گێڕانەوەیەک لە شێوازی نابینابوونی چاوی ڕاستی نێچیروان مەعرووفی لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە سەقز

19:54 - 14 جۆزەردان 2723

٢٤٠ ساڵ بەسەر کوشتن، لەسێدارەدان و کوێرکردنی خەڵکی کرمان بەدەستی ئاغامحەممەدخانی قاجاڕ تێدەپەڕێ و دەوترێ کە ٢٠ هەزار جووت چاو بە دەستی سپای قاجاڕ پێشکەشی خان کرا و گێڕانەوەکانی دیکە ئەم ڕێژەیان ٧٠ هەزار جووت ڕاگەیاندووە.

پاش ٢٤٠ ساڵ مێژوو دووپات کرایەوە و هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بە تەقەی ڕاستەوخۆ و لە مەودای نزیکەوە لە ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادیدا بوونە هۆی نابینابوونی چاوی ژمارەیەکی زۆر لە کچان، کوڕان، ژنان و پیاوانی لەم ناڕەزایەتییانەدا.

نێچیروان مەعرووفی، خەڵکی سەقز لەو قوربانییانەیە کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا بە تەقەی هێزە تایبەتەکان چاوی ڕاستی بریندار بوو و بینایی چاوی لەدەست دا.

کوردپا، شێوازی برینداربوونی ئەم هاووڵاتییە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە زاری یەکێک لە خزمەکانی ناوبراوەوە دەگێڕێتەوە.

شێوازی برینداربوونی نێچیروان مەعرووفی بە تەقەی هێزە تایبەتەکان؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا وتی: ڕۆژی یەکەمی ناڕەزایەتییان لە سەقز، پاش بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژینا_مەهسا ئەمینی، ناڕازییان بەرەو لای فەرمانداری چوون کە نێچیروان مەعرووفی لە بەردەم فەرمانداری فیشەکی ساچمەیی بەرکەوت و بریندار بوو.

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، نێچیروان مەعرووفی یەکەمین کەس بوو کە لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ئێراندا چاوی بە هۆی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان بریندار بوو.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: باوکی نێچیروان دووکانی مانتۆفرۆشیی لە سەقز هەیە و نێچیرڤانیش سەرباز بوو و بڕیار بوو کە باوکی بیباتەوە بۆ عەجەب‌شێر، کە پاش ئاگاداربوونەوەی باوکی لە برینداربوونی کوڕەکەی خۆی دەگەیەنێتە شوێنی ڕووداوەکە بەڵام پێش گەیشتن بە شوێنەکە، نێچیروان بۆ ماڵی هاووڵاتییەکی سەقزی ڕاگوێزرابوو.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: لەگەڵ گەیشتنی بنەماڵەی مەعرووفی، نێچیروان دەگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی سەقز، بەڵام بە هۆی توندیی برینەکەی چاوی ڕاستییەوە، بە ڕاوێژی پزیشکەکان بۆ نەخۆشخانەی نیکووکاریی تەورێز ڕاگوێزرابوو.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ڕایگەیاند: نێچیروان تەنیا چاوی بریندار نەبوو، بەڵکوو ڕێژەیەکی زۆر ساچمە بەر هەموو لەشی و بەتایبەتیش سەر و دەموچاوی کەوتبوو کە بووە هۆی نابینابوونی چاوی ڕاستی ناوبراو.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: نێچیروان ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠١، لە نەخۆشخانەی نیکووکاریی تەورێز نەشتەرگەریی بۆ کرا. هەرچەند پزیشکەکان هیوایان نەمابوو بەڵام بەم حاڵەشەوە تاکوو ئێستا زیاتر لە ٤ جار نەشتەرگەریی بۆ کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: نێچیروان بینایی چاوی ڕاستی خۆی لەدەست داوە و بڕیارە ٢٠ی خەرمانانی ئەمساڵ، پرۆتێزی چاوی دەسکردی بۆ ئەنجام بدرێ.

پزیشکەکان دەڵێن پاش نەشتەرگەرییەک کە بۆ هەڵکۆڵینی چاوی برینداربووان دەکرێ، پرۆتێزی چاو یا هەمان چاوی دەسکرد لە جیاتیی دادەنرێ. ئەم چاوە دەسکردە جیا لە جوانی، دەبێتە هۆی جووڵەی دروستی چاویش.