ئێمە هێشتا دێمۆكراسیمان ئەزموون نەكردووە
13:28 - 24 سەرماوەز 2711
رەوت و قۆناغەكانی رۆشنبیری لە بەستێنی ئەدەبی كوردستانی ئێراندا
دیمانەی تایبەتیی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە لەگەڵ نووسهر و وەرگێڕ هادی محەممەدی
كوردپا: كاك هادی ئێمە دەمانهەوێ لێرەدا لەسەر تەوەرێكی گرینگ كە ئەویش كاری رۆشنبیرییە، لەنێو كۆمەڵگای نەریتیی كوردستانی ئێراندا قسه بکهین، ئەگەر بمانهەوێ هەر رەوت و بزاوتێكی فكری و رۆشنبیری لەهەر كۆمەڵگایەك شرۆڤە بكەین پێویستە سەرەتا بۆ مێژووەكەی و ئەو بەستێنە كۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهەنگیانە و هەروەها ئەو پێویستیانە بگەڕێنەوە كە ئەو رەوتانەی لەسەر بنیات نراوە، ئاخۆ بەڕای جەنابت بزاڤی رۆشنبیری له كوردستانی ئێران چۆن فۆرمی گرتووە و سەریهەڵداوە؟ پێت وایە ئەو بزاوتە لەو ناوچهیه هەیە یان نا؟
هادی محەممەدی: من پێم وایە بزاڤی رۆشنبیریی كوردستانی رۆژهەڵات رەنگە بكرێ بڵێین دوو دەیەیە سەریهەڵداوە لە پێشدا ئێمە زیاتر بزاڤی سیاسی و چەكدارانەی حیزبەكانمان هەبووە، بەڵام تەقریبەن لە دوو دەیەی پێشووەوە بزاڤی رۆشنبیری سەریهەڵداوە و ئەویش بە بوونیچاپەمەنی و گۆڤار و رۆژنامەكان، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ هۆكارەكانی من پێم وایە یەكێك لە هۆكارە بنەڕەتییەكانی ئەوەی كە بۆ نموونە ئێمە پێشتر یانێ بەرلە شۆڕشی 57 بزاڤێكی رۆشنبیریی وامان نەبووە و لە دەیەی یەكەمیش دا تەقرتبەن هەر نەمانبوو و لە دەیەی دووەم و سێیەمدا دەستی پێكردووە، من پێم وایە ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە كۆمەڵگای ئێران بەگشتی و كوردستانی رۆژهەڵات بەتایبەتی وردە وردە خەریكە كۆمەڵگای خێڵەكی و عەشیرەتی و فێئۆدالی بەجێ دەهێڵێت و دەچێتە قۆناغێكی مودێڕن و سەنعەتییەوە؛ یانێ بەگشتی لە دوو دەیەی رابردوودا لە كوردستانی رۆژهەڵات شارنشینی پەرەی سەندووە، چینی نێونجی هەتا رادەیەك فۆرمی گرتووە، بە تایبەت لە شارەكان، ئێستا شارێك وەكوو شاری سنە شاری چینی ناوەڕاستە،هەروەها بزاڤی رۆشنبیری و رۆشنگەریش هاوكاتە لەگەڵ سەرهەڵدانی چینی ناوەڕاست و یەكتر كامڵ دەكەن، هەم رۆشنبیران هەم چینی نێوەڕاست هەم بزاڤی نەتەوایەتی؛ یانێ بەگشتی هەتا لە كۆمەڵگایەكدا موناسباتی سەرمایەداری پەرە نەستێنێ و گەشە نەكات، نە چینی نێوەڕاست دروست دەبێت و نە بزاڤی نەتەوایەتی گەشە دەكا و هەراش دەبێ و بەرەو دەوڵەت دروست كردن دەچێت، وە نە رۆشنبیرانیش دەتوانن رۆل و كاریگەریی خۆیان و ئەركی خۆیان بەباشی ئەنجام بدەن.
