ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی؛ جووتیار ئەشرەف‌زادە و مەهوەش تەوەسولی، دوو هاوژینی پیرانشاری بە زیندان و چاوەدێری بە پێبەندی ئێلێکترۆنی مەحکووم کران

16:12 - 5 خەرمانان 2723

جووتیار ئەشرەف‌زادە و مەهوەش تەوەسولی، دوو هاوژینی خەڵکی پیرانشار، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە سێ ساڵ زیندانی تەعزیری و دوو ساڵ چاوەدێری بە پێبەندی ئێلێکترۆنییەوە مەحکووم کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، جووتیار ئەشرەف‌زادە بە سێ ساڵ زیندانی تەعزیری و هاوسەرەکەی مەهوەش، بە دوو ساڵ چاوەدێری بە پێبەندی ئێلێکترۆنییەوە مەحکووم کراون. تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو هاووڵاتییە، تەبانی دژی تەناهیی نەتەوەیی وڵات و پڕوپاگەندە دژی نیزام بووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار، بەنیسبەت حوکمی دادگای سەرەتایی ئەم دوو هاوژینە ناڕەزایەتیی دەربڕیوە و خوازیاری جێبەجێکرانی زۆرترین سزا بووە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی ڕەزبەری ١٤٠١، جووتیار ئەشرەف‌زادە و مەهوەش تەوەسولی، بە بێ بەڵگەی یاسایی بە هۆی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەیان بە دانانی بارمتە ئازاد کران.