گێڕانەوەیەک لە قەتڵی حکوومەتیی مۆئمێن زەندکەریمی، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە سنە

15:01 - 9 گەلاوێژ 2723

ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی خەزەڵوەری ١٤٠١، مۆئمێن زەندکەریمی، خەڵکی گوندی "ماچکە"ی سەر بە شاری دێولان و دانیشتووی گەڕەکی "گوڵشەن"ی سنە، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا و بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان، گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا لە وتووێژ لەگەڵ کوردپادا، شێوازی قەتڵی حکوومەتیی مۆئمێن زەندکەریمی دەگێڕێتەوە.

شێوازی قەتڵی حکوومەتیی مۆئمێن زەندکەریمی لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا؛

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، مۆئمێن زەندکەریمی لە سنە سەربازی ئەرتش بووە و کاتژمێر ٢ و نیوی دوانیوەڕۆ، گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەوە و کاتژمێر ٣ و نیو بەمەبەستی کاری موسافرکێشی لە ماڵ چووەتە دەرەوە و کاتژمێر ٥ی دوانیوەڕۆ گەڕاوەتەوە و ماشینەکەی لەبەر ماڵی باوکی خۆی داناوە؛ ناڕەزایەتییەکان نزیک کاتژمێر ٥ لە شەقامی گوڵشەن دەستیان پێ کرد و مۆئمێن پەیوەست بە خۆپیشاندەرانەوە بوو و کاتژمێر ٦ی دوانیوەڕۆ، لە مەودای نزیکەوە بە فیشەکی ساچمەیی کرایە ئامانج.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: کاتێک کە مۆئمێن زەندکەریمی بە هۆی بەرکەوتنی فیشەکی ساچمەیی کەوتبوو، هێزە سەکوتکەرەکانیش بە باتوم هێرشیان کردبووە سەری.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: بنەماڵەی زەندکەریمی، نزیک کاتژمێر ٦ی دوانیوەڕۆ، ئاگاداری گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان بوونەوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: مۆئمێن زەندکەریمی، بە هۆی ئەوەی کە خوێنێکی زۆری لەبەر ڕۆیشتبوو، لە کاتی بردنی بە نەخۆشخانەی کەوسەر گیانی لەدەست دەدات و بنەماڵەکەی لە ترسی ڕفاندنی تەرمی کوڕەکەیان، دەیبەنەوە بۆ گەندەکەی خۆیان.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: شەوی گیانلەدەستدانی مۆئمێن زەندکەریمی، نەخۆشخانەکانی سنە لەلایەن هیزە سەرکوتکەرەکانەوە کەوتبوونە ژێر چاوەدێرییەوە و بنەماڵەی مۆئمنیش پاش گیانلەدەستانی کوڕەکەیان  بۆ وەرگرتنی بەڵگەی کۆچی دوایی، سەردانی نەخۆشخانەیان نەکرد.

ئەم سەرجاوەیە وتی: ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی مۆئمێن زەندکەریمی، کاتژمێر ١٠ی شەو و بە بەشداریی خەڵکی گوندی "ماچکە"، سەر بە شاری دێولان بەڕێوە چوو.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: بنەماڵەی زەندکەریمی هیچ سکاڵەیەکیان تۆمار نەکردووە و باوکی مۆئمێن، هەمان شەوی بەخاکسپاردنەکە بۆ ئەوەی کە پێش بە خۆ بەخاوەنکردنی ڕێژیم لە پرسە بگرێ لە ڤیدیۆیەکدا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی  بکوژی کوڕەکەیەتی.

بانگهێشتی چەند کەس لە بەشدارابووانی ڕێوڕەسمی حەفتەی مۆئمێن زەندکەریمی؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: لە ڕۆژی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی حەفتەی مۆئمێن زەندکەریمیدا، چەند کەس لە بەشداربووانی ئەم ڕێوڕيسمە، بانگهێشتی ئیتلاعاتی سپا کران و لە ڕۆژی چلەکەشدا، ئەو ڕێگایانەی کە دەچنەوە بۆ گوندی "ماچکە" لەلایەن هێزە ئینتیزامییەکانەوە بەستران.

مۆئمێن زەندکەریمی؛

مۆئمێن زەندکەریمی، کوڕی عوبەید و حەیات، لەدایکبوووی ٢٣ی خاکەلێوەی ١٣٨٣ بووە.