گێڕانەوەیەک لە قەتڵی حکوومەتیی سێپێهر ئەعزەمی، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە کەرەج

01:42 - 20 جۆزەردان 2723

ڕۆژی سێشەممە، ١٥ی سەرماوەزی ١٤٠١، سێپێهر ئەعزەمی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشان و دانیشتووی کەماڵشاری کەرەج، کە لە ڕێوڕەسمی چلەی حەدیس نەجەفی، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان بریندار کرابوو، لە نەخۆشخانەی مەدەنیی کەرەج گیانی لەدەست دا.

کوردپا لە وتووێژ لەگەڵ یەکێک لە کەسە نزیکەکانی ئەم هاووڵاتییە، شێوازی قەتڵی حکوومەتیی ناوبراو دەگێڕێتەوە.

شێوازی قەتڵی حکوومەتیی سێپێهر ئەعزەمی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا؛

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا، ڕۆژی ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە درێژەی ڕێوڕەسمی چلەی حەدیس نەجەفی، سێپێهر ئەعزەمی لە کۆڵانی زەفەری ١٤ی کەماڵشاری کەرەج و لە مەودای ٢ میترییەوە کراوەتە ئامانجی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان و بەتوندی بریندار بووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: زیاتر لە ٧٠ فیشەکی ساچمەیی بەر سەری سێپێهر ئەعزەمی کەتبوو و خوێن لە چاو و لووتییەوە دەهاتە دەرەوە.

ئەم سەرچاوە ئاگدارە وتی: لە ڕۆژی ڕووداوەکەدا، سێپێهر ئەعزەمی پەیام بۆ برا و خوشکەکەی دەنێرێ و دەڵێ خەڵک خەریکن تۆڵەی حەدیس دەکەنەوە؛ پاش تەقەی بەردەوامی هێزە سەرکوتکەرەکان، بنەماڵەی سێپێهر پێوەندیی لەگەڵ دەگرن بەڵام مۆبایلەکەی کوژاوەتەوە، تا دواتر کەسێک کە هەمیشە لە لای سێپێهر قژی کورت کردووەتەوە و کارتۆن خەو بووە، دایکی سێپێهر ئاگادار دەکاتەوە کە ناوبراو بریندار بووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتی: سێپێهر ئەعزەمی، پاش ٣٣ ڕۆژ خەوێندران لە بەشی چاوەدێریی تایبەتی نەخۆشخانەی مەدەنیی کەرەج، ڕۆژی سێشەممە، ١٥ی سەرماوەز گیانی لەدەست دا.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: لە بەڵگەی پزیشکی دادوەریدا، هۆکاری مەرگی سێپێهر، بەرکەوتنی فیشەک ڕاگەیەندراوە.

گوشار بۆ سەر بنەماڵەی ئەعزەمی و وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: تا دوو ڕۆژ تەرمی سێپێهر ئەعزەمی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکرایەوە و هێزە سەرکوتکەرەکان پێشیان بە بەخاکسپاردنی لە چوارباخ، شوێنی پێشووی ژیانی ئەوان، بەهەشتی سەکینە و گۆڕستانی کرماشان گرت و پاش دوو ڕۆژ، تەرمی سێپێهر بە بەشداریی هێزە ئەمنییەتییەکان و ١٠ کەس لە بنەماڵەی سێپێهر لە بەهەشتی عەلی ئەشتەهارد بە خاک سپێردرا.

ئەم سەرچاوەیە وتیشی: هێزە سەرکوتکەرەکان بەڵێننامەیان لە بنەماڵەی سێپێهر وەرگرت کە لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی و چلە خۆ ببوێرن.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها وتی: ڕێوڕەسمی حەفتەی سێپێهر، هاوکات بوو لەگەڵ ڕێوڕەسمی چلەی مێهدی حەزرەتی کە هێزە سەرکوتکەرەکان بە بەستنی دەرکەی گۆڕستانەکە، پێشیان بە بەڕێوەچوونی گرت، لەلایەکی ترەوە ڕێوڕەسمی چلەی سێپێهر هاوکات بوو لەگەڵ ڕێوڕەسمی چلەی محەممەدمێهدی کەرەمی و سەیدمحەممەد حوسێنی کە هێزە سەرکوتکەرەکان دیسانەوە پێشیان بە بەڕێوەچوونی گرت و تەنانەت دوو ڕۆژ پاش ڕێوڕەسمەکەش نەیانهێشت ڕێوڕەسمی یادی لەدایکبوونی سێپێهر لەسەر گۆڕەکەی بەرێوە بچێت.

سێپێهر ئەعزەمی؛

سێپێهر ئەعزەمی، کوڕی محەممەدڕەزا و فەریدە، لەدایکبووی ٢٥ی ڕێبەندانی ١٣٧٧ بوو و خەریکی کاری ئارایشگەری بوو.