كەمپەینێك بۆ بەرگری لە زمانی كوردی رێك خرا

16:53 - 30 خەرمانان 2712
ئاژانسی كوردپا: پاش وتووێژ و دانیشتنی هێندێ‌ لە نووسەرانی هەر چوار بەشی كوردستان ، بە واژۆی هەشتا كەس لە مامۆستایانی زمانی كوردی و رووناكبیران، كەمپەینی \"یەكیەتیی زمانی كوردی\" بە مەبەستی هاوئاهەنگی لە نێوان زاراوەكانی زمانی كوردی چالاكیی خۆی دەست پێكرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، دوكتۆر \"زەردەشت حاجۆ\" یەكێك دامەزرێنەرانی ئەم كەمپەینە بە هەواڵنێری كوردپای راگەیاند، كۆمیتەی یەكیەتیی زمانی كوردی، كەمپەینێكی بۆ بەرگری و پشتیوانی لە زاراوەكانی زمانی كوردی پێكهێناوە.

دوكتۆر حاجۆ لە درێژەدا وتی: كەمپەینی یەكیەتیی زمانی كوردی، لە پێوەندی لەگەڵ یەكیەتی و هاوئاهەنگیی نێوان زاراوەكان بەیاننامەیەكی بڵاو كردۆتەوە كە ناوەرۆكەكەی باس لە بەرفرەهیی زاراوەكانی زمانی كوردی و چەند رێنووسی بۆ ئەم زمانە دەكات.

بەپێی هەمان راپۆرت چالاكیی ئەم كەمپەینە، زیاتر لەراستای كەمڕەنگ كردنەوەی كاریگەریی ئەو \"كردەوە تێكدەرانە\" دایە كە هێندێك لە نووسەرانی كورد بە هێرش بۆ سەر زاراوەكانی دیكە، هاوپێوەندیی نێوان كوردان خەوشدار دەكەن.

كەمپەینی \"یەكیەتیی زمانی كوردی\" لەم پێوەندییەدا رایگەیاندووە: \"شۆڤینیزمی زاراوەیەك دەتوانێ‌ نزیكایەتی و یەكگرتنی زاراوەكانی دیكە دژوارتر بكات\".

بە وتەی دەستەی هاوئاهەنگیی ئەم كەمپەینە، \"لە مانگەكانی دواییدا هێندێ‌ لە نووسەرانی كورد، هێرشێكی توند و بەدوور لە رەوشتیان كردۆتە سەر رێنووسی لاتینی و كە ئەم كارە بۆتە هۆی ئەوەی كە هێندێ‌ لە هەلپەرستان و دوژمنانی نەتەوەی كورد پێی شاگەشكە بن و، چونكە كوردان نابێ‌ بێ‌ رێزی بە فەرهەنگی خۆیان بكەن\".

لە درێژەی بەیاننامەی كەمپەینی \"یەكیەتیی بۆ زمانی كوردی\"دا هاتووە: \"نابێ‌ ئەوە لەبیر بكەین كە ئەوە بەرفەرهیی زاراوەكانە كە ئەو پتەوی و قایمیەی ئێستای بە زمان بەخشیوە و زۆری زمانی دیكە لە رەوتی مێژوودا هاوشانی زمانی كوردی بوون كە هیچ ئاسەوارێكیان لێ نەماوەتەوە، كە وایە دەبێ‌ پێگە و گەورەیی زمانی كوردی بپارێزین\".

كومیتەی یەكیەتیی زمانی كوردی لە پێوەندی لەگەڵ رێكخستنی ئەم كەمپەینەدا بە ئاژانسی كوردپتای وتووە: \"لە دوو ساڵی رابردوودا هەنگاوگەی ئەرێنی بۆ زمانی كوردی هەڵهێنراوەتەوە و نموونەی بەرچاوی ئەم كارە گرینگەش دوو كۆنفرانسی زمانی كوردی لە \"ئامەد\" و \"هەولێر\" بوون كە نابێ‌ چالاكییەكانیان بە هێند وەرنەگرین\".

ئەو كەمپەینە ئەوەشی ئاشكرا كردووە: چەند رۆژ لەمەوپێش بەیاننامەیەك لەلایەن چەند كەس لە نووسەرانی توندڕەو و شۆڤینیزمی زاراوەییەوە بڵاو كرایەوە، كە پێداگری لەسەر زاراوەیەكی تایبەت كرابوو و كە دەبێ‌ رابگەیەنین، ئەم كارانە لە چوارچێوەی بەر1ەوەندیی كورداندا جێگایان نابێتەوە و بەدژی یەكتر هانیان دەدات.

ئەو كەمپەینە رایگەیاندووە، لە كۆتایی هەر دوو كۆنفرانسی \"هەولێر و ئامەد\"دا كە ساڵاننی 2011 و 2012 بەڕێوە چوون، هاتووە: دەبێ‌ لە رێگای زانستی و عەقڵانییەوە، بە مەبەستی یەكگرتن و یەكیەتی نێوان زاراوەكانی زمانی كوردی هەنگاو هەڵبگیرێت و هە رهەموو 400 نووسەری حازر لەو كرنفرانسە داكۆكییان لەسەر دەست نیشان كردنی زمانێكی نەرم و لۆژیكی لە وتووێژ و مشتومڕە زمانییەكان كردووە.

\"7066.jpg\"
ئەم كەمپەینە هەتا رێكەوتی 10ی مانگی رەزبەری ساڵی 1391ی هەتاوی ( یەكەمی مانگی ئۆكتۆبری 2012ی زایینی) درێژەی دەبێت و سەنجی نووسەران و مامۆستایانی زمانی كوردی بۆ لای خۆی رادەكێشێ‌.

هێندێك لەو نووسەرانەی كەلە دەستی هاوئاهەنگیی ئەم كەمپەینەدا چالاكن بریتیتن لە : دوكتۆر ئەفراسیاب شكووفە، دوكتۆر ئامەد تگریس، دوكتۆر زەردەشت حاجۆ، ئازاد كوردی، چیا مازی، دوكتۆر فەلات دڵگەش، فۆرات دنگزی ، حەسەن سلیوانی و روودی زنار.

لە داهاتوودا و لە ئەگەری گەیشتنی هەواڵ و راپۆرتی پوختە لەم پێوەنددیە ئاژانسی كوردپا خوێنەر و بەردەنگانی لێ‌ ئاگادار دەكاتەوە.