یانێ بەگشتی من پیم وایە، ئێستا لە شارەكانی كوردستان، شارنشینی پەرەی سەندووە چینی ناوەڕاست لە زۆر شوێنی كوردستانی رۆژهەڵات پێكهاتووه،مەگەر شوێنە سەخت و ئەستەمەكانی وەكوو شاخەكانی كوردستان و ناوچەی هەورامان، دەنا بەگشتی سیستمی خێڵ و عەشیرەت و كۆمەڵگای خێڵەكی لێك ترازاوە و لەبەر یەك هەڵوەشاوەتەوە و كۆمەڵگایەكی شاری دروست بووە، تایبەتمەندیی شار ئەوەیە كە فەرهەنگ و كولتووری هەیە، رۆژنامەی هەیە، چاپەمەنیی هەیە و ئەوەش بەستێنێكە بۆ رۆشنبیران و كاری رۆشنبیری و رۆشنگەری، واتە بەگشتی دەكرێ بڵێم لە دوو دەیەی پێشوەوە لە كوردستانی رۆژهەڵات بزاڤێكی رۆشنبیری دەستی پێكرد كە كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بزاڤی نەتەوایەتیی گەلی كورد لەو بەشە هەبووە و لەسەر حیزبەكانیش كاریگەریی هەبووە. ئەگەریش لاوازی یان ئاستەنگێك هەیە ئەوەیە كە كەش و دۆخەكە داخراوە، سانسۆر هەیە، رۆژنامە نییە، یان ئەو رۆژنامە و گۆڤارانەش كە هەبوون، هەموویان داخران. ئەوە گەورەترین ئاستەنگە بۆ رۆشنبیری كوردی لە كوردستانی رۆژهەڵات.
كوردپا: كاك هادی تۆ لە قسەكانتدا باست لەوە كرد كە رۆشنبیریی ئەو بزاوتەی لە دوو دەیەی پێشوو لە كوردستانی ئێران دەستی پێكردووە، ئایا كوردستانی ئێران وەكوو بەشیك لە ئێران ئەو بزووتنەوە و بزاوتە رۆشنبیرییانەی كەلە ئێران سەریان هەڵداوە وەكوو بزاوتی مەشرووتە و قۆناغەكانی دوای ئەو و قۆناغی سەردەمی رەزا شا كە ویستی ئێران بەجۆرێك وەكوو لاسایی كردنەوەی توركیە مودێڕنیتە پیادە بكات، پێت وایە ئەوانە هیچ كاریگەرییەكیان نەبووە لە كوردستانی ئێراندا، ئێمە بەر لەو دوو دەیەیە دەبینین لە كوردستانی ئێراندا بزووتنەوەیەكی چەپ لەباری رۆشنبیرییەوە وەك باشووری كوردستانی ئێران (كرماشان) لە قاڵبی ئەدەبیاتدا فۆرم دەگرێ و كەسانێكی وەك: ئەبولقاسم لاهووتی، عەلی محەممەد ئەفغانی، رەشید یاسمی، عەلی ئەشرەفی دەرویشیان، مەنسووری یاقووتی و...ئەم كۆمەڵە كەسانە، ناتوانین ئەوە وەكوو حەرەكەتێكیتر دەست نیشانی بكەین؟
هادی محەممەدی: من پێم وایە ئەو شتانەی كە تۆ باسی دەكەی، یانێ سەرهەڵدانی جۆرێك رۆشنبیریی چەپ و ئەدەبیاتی چەپ كەلە كرماشاندا هەموو نووسەرەكان لە ژێر كاریگەریی ئەوەدا بوون و بە زمانی نەتەوەی باڵادەستیش دەیاننووسی، هۆكارەكەی ئەوە بوو لەو سەردەمەدا دیسكۆرس و گوتاری زاڵ گوتاری چەپ و سۆسیالیستی بووە، گرینگترین شت كە بریتیە لە گوتاری دێمۆكراسیخوازانە، گوتارێك كە خزمەت بكات بە كرانەوەی كۆمەڵگا و بەرەو بایەخ و بەهاكانی لیبراڵیزم و دێمۆكراتیك بـڕوات، لەو سەردەمەدا ئەوە لە پەراویزدا بوو، هەر بۆیە لە باشووری رۆژهەڵاتی كوردستان گرینگی بە زمانی كوردی و بیری نەتەوایەتیی كورد