نابینابوونی چاوی چەپی پەرویز جەوانی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە کرماشان

18:15 - 7 پووشپەڕ 2723

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی ڕەزبەری ١٤٠١، پاش کوژرانی دوو هاووڵاتیی یارسان بە ناوەکانی "سینا نادری" و "ئارمین سەیادی"، بە تەقەی هێزە ئەمنییەتی-سەرکوتکەرەکان لە کرماشان، خەڵکی ناڕازی هاتنە سەر شەقام کە هێزەکانی یگانی تایبەت، بە فیشەک ڕووبەڕوویان بوونەوە.

"چاو بۆ ئازادی" کە هەواڵی پێوەندیدار بەو هاووڵاتییانەی کە لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا چاویان بریندار ببوو، بڵاو دەکاتەوە، سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژە نووسیویەتی: هیزە ئینتیزامییەکان بە سێ ماشین هێرشیان کردە سەر خەڵکی خۆپیشاندەر و چەند کەسێکیان کردە ژێرەوە و هاوکات هێزە ئەمنییەتی-سەرکوتکەرەکان  تەقەیان لە خەڵک کرد.

لە ناڕەزایەتییەکانی ٢٠ی ڕەزبەردا، پەرویز جەوانی بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان بەتوندی بریندار بوو و بینایی چاوی چەپی خۆی لەدەست دا.

یەکێک لە کەسە نزیکەکانی ئەم خۆپیشاندەرە لە وتووێژ لەگەڵ کوردپادا، شێوازی برینداربوونی ئەم هاووڵاتییە دەگێڕێتەوە.

شێوازی برینداربوونی پەرویز جەوانی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی؛

بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا، پەرویز جەوانی سەرەتا لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان بریندار بوو و لەگەڵ ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران بۆ شوێنێکی ئەمن ڕاگوێزرا و دواتر پەیوەست بووەوە بە خۆپیشاندانەکانەوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا، پەرویز هێرش دەکاتە سەر مەئموورێک کە تەقەی لە لاوێکی خۆپیشاندەر کردووە و برینداری کردووە، هێزەکانی یگانی تایبەتیش پێش لە گەیشتنی پەرویز بەم مەئموورە، تەقە لە پەرویز دەکەن و چاوی چەپی ناوبراو بەتوندی بریندار دەبێ.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: پەرویز جەوانی، پاش برینداربوونی بۆ شوێنێکی ئەمن ڕاگوێزراوە تاکوو لەلایەن هێزە ئەمنییەتی_سەرکوتکەرەکانەوە دەسبەسەر نەکرێ و دواتر بنەماڵەکەی بۆ نەخۆشخانەی ڕادەگوازنەوە.

ناسرانەوەی پەرویز جەوانی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە و ڕانەگیرانی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی کرماشان؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە لەمبارەوە ڕایگەیاند: پاش ڕاگواستنی پەرویز بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی کرماشان، پێرسۆنێلی نەخۆشخانە لە وەرگرتنی خۆیان بواردووە و بنەماڵەکەی تێگەیشتوون کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە بەدواداچوون بۆ کوڕەکەیان دەکرێ و لە ترسی دەسبەسەرکرانی دەیبەنە نەخۆشخانەیەکی دیکە.

نەشتەرگەری بۆ پەرویز جەوانی لە نەخۆشخانە و نابینابوونی چاوی چەپی؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە سەبارەت بە چارەسەرکردنی پەرویز جەوانی لە نەخۆشخانە وتی: ڕۆژێک پاش ڕاگواستنی پەرویز بۆ نەخۆشخانە، دوو جار لەلایەن پزیشکانەوە نەشتەرگەریی بۆ کرا و چاوی چەپی بەهۆی بەرکەوتنی ساچمەوە بینایی لەدەست داوە و دوو ساچمەی تر بەر کوڵم و برۆی چاوی چەپی کەوتووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە لە درێژەدا وتی: یەکێک لە ساچمەکان چووەتە نێو کەلـلەسەری پەرویز و دەرهێنانیشی مەترسیدارە و ناتوانن دەریبێنن.

هەروەها ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: ساچمەی دیکەش بەر پشت و باسکی ڕاستی پەرویز کەوتووە کە بە هۆی نزیکبوونی ساچمەکان لە دەمار، هێشتا لە لەشیدا ماونەتەوە.