ئەکتەرێکی "هۆلیڤوود"ی ئامریکا و بەهمەن قوبادی سەردانی "هەڵەبجە"یان کرد

15:57 - 20 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: ژنە ئەکتەرێکی ناسراوی ئامریکایی هاوڕێ لەگەڵ \"بەهمەن قوبادی\" سەردانی شارەکانی \"هەڵەبجە و کەرکووک\"یان کرد و بڕیارە \" لێژنەی نێودەوڵەتی دژە مین\" پێک بێنن.

\"شارۆن ستۆن\" ژنە ئەکتەری ناسراوی ئامریکایی بە هاوڕێیەتی بەهمەن قوبادی دەرهێنەری بەناوبانگی کورد سەردانی شارەکانی هەڵەبجە و کەرکووکیان کرد و چاویان بە زۆربەی شوێنەکانی ئەو دوو شارە کوردنشینە کەوت.

شارۆن ستۆن چەند ساڵ پێش ئێستا بۆ ماوەی چەند ڕۆژ لە شاری تاران میوانی سینەماكاری كورد بەهمەن قوبادی بوو. ئەم دوو هونەرمەندە و بە هاوکاریی ٦ كەسایەتی دیكە \" لێژنەی نێودەوڵەتی دژە مین\" پێكدێنن و تاكوو ئێستاش لە چەندین كۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی دژە مین لە ئاستی جیهاندا بەشداریان كردووە.

بەهمەن قوبادی هەنووکە سەرقاڵی دروست کردنی پڕۆژەیەكی نوێیە كە لە شارەكانی بەغداد و نیۆیۆڕک و بەشێكیشی لە شاری هەڵەبجە وێنە دەگیرێت.

شارۆن ستۆن ساڵی ٢٠٠٧ لە میانەی یەكەمین خولی فیستیڤاڵی سینەمای حەقیقەت \"سینەما وێریتێ\" دا فیلمی \"كیسەڵەكانیش دەفڕن\" لە دەرهێنانی بەهمەن قوبادیی بە هۆگرانی سینەما ناساند و فیلمەكە بە ئامادەبوونی پاشا و بنەماڵەی سەڵتەنەتی و ژمارەیەكی زۆر لە پەیامنێرانی جیهان لەشاری \"مۆناكۆ\"ی وڵاتی فەڕەنسا نمایشكرا.

شارۆن ستۆن ڕۆژی ١٠ی مارسی ١٩٥٨ لە شاری میدویل پێنسیلوانیای وڵاتی ئەمەریكا لە دایک بووە و بۆ یەكەمین جار لە فیلمی سینەمایی \"بیرەوەرییەكانی خۆش خەیاڵی\"ـدا لە دەرهێنانی سینەماكاری ناوداری جیهان \"ۆودی ئالێن\" لە ساڵی ١٩٨٠ ڕۆڵی بینی و لە دواییدا لە كۆمەڵێک فیلمی دیكەدا وەكوو ئەكتەر ڕۆڵی گێــڕاوە.

ئەم ئەكتەرە زیاتر بە بۆنەی رۆڵ بینین لە فیلمی سینەمایی \"غەریزەی سەرەكی\" لە ساڵی ١٩٩٢ لە دەرهێنانی مایكێڵ كیتۆن ناسراو و بووە یەكێک لە ئەستێرەكانی هۆلیڤوود.

شارۆن ستۆن تا ئێستا لە دەیان فیلمدا هونەری خۆی نواندووە و لە فیستیڤاڵی جۆراوجۆرکان لە ئاستی جیهاندا خەڵاتی گرینگ و بەنرخی بەدەستهێناوە.