نەدراوه،ئەو نووسەرانەش كە هاتنە گۆڕەپان و كاریان كرد و خۆیان دەرخست و تەنانەت بوون بە كەسانێكی بەناوبانگ؛ یەكەم، بە زمانی باڵادەست كە بریتی بوو لە زمانی فارسی دەیاننووسی؛ دووهەم، جۆرێك بیری چەپی سونەتیی لینینی - ستالینی زاڵ بوو كە ئێستا من پێم وابێ ئیتر دەوری نەماوە، واتە ئێستا بەگشتی لە باشووری رۆژهەڵاتی كوردستان، گوتاری زاڵ، گوتاری نەتەڤی - دێمۆكراتیك و نەتەوەییە، خەڵكی كرماشان و ئیلام زۆر بە پەرۆشن و رەنگە هەستی نەتەوەییان لە ئێمە زیاترە و ئەمەش دەتوانێ خاڵی وەرچەرخانی مێژوویی بێت، لەبەر ئەوەی كە كرماشان شوێنێكە كە لەباری مێژووییەوە گرینگە و جگەلەوە فەرهەنگ و كولتووری ئەو ناوچەیە ئێجگار دەوڵەمەندە. بۆ وێنە ئێمە لەوێ یارسانمان هەیە كە دەگەڕێتەوە سەر دینی زەردەشت و میتراییزم، یانێ رەسەنایەتیی زیاتری هەیە لە رووی فەرهەنگ و كولتوورەوە و دەتوانێ خزمەتی باش بە بزاڤی نەتەوایەتیی كورد بكات.
جگە لەوە تۆ باسی مەشرووتەت كرد كە ئەوە زۆر راستە، لە ئێران بەگشتی بزاڤی مودێڕنیستی بە شۆڕشی مەشرووتە دەست پێ دەكات، بەڵام لەبەر ئەوەی لە سەردەمی شۆڕشی مەشرووتە لە ئێراندا جۆرێك لاسەنگی دەبینین لە نێوان سەرخان و ژێرخاندا، شۆڕشی مەشرووتە تووشی شكست دەبێت و سەر ناگرێت.
یانێ بیری مەشرووتەخوازی و یاسامەند كردنی دەسەڵات و پێوەندییەكانی كۆمەڵگا لە رۆژئاواوە هاتبوو، ئەو رۆشنبیرانەی كە بە تاك و تەراك چوبوون شارستانیەت و بیر و ئەندێشە و فەلسەفەی رۆژئاوایان دیبوو، هاتبوونەوە و بەو ئاكامە گەیشتبوون كە رێگەی بەختەوەری خەڵكی ئێران ئەوەیە كە دەسەڵاتی یاسا سەقامگیر بێت، یانێ دەسەڵاتی شا دیاری و سنووردار بكرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی كە ئەوكات لە ئێراندا بەگشتی كۆمەڵگا كۆمەڵگەیەكی خێڵەكی و فیۆداڵی بوو، یانێ پێكهاتەی ئابووری - كۆمەڵایەتی پێكهاتەیەكی كۆن بوو، ئەو پێكهاتەیە بە هیچ شێوەیەك ملی بە ئەو بیرە تازەیە كە داوای یاسا و دێمۆكراسی و ئەو جۆرە شتانەی دەكرد، نەدا و تەسلیم نەبوو. لە ئاكامدا جۆرێك لاسەنگی دروست دەبێت كە دوای دوو دەیە شكست ئەهێنێ، یانێ بە درێژایی هەموو ئەو ساڵانە هەر لە یەكەم پارلمانەوە كە لە سەردەمی موزەفەرەدین شا دادەمەزرێ، تا محەممەد عەلی شا كە پارلمان دەداتە بەر تۆپ، تا شاكانی دواتر و سەردەمی پەهلەوی، زۆربەی هەرە زۆری ئەو نوێنەرانە كە دەچنە پارلەمان لەجیاتی ئەوەی نوێنەری بیری میللی دێمۆكراتیك و چینی نێوەڕاست بن، نوێنەری خێڵ و عەشیرە و ئاغاكانن. یانێ بە درێژایی 60 هەتا ساڵ 70 تەنانەت هەتا ساڵی 1342 و 43 و ریفۆرمی دوكتور \"عەلی ئەمینی\"یش زۆربەی هەرە زۆری نوێنەرانی پارلەمانی ئێران سەرۆك خێڵ و عەشیرەت و ئاغاكانن.
