خۆی؛ کوشتنی ژنێک بە پاساوی پارێزگاری لە "نامووس"

10:29 - 29 خاکەلێوه 2723

ژنێکی لاوی دانیشتووی گوندی "گیوەران"ی خۆی، بە پاساوی پارێزگاری لە "نامووس" بەدەستی باوک و براکانی لە گوندی "غەزاڵ ئاغا"ی خۆی کوژرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، مریەم سلێمانی، تەمەن ٢٨ ساڵ ڕۆژی هەینی ٢٥ی خاکەلێوە بەهۆی هەبوونی پێوەندی لەگەڵ کەسێک و بڵاوبوونەوەی فیلمی، بەدەستی باوک و براکانی پاش تاشینی سەری کوژراوە.

بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا، فیلمی مریەم سلێمانی لەلایەن هاوژینی ئەو کەسەوە کە مریەم لەگەڵی لە پێوەندیدا بووە بڵاو کراوەتەوە و پاش ئەم کارە و کوژرانی مریەم، ئەو ژنەش دەستی داوەتە خۆکوژییەوە بەڵام بە گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە لە مردن ڕزگاری بووە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێ؛ مریەم سلێمانی قوربانیی منداڵ _ هاوسەری بووە و لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا بۆ پیاوێک بە ناوی "مەدەنی" مارە کراوە و سێ منداڵیشی هەیە.

پویستە ئاماژە بکرێ کە هەموو ژنکوژییەکان لە ئێران و کوردستاندا بە پاساوی نامووسی ڕوو نادەن، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دۆخی خراپی ئابووری - کۆمەڵایەتی و بەرزبوونەوەی ڕێژەی توندوتیژی لە کۆمەڵگادا، قەتڵی ژنانیشی بەدوای خۆیدا هێناوە. لەلایەکی دیکەوە کوشتنی ژنان لەلایەن کەسانی نزیکی خۆیانەوە بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی پارێزراویی یاسایی بۆ بکوژ بەدواوەیە و گیان و ژیانی ژنان بۆ یاسا بایەخێکی نییە و لەلایەن بنەماڵەکانیانەوە بڕیاری بۆ دەدرێت.