كەمیی ئاوی زەریاچەی ورمێ‌و نابووتیی ماكۆ، قەرەزیائەدین و پولدەشت

16:30 - 10 پووشپەڕ 2712
كوردپا: ساڵانێكی زۆرە زەریاچەی ورمێ رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو مەرگی یەكجارەكی دەڕوات و ناوەندە بەرپرسیارەكان كە خۆیان پێكهێنەری ئەو دۆخەن، ئێستا دەیانەوێ‌بە پچڕانی ئاوی رووبارەكانی سێ‌شاری ماكۆ، پولدەشت و قەرەزیائەدین، ئاوی ئەو زەریاچەیە دابین بكەن.
\"5050.jpg\"
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، دەوڵەتی ئێران پاش هێنانە ئارای چەندین گەڵاڵە بە مەبەستی چارەسەریی كەمیی ئاوی زەریاچەی ورمێ‌لە رێگای گواستنەوەی ئاو بۆ ئەو زەریاچەیە، ئێستا دەیهەوێ‌بۆ دابین كردنی ئەو ئاوە لە رێگای كاناڵێكەوە تەواوی ئاوی رووبارەكانی سێ‌شاری ماكۆ، پولدەشت و قەرەزیائەدین بكێشێتەوە بۆ زەریاچەی ورمێ‌كە ئەو سێ‌شارە لەگەڵ كەمیی ئاو بەرەوڕوو دەبنەوە.
\"5052.jpg\"
دەوڵەتی ئێران لە ساڵانی رابردوودا سەرەتا بە هێنانە گۆڕی گەڵاڵەگەی وەكوو گواستنەوەی ئاو لە زەریاچەی خەزەر و دواتر هێنانی ئاو لە رووباری ئەرەس بە تەمای چارەسەریی قەیەرانی كەم ئاویی زەریاچەی ورمێ‌بووە، كە هەتا ئێستا هیچكام لەو گەڵاڵانە جێگایان نەگرتووە.

بەپێی هەمان هەواڵ لێپرسراوانی حكوومەت لە ورمێ‌بەىێ لەبەرچاو گرتنی رای كارناسانی دەرەكی دیسان دەیانهەوێ‌كارساتێكی دیكەی ژینگەیی و سروشتی بخوڵقێنن كە ئەم جارەیان لە ماكۆ و لە رێگای لێدانی كاناڵەوە ئاو بۆ زەریاچەی ورمێ‌بگوازنەوە.
\"5049.jpg\"
بە وتەی خەڵكی ئەو ناوچەیە، سەیر لەوە دایە كە لەم گەڵاڵە نابەجێیەدا تەواوی ئاوی رووبارەكانی سێ‌شاری ماكۆ، پولدەشت و قەرەزیائەدین بۆ ئەو كاناڵە دەگوازرێنەوە، هەتا بە قەولی ئەندازیاران رووباری ئەرەس كە دەڕژێتە زەریاچەی خەزەرەوە، تووشی كەم ئاوی نەبێت.

لە درێژەی ئەم هەواڵەدا هاتووە كە دەشت و بیابانەكانی پولدەشت كە ساڵانێكی زۆرە بەهۆی نەبوونی ئاو روویان لە نابووتی كردووە، دەوڵەت هیچ گەڵاڵەیەكی بۆ پێشگیری وشك بوونی لە باخ و مەزراكانی ئەو ناوچەیە ئەنجام نەداوە و ئێستا ئەو ناوچەیە تووشی لەناوچوونی خاك بووە و ئەنجامەكەشی زیادبوونی بیابانە.
\"5051.jpg\"
ئەمە لە حاڵێك دایە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات زۆر سەرچاوەی ئاوی هەیە و بۆ گواستنەوەی ئەو سەرچاوە ئاوییانە بۆ زەریاچەی ورمێ‌هیچ هەوڵێك نەدراوە و دەیهەوێ‌ئاوی ناوچە كوردنشینەكانی دیكە كە خۆیان لەگەڵ گرفتی كەمیی ئاو بەرەڕوون، بۆ زەریاچەی ورمێ‌بگوازێتەوە كە بە وتەی خەڵكی ماكۆ، پولدەشت و قەرەزئادین بە جێبەجێ‌كردنی ئەو گەڵاڵەیە وەرزێڕی و ئاژەڵداریی لەو شارانە لەناو دەچێت.
\"5048.jpg\"
ماوەی چەند ساڵێكە زەریاچەی ورمێ‌كە گەورەترین زەریاچەی ئاوی سووری ئێرانە، ئاوەكەی بە تەواوەتی كەمی كردووە و بە وتەی كارناسان بەرەو نابووتی دەڕوات و ئەمەش خەڵكی ئەو ناوچەیەی تووشی نیگەرانی كردووە، چونكە بەرەنجامە سرووشتییەكانی وشك بوونی ئەو زەریاچەیە ناوچەكە تووشی گرفتی زیاتر دەكات.