ئەحمەد شەهید: کپ کردنی دەنگی رۆژنامەنووسان نیشانەی لاوازی مافی مرۆڤ لەئێرانە

15:18 - 17 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤی ئێران لەبەیاننامەیەکدا نیگەرانی خۆی لەسەر دۆخی کپ کردنی دەنگی رۆژنامەنووسان و چالاکانی مافی مرۆڤ دەربڕیوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەحمەد شەهید لەژنێڤ لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە لە ئێران دەستبەسەر کردنی خۆسەرانە و زیندانی کردنی رۆژنامەنووسان و چالاکانی مافی مرۆڤ بەڕێوە دەچێت.

لە بەیاننامەکەدا باس لەوە کراوە بێدەنگ کردنی ئەو کەسە رەخنەگرانە جێگای قبوول و پاساو هەڵگر نیە و ئەو پرسە خەساری بەرچاو بە بیرورای گشتی دەگەیەنێ و لەلایەکی دیکەوە نیشانەی لاوازی مافی مرۆڤ لەئێران دایە.

ئەحمەد شەهیدا باسی لەوەش کردووە، لەئێران دەستەواژەی پڕوپاگەندە بە دژی نیزام، هەڕەشە لەئەمنیەتی میللی و سووکایەتی بە دەسەڵاتداران وەکوو تۆمەت دەخرێتە پاڵ رۆژنامەنوسان و چالاکانی مافی مرۆڤ و ئەو کردەوانەش لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان یەک ناگرێتەوە.

ئەو رێپۆرتێرە لەراپۆرتەکانی پێشووشیدا باسی لەرۆژنامەنووسانی ئێرانی کردبوو و رایگەیاندبوو، زیاتر لە ٣٥ رۆژنامەنووسی سەربە نەتەوە جیاجیاکانی ئێران لە زیندانەکانی ئەو وڵاتەدان و حوکمی زیندانیی درێژماوەیان بۆ بڕاوەتەوە، کە برایانی کوردپوور و عەندنان حەسەن‌پوور لە ریزی ئەو رۆژنامەنووسە کوردە زیندانی کراوانەدان.

ئەحمەد شەهید هەتا ئێستا دوو جاریش ئاماژەی بە خوێندن بە زمانی زگماکی و جێبەجێ کردنی بەندی ١٥ی یاسای بنەڕەتیی وڵاتی ئێران کردووە.

مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ شۆرای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، مەئمورییەتی رێپۆرتێری تایبەتیی ئەو رێکخراوەی بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران بۆ ماوەی یەک ساڵی دیکە درێژ کردەوە.

لە کۆبوونەوەی شۆرای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ، ٢٠ دەنگی ئەرێ و ١١ دەنگی نەخێر و ١٦ دەنگی بێ لایەن بەو درێژ کردنەوەیە درابوو.

ئێران یەک لەو وڵاتانە بوو کە دژی درێژ کردنەوەی مەئمووریەتی ئەحمەد شەهید بوو.

ئەوە چوارەمین ساڵی یەک لەدوای یەکە، کە ماوەی مەئمووریەتی ئەحمەد شەهید بۆ پێڕاگەیشتن بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا، درێژ دەکرێتەوە.