ئەندامێکی دیکەی شۆرای شاری کرماشان دەستبەسەر کرا

14:19 - 15 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: دووەمین کەس لە ئەندامانی شۆرای ئیسلامیی شاری کرماشان، لەلایەن مەئموورانی ئەمنیەتییەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە کرماشان، بڕیاری دەستبەسەرکرانی ئەندامێکی شۆرای شاری کرماشانی دەرکرد.

ئەوە دووەمین ئەندامی شۆرای شاری کرماشانە، کە لە ماوەی دوو حەفتەی رابردوودا دەستبەسەر دەکرێت.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، کە ئەو ئەندامەی شۆرای شار بە هۆی ئەوەیکە دوو پیشەی جیاوازی هەبووە، دەستبەسەر کراوە.

پرسی ئەوەیکە دوو کەس لە ئەندامانی شۆرای شاری کرماشان بە دوو پیشەی جیا لە یەکەوە سەرقاڵن، لە مانگی رەزبەری ئەمساڵدا هاتە گۆڕێ.

بەپێی یاسا، سەرقاڵ بوونی ئەندامانی شۆرای شار بە دوو پیشەی جیاجیاوە، بە سەرپێچی کردن لە یاسا ئەژمار دەکرێت.

\"25162.jpg\"
ئەندامانی شۆرای شار و سەرپەرستی شارەوانی


پێشتریش یەکێک لە ئەندامانی دەستبەسەرکراوی شۆرای شاری کرماشان بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو.

کێشە و گرفتەکانی شۆرا و شارەوانیی کرماشان لە ماوەی چەند حەفتەی رابردوودا گەیشتوونەتە ئەوپەڕی خۆی و لەو بارەیەوە ماوەیەک پێش ئێستا، شارەوانیی ئەو شارە دەستی لەکار کێشابوویەوەو هەنووکە شارەوانیی کرماشان بە شێوەی سەرپەرستی بەڕێوە دەچێت.

شۆرای شاری کرماشان لە ١٥ ئەندام پێکهاتووە.

بەپێی سەرژمێریی ساڵی ١٣٩٠، کرماشان زیاتر لە ٨٥٠ هەزار کەسی تێدا دەژین، کە بە نۆیەمین گەورەشاری پڕ حەشیمەتی ئێران و گەورەترین شاری کوردنشینی ئەو وڵاتە ئەژمار دەکرێت.