ورمێ؛ هاووڵاتییەکی کورد لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا

13:56 - 25 رەشەمه 2722

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی ڕەشەمە هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "شێرزاد ئەحمەدنژاد"، تەمەن ٤١ ساڵ کوڕی عومەر، خەڵکی بۆکان لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردپای ڕاگەیاند، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی ڕەشەمە، هێزە ئەمنییەتییەکان لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا بە بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییەیان ڕاگەیاندووە کە ناوبراو بە هۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەست داوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: شێرزاد ئەحمەدنژاد نەخۆشیی گورچیلەی هەبووە و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەری کراوە.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها وتی: شێرزاد ئەحمەدنژاد لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتی: سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٥ی ڕەشەمە، تەرمی شێرزاد ئەحمەدنژاد بە گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکان و لەژێڕ چاوەدێڕیی چڕی ئەواندا بە بوونی بنەماڵەکەی لە گۆڕستانی میراوای بۆکان بە خاک سپێردراوە.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییەیان خستووەتە ژێر گوشارەوە کە لە وتووێژ لەگەڵ میدیاکان خۆیان ببوێرن.

پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی شێرزاد ئەحمەدنژاد، هاووڵاتییانی ناڕازی لە شاری بۆکان هاتنە سەر شەقام و دژی حکوومەت دروشمیان دا.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٦ی ڕێبەندان، شێرزاد ئەحمەدنژاد لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بەمەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرا.