گەشتی ئێرشاد بە \"گرشاد\" پێشی پێگیرا

15:09 - 21 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییانی ئێرانی بە دابەزاندنی ئەپڵیکەیشنێک لەسەر مۆبایلەکانیان، ئاگاداری هاتوچۆی گەشتی ئێرشاد بەناو شەقامەکاندا دەبن.

بە پێی هەوڵەکان، ئەپڵیکەیشنی \"گرشاد\" لە ڕۆژی ڕابردووەوە کە لەناو خەڵکدا بە تایبەتی کچان و کوڕان بڵاوبووەتەوە پێشوازی باشی لێکراوە و وەک وەرگرتنەوەی بەشێک لە مافی تاکەکەسی هاووڵاتییان پێناسە کراوە.

\"29514.jpg\"
نەرمەئامێری گرشاد
لەناو ئەو نەرمەئامێرەدا، شوێنی گەشتی ئێرشاد لەناو شەقام و کۆڵانی شارەکانی ئێران بە پشتبەستن بە دوا زانیاری لەسەر ئەو شوێنانە دەستنیشان کراون.

نەرمەئامێری \"گرشاد\" لەلایەن گرووپێکی نەناسراو پێکهاتووە و ئامانج لەو نەرمەئامێرە \"بەرخۆدانی کردەکی لە هەمبەر بێ عەداڵەتی\"یە.

گەشتی ئێرشاد یان پۆلیسی ئەخلاقی، چەشنێک کونتڕۆڵکردن و لەژێرچاوەدێرگرتنی خەڵکی ئێران بە تایبەتی ژنان و کچان دێتەئەژمار کە لە لایەن هێزی ئینتیزامی حکوومەتیی ئێسلامیی ئێران و بە پاڵپشتی عەلی خامنەیی، ڕێبەری حکوومەتیی ئیسلامیی ئێران دامەزراوە.

هەتا ئێستا هێزی ئینتیزامی یان پولیسی \"فتا\" سەبارەت بە \"گرشاد\" کە کورتکراوەی \" گشت ارشاد\"ـە هەڵوێستی نەبووە.

سەبارەت بەو \"گرشاد\"ە، ئێتر ئەو هاووڵاتییانەی کە نایانهەوێت تووشی گەشتی ئێرشاد بن دەتوانن بە دابەزاندنی نەرمەئامێرەکە لەسەر  \"سیستم عامل اندروید\"، خۆیان لە پۆلیسی ئەخلاقی قوتار بکەن.

هەرچەند ئەوە بۆ یەکەمجارە کە ئەو جۆرە ئەپڵیکەیشنە لە ئێراندا بەکار دێت بەڵام لە وڵاتانی دیکە کەڵک لەهاوچەشنەکانی وەگیراوە.

گەشتی ئێرشاد لە ساڵی ١٣٩٢، لانیکەم ٣ میلیۆن کەسی لەبواری \" رعایت شئونات اسلامی\" دەنگ داوە.