گێڕانەوەیەک لە قەتڵی حکوومەتیی سامان قادربەیگ، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان

16:22 - 20 گەلاوێژ 2723

ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١، سامان قادربەیگ، خۆپیشاندەری خەڵکی بۆکان کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان بریندار و دەسبەسەر کرابوو، گیانی لەدەست دا.

یەکێک لە کەسە نزیکەکانی سامان قادربەیگ، لە وتووێژ لەگەڵ کوردپادا، شێوازی قەتڵی حکوومەتیی ناوبراو دەگێڕێتەوە.

شێوازی قەتڵی حکوومەتیی سامان قادربەیگ، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی؛

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، سامان قادربەیگ، ڕۆڵێکی دیاری لە ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکان هەبوو و لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا و بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان بریندار و دەسبەسەر کرابوو و تا دوو ڕۆژ بنەماڵەکەی ئاگایان لێ نەبووە، هەتا سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١، پێوەندییان لەگەڵ گیرابوو کە سەردانی نەخۆشخانەی مەهاباد بکەن، کاتێ بنەماڵەی قادربەیگ سەردانی نەخۆشخانەی مەهاباد دەکەن، سەرەتا پێیان دەوترێت کە سامان تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بووە و دواتر دەڵێن کە خۆکوژی کردووە، لەو کاتەدا سامان هەناسە دەدات و دواتریش بۆ نەخۆشخانەی تاڵەقانیی ورمێ ڕایدەگوازنەوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: پشت، سک و بەشێک لە قەفەسەی سینگی سامان قادربەیگ شین هەڵگەڕابووەوە و دەم و لووتی خوێنی لێ دەچوو و پێرسۆنێلی نەخۆشخانەش هەوڵیان بۆ چارەسەرکردنی نەدابوو.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: لە نەخۆشخانەدا کاتێ کە بە بنەماڵەکەیان وتبوو کە سامان بە حەبی برینج خۆکوژیی کردووە، ئەوان لە وڵامدا وتبوویان کە بۆچی میعدەتان نەشۆردووەتەوە و هیچکەسیش وڵامی نەدابوونەوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: پاش گەیشتنی ئەو ئامبۆلانسەی کە سامانی گواستبووەوە بۆ نەخۆشخانەی تاڵەقانیی ورمێ و وەرگرتنی لە بەشی ئۆرژانس، پاش نیو کاتژمێر بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەندراوە کە سامان گیانی لەدەست داوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: تەرمی سامان قادربەیگ گوازراوەتەوە بۆ پزیشکی دادوەریی ورمێ بەڵام پزیشکی دادوەری بە بێ توێکاری بەڵگەی بەخاکسپاردنەکەی دەر کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادرە ڕایگەیاند: لە بەڵگەی کوژرانی سامان قادربەیگدا هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی، "نەخۆشی ڕەفتاری" ڕاگەیەندراوە و بنەماڵەکەی ئەم ئیدعایەیان ڕەت کردووەتەوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: سامان قادربەیگ لە بواری جەستەیی و دەروونی سڵامەت بووە و هیچ جۆرە نەخۆشییەکی لەو چەشنەی نەبووە.

وەرگرتنەوەی تەرمی سامان قدربەیگ پاش وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو و پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی حەفتە و چلە؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: هێزە سەرکوتکەرەکان پاش ٧ کاتژمێر، بە وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو لە باوک و دایکی سامان قادربەیگ، تەرمەکەیان ڕادەستی بنەماڵەکەی کردووەتەوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادرە ڕایگەیاند: ڕێوڕەسمی پرسەی سامان قادربەیگ ڕۆژێک بوو و هێزە سەرکوتکەرەکان بە مەبەستی پێشگرتن لە بەشداریی خەڵک لە پرسەکەی ساماندا، لە بەردەم مزگەوت و ماڵەکەیاندا تەقەیان دەکرد.

ئەم سەرچاوە هەروەها وتیشی: هێزە سەرکوتکەرەکان بە هەڕەشەکردن لە بنەماڵەی قادربەیگ، پێشیان لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی حەفتە و چلەی سامان گرت.

سامان قادربەیگ؛

سامان قادربەیگ، کوڕی عەبدولکەریم و گەوهەر، لەدایکبووی ١٠ی پووشپەڕی ١٣٦٧ لە بۆکان بووە.