پیرانشار؛ باپیر بەرزە، زیندانیی سیاسیی پێشوو بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا

00:42 - 2 جۆزەردان 2723

باپیر بەرزە، زیندانیی سیاسیی پێشوو و خەڵکی گوندی "چیانە" سەر بە پیرانشار، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی ئەم شارە بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشار بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزا قەهرەمانی ساعەتلوو"، ئەم هاووڵاتییەی بە "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی بەشداری لە ئاڵۆزی، ئاژاوەگێڕی و هەنجارشکێنی لە ڕاستای ئامانجی گرووپە دژبەرەکانی نیزام دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی" تۆمەتبار کردووە.

دادگا، لە ڕێکەوتی ١٢ی بانەمەڕی ١٤٠٢، ئەم حوکمەی دەر کردووە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠١، باپیر بەرزە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی سێشەممە، یەکی سەرماوەزی ١٤٠١، لە سێڕێیانی پەسوێ بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و بەمەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ڕۆژی چوارشەممە ٧ی ڕەزبەری ١٤٠٠، باپیر بەرزە بە شێوەی مەرجدار لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرابوو.