وردەکاریی نوێ سەبارەت بە قەتڵی حکوومەتیی مووسا ئیسماعیلی

16:20 - 25 پووشپەڕ 2723

بەپێی وردەکارییە نوێیەکان کە لە بەڵگەی بەخاکسپاردنی مووسا ئیسماعیلیدا هاتووە بە دەستی کوردپا گەیشتووە، مووسا ئیسماعیلی دوابەدوای "زیان بەرکەوتنی مێشک و خوێنبەربوونی نێوخۆیی"، "خەساری مێشک و ئەندامانی نێوخۆیی سک"، "بەرکەوتنی بەردەوام و توندی کەرەستەیەک کە بۆی فڕێ دراوە"، تەنیا یەک ڕۆژ پاش دەسبەسەرکرانی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە، کوژراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، لە کاتێکدا کە ڕۆژی شەممە، ١٧ی پووشپەڕ، ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، دوابەدوای بانگهێشتی باوکی مووسا ئیسماعیلی پێیان ڕاگەیاندبوو کە "کوڕەکەی لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست داوە"، وردەکارییەکانی بەڵگەی ناشتنی مووسا ئیسماعیلی نیشان دەدەن کە ئەو یەک ڕۆژ پاش دەسبەسەرکران و لە ڕۆژی ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠٢دا بە هۆی "زیان بەرکەوتنی مێشک و خوێنبەربوونی نێوخۆیی"، "خەساری مێشک و  ئەندامانی نێوخۆیی سک"، "بەرکەوتنی بەردەوام و توندی کەرەستەیەک کە بۆی فڕێ دراوە"، گیانی لەدەست داوە.

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا، قەتڵی حکوومەتیی مووسا ئیسماعیلی، ڕۆژی ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠٢ ڕووی داوە و لە بەشی "زانیارییەکانی بەشی دەرکردنی بەڵگەی ناشتن" بە مۆر و واژۆی پزیشکی دادوەری بە ناوی "دوکتور پەیمان حەسەن‌پوور"، بە ژمارەی نیزام پزشکیی "٨٦٥٣٠"، لە خوارەوەی بەشی "ناشتنی تەرمەکە هیچ ڕێگرییەکی نییە، تۆمار کراوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە تاکوو ئێستا تەرمی مووسا ئیسماعیلی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە. کوردپا بە سەرنجدان بەوەی کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕۆژی ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٢بە باوکی مووسایان وتووە کە  "تەرمێک لەکاردا نییە"، ئەم ئەگەرە بەهێز دەزانێ کە ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە، پاش دەرچوونی بەڵگەی ناشتنەکەی لە ڕۆژی ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠٢دا، لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە لە شوێنێکی نادیار بە خاک سپێردرابێت.

لێکۆڵینەوەکانی کوردپا سەبارەت بە وردەکاریی بەڵگەی ناشتنی تەرمی مووسا ئیسماعیلی، نیشان دەدات کە دەرکردنی بەڵگەی ناشتنی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە، لەلایەن پزیشکی دادوەرییەوە نەبووە، بەڵکوو لەلایەن پزیشکێکی شاری پیرانشار بە ناوی "دوکتور پەیمان حەسەن‌پوور"ەوە دەرکراوە، کە وەکوو "تاکێکی حکوومەتی و هاوکاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان" لە پیرانشار ناسراو و بەناوبانگە.

شەوی یەکشەممە، ١٧ی بانەمەڕی ١٤٠٢، مووسا ئیسماعیلی، بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لە جاددەی پەسوێ_پیرانشار، لەلایەن هیزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە دەسبەسەر کرا. لێکۆڵینەوەکانی کوردپا لە وتووێژ لەگەڵ سەرچاوەگەلی ئاگاداردا نیشان دەدا کە بە ئەگەری زۆرەوە و بە سەرنجدان بە بابەتی "بەرکەوتنی بەردەوام و توندی کەرەستەیەک کە بۆی فڕێ دراوە"، لە بەڵگەی ناشتنەکەیدا، ئەم زیندانییە سیاسییە لە کاتی دەسبەسەرکراندا کرابێتە ئامانجی فیشەکی هێزە ئەمنییەتییەکان. بەڵام "زیان بەرکەوتنی مێشک و خوێنبەربوونی نێوخۆیی" وەکوو هۆکاری مەرگ نیشان دەدات کە مووسا ئیسماعیلی پاش برینداربوون و بە بێ پێڕاگەیشتنی پزیشکی، سەرەڕای خوێن لەبەر ڕۆیشتنی زۆر، کراوەتە ئامانجی ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتلاعاتی ورمێ و بە ئەگەری زۆرەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی پیرانشاردا کوژراوە چونکە بەڵگەی ناشتنەکەی لە پیرانشار دەر کراوە.

میزان، هەواڵدەریی فەرمیی هێزی دادوەری، بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک لە ڕۆژی ٢٠ی پووشپەڕی ١٤٠٢دا، وێڕای ڕەتکردنەوەی قەتڵی حکوومەتیی مووسا ئیسماعیلی لەژێر ئەشکەنجەدا لە زیندانی ورمێ، وتبووی کە مووسا ئیسماعیلی لە ڕۆژی ٢٢ی بانەمەڕی ١٤٠٢دا، لە دەرگیری لەگەڵ "هێزەکانی پارێزەری ئەمنییەت" کوژراوە. ئەمە لەحاڵێکدایە کە بەپێی وردەکارییەکانی بەڵگەی ناشتنەکەی ئەم زیندانییە سیاسییە کە لۆگۆی هێزی دادوەریی لەسەرە، ڕێکەوتی مەرگەکە، ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠٢، تۆمار کراوە.

هەروەها ناوەندەێک کە باوکی مووسای بانگهێشت کردووە و هەواڵی کوژرانی کوڕەکەی پێ داوە، ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بووە، ئەمە نیشانی دەدات کە ئەم ناوەندە بەرپرسی دەسبەسەرکردنی مووسا ئیسماعیلی بووە و یەکێک لە ناوەندە ئەمنییەتییەکانە کە لە ئێراندا ئەرکی دەسبەسەرکرانی خۆسەرانەی زیندانییانی سیاسیی لە ئەستۆیە. لەلایەکی ترەوە، لە کوردستانی ئێراندا، دەیان کۆڵبەر و هاووڵاتیی مەدەنی لە سنوورەکان و ڕێگاکاندا دەکرێنە ئامانجی تەقەی هێزە نیزامییەکان، بەڵام ڕاگەیاندنی گیانلەدەستدانیان لە ئەستۆی ناوەندە ئەمنییەتییەکاندا نەبووە، دوو مانگ کوژرانەکەی ناشاردرێتەوە و تەرمەکانیشیان لەلایەن ئەم هێزانەوە ناشاردرێتەوە.

 بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە کوردپا گەیشتوون، بنەماڵەی ئیسماعیلی، لەژێر گوشارەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکاندان تاکوو سەبارەت بە قەتڵی حکوومەتیی کوڕەکەیان بێدەنگ بن. پێشتریش هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بەم بنەماڵەیان ڕاگەیاندبوو کە ئیزنی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی پرسەیان لە مزگەوتدا نییە.

مووسا ئیسماعیلی، کوڕی محەممەدئەمین، لەدایکبووی ١٦ی سەرماوەزی ١٣٧٠ بووە، ناوبراو خێزاندار بووە و دو منداڵی کوڕی ٦ ساڵە و ٤ مانگەی هەبووە و خەڵکی گوندی پەسوێ سەر بە شاری پیرانشار بووە.

ئامادەکردن؛ ئەوین مستەفازادە