گیانلەدەستدانی کۆڵبەرێک بە هۆی ڕاوەستانی دڵ لە سنووری نەوسوود

12:22 - 5 جۆزەردان 2723

ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی جۆزەردان، کۆڵبەرێک بە ناوی "سەلام ئیسماعیلپوور"، خەڵکی گوندی "سپی ئاو"، سەر بە شاری باینگان، بە هۆی ڕاوەستانی دڵ لە سنووری نەوسوود گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم کۆڵبەرە لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری نەوسوود تووشی ڕاوەستانی دڵ بووە.

هەروەها شەوی دووشەممە یەکی جۆزەردان، لانیکەم ٧ کۆڵبەری خەڵکی پاوە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری نەوسوود بریندار بوون.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، لە سەرەتای ساڵی ١٣٩٠ەوە تا کۆتایی ساڵی ١٤٠١، کۆی ١٩٥٦ کۆڵبەر لە کوردستانی ئێران کوژراون و بریندار کراون.