ئەندامی حیزبێکی کوردستانی ئێران لەشەڕی دژی داعشدا گیانی لەدەست دا

18:12 - 10 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی خەڵکی کوردستانی ئێران لە شەڕ لەگەڵ چەکدارانی داعشدا لەئوستانی نەینەوای عێراق گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کورپا، لەئەنجامی شەڕ و تێکهەڵچوونی پێشمەرگەکانی کورد لەناوچەکانی باشووری شاری مووسڵ لەگەڵ گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی، پێشمەرگەیەکی پارتی ئازادیی کوردستان کۆتایی بە ژیانی هات.

پارتی ئازادی کوردستان(پاک) بە یەکێک لەئۆپۆزیسیۆنەکانی حکوومەتی ئێران دێتە ئەژمار و لەهەرێمی کوردستان بنکەی هەیە.

شوناسی ئەو پێشمەرگەیە محەممەد محەممەدپوور ناسراو بە \" ئەهوورا موکریانی\" و خەڵکی شاری بۆکان راگەیەندراوە.
\"28526.jpg\"
ئەهوورا موکریانی ئەندامی ستادی فەرماندەیی پێشمەرگەکانی \"پاک\" بووە.

پێشتریش لەرەشەممەی ساڵی رابردوودا  سێ ئەندامی دیکەی پارتی ئازادیی کوردستان بە ناوەکانی دیاکۆ رەحیمی، زانکۆ کامیارانی و هێرش سەقزی لەشەڕی داعشدا گیانیان لەدەست دابوو.

بە گیان لەدەست دانی ئەهوورا، ژمارەی گیان لەدەست داوانی ئەندامەکانی پارتی ئازادی کوردستان لە ماوەی ١٥ مانگی رابردووە هەتا ئیستا لەشەری دژی داعشدا گەیشتووەتە ٥ کەس.

لەسەرەتای هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران لەسەر داوای حکوومەتی هەرێم هێزییان بۆ باشووری رۆژئاوای هەولێر رەوانە کرد کە دواتر لەسەر فشاری ئێران کشاندیانەوە.

لەحاڵی حازردا بێجگە لەپارتی ئازادی کوردستان و ئەندامانی پەکەکە لقی کوردستانی ئێران، هیچ هێز و لایەنێکی دیکەی کوردستانی ئێران پێشمەرگەی لە بەرەکانی شەری داعش نیە.