ئەو پیكهاتە و پێگە كۆمەڵایەتییە كه لە پشتی ئەوانەوەیە خۆ دیارە ئەوە رۆشنگەریی ناوێ، ئەوە دەسەڵاتی یاسای ناوێ، ئەوە لەگەڵ دێمۆكراسی و بیری نەتەوایەتی دا نایەتەوە، كەوابوو دەمەوێ بڵێم بەو ئاكامە دەگەین كە بۆ ئەوەی بزاڤێكی رۆشنبیری یان رۆشنگەری سەربگرێت، دەبێ جۆرێك باڵانس و هاوسەنگی و سازگاری لە نێوان سەرخان و ژێرخاندا هەبێت، من پێشتریش ئاماژەم پێكرد یانێ ئەوكات كۆمەڵگای ئێران كۆمەڵگەیەكی خێڵەكی بوو، پێوەندیی سەرمایەداری گەشەی نەكردبوو، كۆمەڵگای پیشەیی پێكنەهاتبوو، چینی نێوەڕاست هەر نەبوو، بەتایبەتی من زۆر پێداگری لەسەر چینی ناوەڕاست دەكەم؛ چونكە كاتێ ئەگەڕێینەوە بۆ مێژووی ئورووپا لە نێوان ئەو سێ چنیەدا یانێ چینی خوارووی كۆمەڵگا كە بریتییە لە هەژاران و زەحمەتكێشان و كرێكاران و، چینی سەرووی كۆمەڵگا كە بریتییە لە ئاریستۆكراتی و ئەشرافییەت، چینی ناوەڕاست گەشە ئەكات و بەتایبەت لە فەرانسە، دوایی لە بریتانیا و دواتریش لە ئاڵمانیا؛خاڵی گرنگ ئەوەیە كە چینی ناوەڕاست لەگەڵ خۆیدا یاسا ئەهێنێت و دەوڵەتی نەتەڤی دروست دەكات؛ یانێ هەتا ئێستاش ئـێمە لە ئێراندا \"دەوڵەت – نەتەوە\"مان نییە، ئەم دەوڵەتانەیكە هاتوونەتە سەر كار بەتایبەت رەزا شا و كوڕەكەشی دەسەڵاتێكی نەتەویی رەسەن نەبوون، ئەگەر رەسەن بوایەن، نەترسایەن، دەبوودێمۆكراتیك بایەن، ئیتر ئێستا لەسەر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئەوە تەواو دۆخێكی جیاوازە، چونكە هەموو نوێنەرانی ئەوانە كە نوێنەرایەتیی بیری ناسیۆناڵیستیی ئێرانیان دەكرد خرانە پەراوێزەوە، یان ئیعدام كران یان تاراندیانن، هەر لە مەهدی بازرگان هەتا داریووش فرووهەر و ...هتد؛ ئێستاش سەحابی و ئیبراهم یەزدی و ئەوانەش لە پەراوێز دان، یانێ بەگشتی و هێشتا تەنانەت لە ناوەندیشدا كە بریتییە لە تاران، یەكێك لە شارە گەورەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، وە هەر گۆڕانێك لەوێ بێتە ئاراوە، كاریگەریی راستەوخۆ و ناڕاستەخۆی لەسەر هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێ، هێشتا دەوڵەتێكی میللی دێمۆكراتیكی رەسەن نەهاتۆتە سەر كار؛ تا چ بگات بە پەراوێزەكانی ئێران وەكوو كوردستان و ئازەربایجان و شوێنەكانیتر و پرۆسەكە خێراتر بێتەوە و بەرەو مۆدێرنیزاسیۆن بچێت.
