زانیار توندڕەو بەبێ دەسپێڕاگەیشتن بە دەوا و دەرمان لەلایەن پۆلیسی تورکییەوە بۆ کەمپی پەنابەران لە "مۆغلا" ڕاگوێزرا

15:55 - 9 خاکەلێوه 2723

زانیار توندڕەو، یەکێک لە خۆپیشاندەرانی خەڵکی شاری پیرانشار، کە لە ڕەوتی ڕاپەڕینی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان سۆمای چاوی ڕاستی لەدەست دابوو، لەلایەن پۆلیسی یوونانەوە ڕادەستی پۆلیسی تورکیە کراوە و لە کەمپی پەناخوازن، لە دەسپێڕاگەیشتن بە دەرمان، بێبەری کراوە.

یەکێک لە نزیکانی زانیار لە وتووێژێکدا، لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: زانیار توندڕەو لەگەڵ باوکی بە بەلەمی پەناخوازەکان لە ئاوەکای یوونانەوە ویستوویەتی بۆ چارەسەری پزیشکیی چاوی بچێتە ئورووپا کە لە ڕێکەوتی ٥ی خاکەلێوەدا، بەلەمەکەیان بەهۆی لەکارکەوتنی ماتۆڕەکەی لە ئاوەکانی یووناندا دەمێنێتەوە و پاش ٢٤کاتژمێر پۆلیسی یوونان ڕادەستی پۆلیسی تورکییەیان دەکاتەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: زانیار و باوکی دواتر لەلایەن پۆلیسی تورکییەوە دەسبەسەر کراون و بۆ کەمپی پەناخوازەکان لە پارێزگای "مۆغلا"ی تورکییە ڕاگوێزراون.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها دەڵێت: زانیار توندڕەو بەهۆی دەسپێڕانەگەیشتنی بە دەرمان، لە بارودۆخێکی خراپدایە و پێویستی بە دەرمان هەیە.

پێشتر ئاژانسی کوردپا لە ڕێکەوتی ٥ی خاکەلێوە، گرتە ڤیدیۆیەکی لە زانیار توندڕەو بڵاو کردەوە کە لە ناو بەلەمی پەناخوازەکان لە ئاوەکانی یووناندا بوو.

زانیار توندڕەو، کوڕی حەمزە و خەدیجە خەڵکی پیرانشار، خەزەڵوەری ١٤٠١ لە درێژەی بزووتنەوەی ئینقلابیی ژن، ژیان، ئازادیدا بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان بینایی چاوی ڕاستی خۆی لەدەست دابوو.

ئەم لاوە ١٨ ساڵەیە لە ناوەندە دەرمانییەکانی پیرانشار، ورمێ، تەورێز و شیراز چارەسەری پزیشکیی بۆ کراو و بە هۆکاری ئەمنییەتی و گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان ناچار بە چوونەدەرەوە لە ئێران بووە.

زانیار توندڕەو لەدایکبووی یەکی خاکەلێوەی ١٣٨٤ لە پیرانشارە.