ئەفسانە بایەزیدی جارێکی‌تر دەستبەسەر کرایەوە

15:47 - 18 رەزبەر 2715
ئاژانسی کوردپا: ئەفسانە بایەزیدی، کچە خوێندکاری خەڵکی شاری بۆکان لە لایەن هێزەکانی سەر بە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران، لە بۆکان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەر، هێزە ئەمنیەکان ڕژاونەتە ماڵی ئەفسانە بایەزیدی و بۆ چەندەمین جار ناوبراویان دەستبەسەر کردووەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێریی کوردپای ڕاگەیاندووە، سێ کەس کە سەر بە ئیتلاعاتی سوپای شاری بۆکان بوون چوونەتە ماڵی باوکی ئەفسانە و ئەو کچە کوردەیان لە گەڵ خۆیان بردووە.

هاوکات لەگەڵ دەستبەسەر کردنی ئەو کچە خوێندکارە، دەست بەسەر سەرجەم کەلوپەلی شەخسی و کامپیۆتێری ئەفسانەدا گیراوە.

\"28785.jpg\"
ئەفسانە بایەزیدی
دەگوترێت هێزەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سوپا، چەندین کتێبی ئەو چالاکە مەدەنیەشیان زەوت کردووە.

هەتا بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە، زانیارییەک لە هۆکاری گرتن و شوێنی ڕاگیرانی ئەفسانە بایەزیدی لەبەردەستدا نیە.

ئەفسانە بایەزیدی تەمەن ٣٠ ساڵ ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٣ ی هەتاوی، لە شاری بۆکان لە گەڵ براکەی دەستبەسەر کرا و پاشان لەسەر بڕیاری ناوەندە ئەمنیەکان لە زانکۆی پەیامی نووری مەراغە دەرکرا.

ئەو کچە خوێندکارە پێشتریش ساڵی ١٣٩٢، دەستبەسەر کرابوو و دواتر لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە حوکمی ٢ ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراوی بۆ بڕایەوە و بۆ درێژەدان بە خوێندن لە زانکۆی پەیام‌نووری بۆکانەوە بۆ زانکۆی پەیام‌نووری شاری مەراغە دوور خرابوویەوە.

\"شاهۆ بایەزیدی\" برای ئەفسانەش، بە ٦ مانگ زیندان حوکم درابوو.

بایەزیدی بۆ جاری دووهەم کە دەستبەسەر کرا، پاش سێ مانگ لە تێپەڕینی دەستبەسەر کرانی، لە خەرمانانی ٩٣دا بۆ ماوەی ١٩ ڕۆژ لە زیندانی بۆکان مانی لە خواردن گرت.