برینداربوونی دوو خوشک لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە دیواندەرە

09:57 - 10 بانەمەڕ 2723

لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا، چوار هاووڵاتیی ناڕازی بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانیان لەدەست دا و ژمارەیەکیش بریندار بوون.

کوردپا شێوازی برینداربوونی دوو خوشکی خەڵکی دیواندەرە لە ڕێوڕەسمی چلەی موحسن محەممەدی و فواد قەدیمی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە زمانی یەکێک لە کەسە نزیکەکانیانەوە دەگێڕێتەوە.

کوردپا بە هۆکاری ئەمنییەتی لەم ڕاپۆرتەدا لە ئاماژەکردن بە ناوی ئەم دوو خوشکە خۆی دەبوێرێ.

شێوازی برینداربوونی ئەم دوو ناڕازییە؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە بە کوردپای وت: پاش بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی فواد قەدیمی و موحسن محەممەدی، هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ بڵاوەپێکردنی ئەو ناڕازییانەی کە دروشمی دژی حکوومەتییان دەدا، تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد. ناڕازییان لەنێو شاردا شیشەی ماشینەکانی سپایان شکاند و هێزە سەرکوتکەرەکان دەستیان بە ڕاوەدوونانی خۆپیشاندەران کرد و ئەم دوو خوشکە هاوکات لەگەڵ ناڕازییەکی دیکە بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان بریندار بوون.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: دایک و باوکی ئەم دوو خوشکە سەرەتا نەیانزانیبوو منداڵەکانیان بریندارن، دوای ئەوەی کە زانیویانە لەگەڵ هیزە سەرکوتکەرەکان دەرگیر بوون و بە بوونی خەڵک لە شوێنی دەرگیرییەکەدا هێزە سەرکوتکەرەکان نەیانتوانی ئەم دوو خوشکە دەسبەسەر بکەن.

ڕێژەی ئەو ساچمانەی کە بەر ئەم دوو خوشکە کەوتوون؛

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا، پاش ئەوەی کە ئەم دوو خوشکە گولـلەیان بەرکەوت، یەکێکیان لێوی بەتوندی بریندار بوو و بەشی سەرەوەی لێوی تووشی کێشە بوو و پێویستی بە چارەسەری هەیە و ئەوەی دیکەشیان باڵی چەپ و سینگ و دەستی بەرکەوتووە و بە ١٠ ساچمە بریندار بووە.

چارەسەری پزیشکیی ئەم دوو خوشکە لە ماڵدا بە هۆی ترس لە دەسبەسەرکران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: یەکێک لەم دوو خوشکە دوو جار نەشتەرگەریی بۆ کراوە و هێشتا چەند ساچمە لە جەستەیدا ماوەتەوە و باڵی گۆشتی زیادەی هێناوە.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: بنەماڵەی ئەم دوو خوشکە لە ترسی دەسبەسەرکران لە گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە خۆیان بواردووە و منداڵەکانیان لەلایەن پەرستاری خۆبەخشەوە لە ماڵەوە چارەسەریان بۆ وەرگیراوە.