ئاودانان؛ ٢٨ کەس لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی سەرەڕای داخرانی دۆسییەکانیان دوابەدوای "لێبوردنی ڕێبەری"، بانگهێشتی دادسەرا کران

17:46 - 9 خەرمانان 2723

٢٨ کەس لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی لە ئاودانان، سەرەڕای ئەوەی کە دۆسییەکانیان بەپێی بەخشنامەی "لێبوردنی ڕێبەری" داخرابوون، بانگهێشتی لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئیلام کران. ئەم بەخشامەیە لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا و بۆ دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکان دەر کرابوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم ٢٨ کەسە، دەبێ ڕۆژی ١٩ی خەرمانان، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئیلام ئامادە بن. بەڵگەی دادگاکەشیان کە لە مانگی خەزەڵوەری ١٤٠١ لەلایەن دادگوستەرییەوە دەرکرابوو، لە بانگهێشتانەمەکەدا هاتووە.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە لە نێوان بانگهێشتکراواندا، جگە لە دۆسییەی ئەحمەد عەلیزادە، مامۆستای خەڵکی ئاودانان، دۆسییەی باقی خۆپیشاندەران، بەپێی بەخشنامەی لێبوردن، داخرابوو.

ئەحمەد عەلیزادە، مامۆستای بەپێشینە و چالاکی سێنفیی خەڵکی ئاودان، بە تۆمەتەکانی "بێڕێزی بە ڕێبەری حکوومەتی ئێران و بەڕێوەبردنی دەستە/ گرووپ بە مەبەستی تێکدانی تەناهیی وڵات"، بانگهێشتی لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئیلام کراوە.

پێشتر، لێژنەی سەرەتایی پێڕاگەیشتن بە لادانەکانی پەروەردەی پارێزگای ئیلام، ئەحمەد عەلیزادەی بە خانەنشێنبوونی زۆرەملێ مەحکووم کردبوو.