كوردپا: كاك هادی هەر وەك باسمان كرد كەڵكەڵەی نوێبوونە و هێنانی چەمكی مودێڕنیزم لە پانتایی رۆشنبیری لەهەر كۆمەڵگایەكدا شتێكی ئاساییە كە فۆرم دەگرێ، بەڵام لە كۆمەڵگایەكی وەكوو كوردستان بەگشتی و، بە تایبەتی رۆژهەڵاتی كوردستان كە ئەو هەمووە تووشی قەیرانی ناسنامە هاتووە و لەلایەكەوە و ئەو هەموو داگیركاری و هێرش و قەڵاچۆ و ئەو هەموو دەردیسەریانەی كە بە درێژایی مێژووی ئەو چەندین ساڵەی خەبات، چ نەتەوەیی و چ خەباتی كۆمەڵایەتی بینیوە، لە وەها كۆمەڵگایەكدا باس كردنی چەمكێك بە ناوی رۆشنبیری مودێرن و نوێخوازی بە ڕای جەنابت چ پێناسەیەك هەڵدەگرێ لە نێو ئەم كێشمەكێشمە سیاسی و فەرهەنگی و كۆمەڵایەتییانەدا؟
هادی محەممەدی: من پێم وایە رۆشنبیر كاتێك دەتوانێ رۆڵی راستەقینەی خۆی بگێڕێ و تووشی كاری سیاسی نەبێت ئەوەیە كە كۆمەڵگاكە هەتا رادەیەك كۆمەڵگایەكی كراوە بێت، میدیا و رۆژنامە و راگەیاندنی ئازاد هەبێت، رۆشنبیران دەتوانن لەو سەردەمەدا كە پرۆسەیەكی گەورەی نەتەوایەتی بەڕێوەیە تێكەڵ بەو پرۆسە بن، بەڵام ئەگەر لەگەڵ حیزب بن و لە چوارچێوەری حیزبدا بتوێنەوە ئیتر ناتوانن بەرژەوەندیی گشتیی نەتەوایەتی یان چینایەتی و پرۆسەیەكی ئازادیخوازانە لەبەر چاو بگرن و بۆ ئەوە تێبكۆشن، واتە بە گشتی ئێستا ئێمە لە كوردستانی رۆژهەڵات هێشتا رۆشنبیرێكی بەتەواو مانامان نییە، كە خزمەت بە كولتوور و رۆشنبیری بكات، بەتایبەت ئەوانەی كە لە ئێران دان هەموو بێدەنگ كراون، لە ترسی زیندان و ئەشكەنجە و ئازار؛ لەم نێوەدا چەند كەسێكی دەگمەن هەن كە لە ماڵپەڕەكانەوە دەنگی خۆیان و بەرهەمەكانی خۆیان بڵاو دەكەنەوە و ئەوانیش زۆربەیان تووشی خۆسانسۆری دەبن.
بەگشتی بۆ ئەوەی كە رۆشنبیر بتوانێ رۆڵی خۆی بگێڕی من پێم وایە كۆمەڵگە دەبێ بچێتە قۆناغێكی ترەوە، كۆمەڵگایەكی ئازاد و دێمۆكراتیك، لە وەها هەلومەرجێكدا من پێم وایە رۆشنبیر دەتوانێ رۆڵی سەرەكی بگێڕی.
كوردپا: كاك هادی لەنێو كورددا كە دەبینین كە باسی رۆشنبیر دەكرێ قامك بۆ دوو توێژ رادەكێشرێ، یەكیان، یان دەبێ كاری ئەدەبیی كردبێ وەك شاعیر و نووسەر و چیرۆك نووس و رۆمان نووس، یان ئەوەی كە لەنێو حیزبە سیاسییەكاندا بێت، بۆچی لەنێو كۆمەڵگای كوردستانی ئێراندا، رۆشنبیرێك كە تەنیا كاری سەرەكیی رۆشنبیری بێت و سەربەخۆ بێ بوونی نییە، بۆچی لە ئارادا نییه،دەتوانی كوردستان بە گشتیش باسی بكەی؟
هادی محەممەدی: یەكێك لە هۆكارەكان ئەوەیە كە ئێمە هێشتا دێمۆكراسیمان ئەزموون نەكردووە و خاوەن دۆخ و هەلومەرجێكی دێمۆكراتیك نین و بۆ زۆر كەس كە خاوەن توانایەك بن زۆر ئاسانە كە بەرهەمێكی شیعری بنووسێ، یان چیرۆكێك بنووسێ، بەڵام كاری رۆشنبیری و رۆشنگەری بەردەنگی دەوێت، یانێ راگەیاندن و ئامرازی دەوێت، لە كوردستانی رۆژهەڵات ئێستا ئامراز نییە، هەموو رۆژنامەكان داخراون، وەك پێشتریش ئاماژەمان پێكرد ئەگەر تۆ لە ماڵپەڕەكانیش دا شتی خۆت بڵاو بكەیەوە، ئەگەر لە ئێران بیت دەبێ خۆسانسۆری بكەیت، یان بە ناوی نهێنیەوە بینووسیت، ناوی نهێنیش لە دونیای ئەمـڕۆدا كەس بڕوای پێ ناكات، دەڵێن ئاخۆ كێیە ئەم كابرایه؟