ئەندامێکی سپای پاسداران لە ورمێ کوژرا

14:44 - 22 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە ئەندامانی خۆجێی سپای پاسداران لە شاری ورمێ لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە کوژرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارێی رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٠ی گەلاوێژ، بەشێک لە ئەندامانی خۆجێی سپای پاسدران لە گوندی \"نوێ\" سەر بە ناوچەی مرگەوەڕ، کەوتنە بۆسەی چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە و یەکێک لە ئەندامانی سپای پاسداران کوژرا .

هەواڵنێری کوردپا، شووناسی ئەو ئەندامە کوژراوەی سپای پاسدارانی بە ناوی\" تیجر موزدگیر\" کوڕی خالید لە گوندی \"ئەنبێ\" سەر بە ناوچەی تەەرگەوەڕ راگەیاندووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادرا لەو بارەیەوە بەهەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو ئەندامە خۆجێیەی سپای پاسداران لە کاتی گەڕان و پشکنین لە ناوچەی مرگەوەڕ کوژراوە.

دەوترێ، تیجر یەکیک لە ئەندامە کۆنەکانی سپای پاسداران لە کوردستان بووە.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، تێکهەڵچوون لە نێوان هێزەکانی سپای پاسداران و هێزە چەکدارەکانی سەر بە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئوپۆزسیونی حکوومەتی ئیسلامی رووی داوە.

هەتا ئێستا، ئۆرگانەکانی سەر بە سپای پاسداران هیچ هەڵوێستێکیان لە خۆیان لە مەڕ ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونە لە کوردستان نیشان نەداوە.

بە هۆی ئەمنیەتی بوونی بارودۆخی کوردستانی ئێران شووناسی ئەو هێزە چەکدارانە و شێوەی چالاکیان لەو ناوچانەدا بە ناڕوونی ماوەتەوە.