ئەگەری ئێعدام کرانی ٤ زیندانیی مەزهەبیی کورد لە زیندانی قزلحەسار

16:23 - 21 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: ٤ زیندانیی مەزهەبیی کوردی خەڵکی شاری سنە کەلە زیندانی قزلحاساری کەرەج‌دا راگیراون، مەترسیی ئێعدام کرانیان لە سەرە.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حوکمی ئێعدامی ٤ زیندانیی مەزهەبیی کورد بەناوەکانی \"حامید ئەحمەدی تەمەن ٣٢ ساڵ و کوڕی حەبیبوڵڵا، جەمشید و جهیانگیر دێهقانی (برا) ٢٨ و ٢٧ ساڵ و کوڕی خوا رەحم، کەماڵ مەڵایی ٢٩ ساڵ\" لە بەرە بەری جێبەجێ کران دایە.

یەکێک لە زیندانیانی قزلحەسار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، پەروەندەی ئەو ٤ زیندانییە لە کاتێکدا کە کێمایی هەبووە و دەبوا سەرلە نوێ دادگایی بکرایەنەوە، بەڵام حوکمەکەیان رێکەوتی ٢٢ی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتی ئێرانەوە پشتڕاست کراوەتەوە و هەنووکە لە بەشی جێبەجێ کردنی حوکمەکانی لقی ١ی دادگای \"موقەدەس\"ی تاران لە بەرەبەری جێبەجی کران دایە.

ئەو ٤ زیندانییە کوردە ساڵی ١٣٨٨ دەستبەسەر بۆ ماوەی ١٠ مانگ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە لە ژێر ئەشکەنجەدا بوون و دواتر لە ٢٣ی رێبەندانی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاویدا لەلایەن لقی ٢٨ دادگای ئینقلابی تارانەوە بە بێ هەبوونی پارێزەر و لە دادگایەکی چەند خولەکی‌دا، بە ئێعدام مەحکووم کران.

هەر لەو پەیوەندییەدا کۆمیتەی مافی مرۆڤی کەناڵی جیهانیی \"کەلیمە\" لە بەیاننامەیەکدا حوکمی ئێعدامی ئەو چالاکە مەزهەبییانەی بە نایاسایی لە قەڵەم داوە و وێڕای مەحکووم کردنی ئەو هەڵوێستەی دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، داوای لە سەرجەم ناوەند و رێکخراوە نێونەتەوەیییەکانی مافی مرۆڤ کردووە هەرچی زووتر هەوڵەکانیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو حوکمانە بخەنە گەڕ.

هەنووکە ٢٦ کەس لە زیندانیانی مەزهەبیی کورد لە دوو زیندانی قزلحەسار و رەجایی شاری کەرەج بەناوەکانی \" حامید ئەحمەدی، جەمشید و جهیانگیر دێقانی (برا)، کەماڵ مەلایی، سەدیق محەممەدی، سەید هادی حوسێنی، شەهرام ئەحمەدی، محەممەد یاوەر رەحیمی، بەهمەن رەحیمی، موختار رەحیمی، محەممەد غەریبی، ئومید پەیوەند، ئەحمەد نەسیری، کاوە وەیسی، کاوە شەریفی، تالب مەلەکی، فەرزاد شا نەزەری، بێهرووز شا نەزەری، ئیدریس نێعمەتی، رەحمان سەناگانی، جەماڵ سەید مووسەوی\" و چەند کەسێکی دیکە کە هەتا ئێستا ناوەکانیان رانەگەیەندراوە، حوکمی ئێعدامیان بۆ براوەیەوە و چاوەڕێی بەرێوەچوونی ئەو حوکمە دەکەن.