یانێ بە گشتی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دۆخی دێمۆكراتیك، لە كوردستانی باشووریش دا وایە، ئێستا بەتایبەت نووسین و لەفزی رۆشنبیر لەوس بووە، یانێ ئەوەی لە كوردستانی رۆژهەڵات ئەرزش و بەهایە لە كوردستانی باشوور خەڵك پێی دەكەنێ، لەبەر ئەزموونی ناسەركەوتووی حیزبەكان؛ لە باشور بەشێوەی فۆرماڵیتە دەڵێن دێمۆكراسی هەیە، بەڵام دێموكراسی قەت نییە، دێمۆكراسی كاتێك هەیە كە میدیای ئازاد هەبێت، میدیای ئازاد كاتێك مانای راستەقینەی هەیە كە هەموو خەڵك بیخوێننەوه.بۆ نموونە رۆژنامەیەك ئەوەندە پرستیژی هەبێت كە ئەگەر لە تیترێك دا هەواڵێك دەدات بتوانێ بیروڕای گشتی بورووژێنێت و بیانهێنێتە سەرشەقام، یانی ڕای گشتی دروست بكات، لە وەها هەلومەرجێك دایە كە دێمۆكراسی و میدیا رۆڵی خۆی دەبینیت. بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی هەتا ئێستا میدیاكان لە باشووری كوردستان لە دەستی دوو حیزبی سەرەكی دان، دێمۆكراسی رواڵەتی و فۆرماڵیتەیە و نییە.
كوردپا: ئێمە دەبینین لە هەر كۆمەڵگایەكدا كە بیری مودێڕن و نوێخوازی بەتایبەت ئەو پرۆسە رۆشنبیریە كە رەوتی ئاسایی خۆی دەبڕێرووبەڕووی كۆمەڵیك گرفت و بەربەست دەبێتەوە و ئەویش چەمكی نەریته،لە كوردستانی رۆژهەڵات بە ئاشكرا دەیبینین لەنێو ئەدەبیاتدا بە تایبەت زەق دەبێتەوه، رووبەڕوو بوونەوەی بەرەی مۆدێڕن و بەرەی نەریتخواز، ئەمانە لە كوردستانی رۆژهەڵات تا ئەو جێگەی كە جەنابت ئاگادار بیت چۆن بووە و ئێستا لە چ دۆخێك دایە؟
هادی محەممەدی: من پێم وایە بەگشتی لە رۆژهەڵاتی نێوڕاست شەڕی سەرەكی لە نێوان دوو بەرە دایە، لایەنگرانی نەریت و لایەنگرانی مۆدێڕنیزم؛ یانێ رەنگە دەیان ساڵە شەڕی سەرەكیی لە نێوان ئەو دوو بەرە دایە و هەتا ئێستاش لایەنگرانی نەریت بەهێزن و دەسەڵاتیان بە دەستەوەیە، هەموو حكوومەتەكان چ حكوومەتی كۆماری ئیسلامی لە ئێران، چ حكوومەتە عەرەبییەكانی ناوچەكان و چ حكوومەتی تازە دامەزراوی عێراقیش ئەو سەرچاوانە كە پشتیان پی بەستووە و یاسای بنەڕەتییان پێ نووسیووە، زیاتر ئایینی و سەرچاوە نەریتییەكان بوون. یانی بەگشتی لە ناوچەكە شەڕی سەرەكی لە نێوان دوو بەرەی لایەنگرانی مۆدێڕنیزم و مودێڕنیتە و لایەنگرانی ئایین و مەزهەب و نەریت دایە. من پێم وایە ئەم شەڕە لە ئاكامدا بە قازانجی لایەنگرانی مۆدێڕنیتە سەر دەكەوێت، بەڵام بەڕاستی زۆر درێژەی كێشا، یانێ چەندین نەسڵ شەكەت و هیلاك و ماندوو بوون لەپێناو ئەوە كە بەهاكانی دێمۆكراسی و مۆدێـڕنیزم و پرۆسەی مۆدێـڕنیزاسیۆن و جۆریك لیبرالیزم بچەسپێنن و لە كۆمەڵگە پیادەی بكەن، هەتا ئێستا لە هیچكام لە وڵاتەكاندا سەركەوتنێكی ئەوتۆیان بەدەست نەهێناوە، جگە لە پرۆسەی وڵاتی توركیە كە ئەتوانین وەكوو وڵاتێكی دەگمەن چاوی لێبكەین، توركیە وڵاتێكە هەتا رادەیەك نیوە مۆدێـڕن و نیوە دێمۆكراتیكە، كە ئەگەر ئەو پرۆسە هەرچی زیاتر گەشە بكاتو سەر بگرێتكاریگەریی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی لەسەر بەشەكانیتری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی كوردستانیش دەبێت.
