سنە؛ دەسبەسەرکرانی چالاکێکی سێنفیی مامۆستایان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

22:14 - 19 بانەمەڕ 2723

ڕۆژی سێشەممە ١٩ی بانەمەڕ، فەرزاد سەفیخانپوور، مامۆستای کۆمەڵناسی و لە چالاکانی سێنفیی مامۆستایانی سنە لە ڕەوتی کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیدا، لەلایەن پۆلیسەوە دەسبەسەر کرا.

ئەم چالاکە سێنفییە لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە دۆسییەکەی سبەی چوارشەممە ٢٠ی بانەمەڕ دەنێردرێتە دادسەرا.

ڕۆژی سێشەممە، ١٩ی بانەمەڕ هێزە سەرکوتکەرەکان لە شەقامی "ئێکباتان"ی سنە، ئیزنی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بە مامۆستایان نەدا و لە شەقامی "تاڵەقانی"دا هێرشیان کردە سەر مامۆستایان و لێیان دان.

مامۆستایانی ناڕازی بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شەقامدا، دروشمگەلێک وەکوو "ژن، ژیان، ئازادی" و "مامۆستای زیندانی دەبێ ئازاد بکرێ"یان وتەوە.

مامۆستایان بەپێی ڕاگەیەندراوی شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی فەرهەنگییانی ئێران، ڕۆژی سێشەممە، ١٩ی بانەمەڕ لە ناڕەزایەتیدەربڕین بە پێڕانەگەیشتن بە داخوازییەکانیان لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان کۆبوونەوە.