣٠ی جۆزەردان، لە چوارڕێیانی وەلیعەسری تاران، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە کەوتبووە بەر لێدان و توندوتیژی.

ڕێبەندانی ١٤٠١، ئەم ڕۆژنامەوانە لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەفشاری"، بە تۆمەتی "چالاکیی پڕوپاگەندەیی دژی نیزام" و "بڵاوکردنەوەی درۆ بە مەبەستی تێکدانی بیروڕای گشتی لە ڕێگەی وتووێژ لەگەڵ باوکی ژینا_مەهسا ئەمینی"، بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری، ١٥ میلیۆن تمەن سزای نەختی و ٥ ساڵ قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە وڵات مەحکووم کرابوو و حوکمی ٢ ساڵ زیندانەکەی بۆ ماوەی ٥ ساڵ چووە حاڵەتی هەڵپەساردنەوە.

ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی بەفرانباری ١٤٠١، نازیلا مەعرووفیان بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرا.

ئەم ڕۆژنامەوانە کوردەی خەڵكی سەقز، ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی خەزەڵوەی ١٤٠١، بە هۆی وتووێژ لەگەڵ ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا-مەهسا ئەمینی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.