جگە لەوە باسی ئەوەت كرد كە چەمك و مەفاهیمی نەریت و مۆدێـڕنیزم لە شیعر و ئەدەبیاتدا دەردەكەوێت؛ خۆ دیارە ئەدەبیات بۆ نموونە رۆمانێك یان چیرۆكێك هەمیشە بیر و ئەندێشە و ئیدیۆلۆژیەكی لە پشتەوەیه،بۆ نموونە كە چاو لە شانامەی فێردۆسی دەكەی بیر و ئیدئۆلۆژی و جیهانبینی ناسیۆنالیزمی ئێرانی تێدایه، كەدوای 300 تا 400 ساڵ داگیركاریعەرەبان دژكردەوە دەنوێنێت، یانێ فیردۆسی پێكهاتەی وشیاری كۆیی ی خەڵكی ئێران لە شانامەدا دادەڕێژێت، هەموو شاكارە ئەدەبییەكان هەر وان و رۆڵی هەرە گرنگیان هەیە لە گەشەی كولتوور و وشیاری خەڵك دا؛ بۆ نموونە \"دانتێ\" وای كردووە، دژ بە ئەمپراتۆری رۆم وەستاوە و تۆوی وشیاری نەتەوایەتی چاندووە؛بەجۆرێك كە دەتوانین بێژیندانتێ رۆحی ئیتالیای مۆدێڕنی خولقاند، نەك ماكیاڤلی؛ گۆتێرۆحی ئاڵمانی مۆدێڕنی خولقاند، لە فاوست دا، نەك بیسمارك؛ یان نووسەری گەورەی فەرانسی،فرانسوا رابلێ بیری نەتەوایەتیی لە فەرانسە خولقاند؛ نەك ناپلیۆن و روبسپیر؛ داستایڤسكی نەتەوەی گەورەی رووسی خوڵقاند، نەك لنین و ستالین؛ ئەوەی لنین و ستالین پیادەیان كرد، داستایۆفسكی 70 ساڵ پێش گوتبووی. یانێ بیر و ئەندێشە بەگشتی و، بە تایبەت بیری مۆدێڕن، بیریك كە پۆتانسیەلێكی بەهێزی لە هێزە مێژووییە مۆدێڕنەكان پێ بێت، هەمیشە بەر لە هەر شتێك لە ئەدەبیات و لە شێعردا رەنگ دەداتەوە و شكڵ دەگرێت و بۆ نەوەكانی داهاتوو دەمێنێتەوه و پراكتیزە دەكرێت...
كوردپا: هۆكارەكەی بۆ چی ئەگەڕێتەوە، پێت وایە ئەوەی كە باڵادەستیی گوتاری شیعرە یان لایەنی دیكە یان هۆكاریكی دیكە لە ئارا دایە كە شیعر هەمیشە دەبێت بە دەروازەی هەموو پرۆسەیەكی بەتایبەت رووناكبیریی و لە كۆمەڵگەدا دەبێتە گوتاری زاڵ؟
هادی محەممەدی: لە كۆمەڵگای رۆژهەڵاتی كە هێشتا كۆمەڵگای نیوە سونەتی و نیوە مۆدێڕنە شێعر هێشتا هەر ژانری زاڵە، ئەگینا لە كۆمەڵگای مۆدێڕنی رۆژاوا دا ژانری زاڵ رۆمان و كۆرتە چیرۆكە؛ یانێ شیعر وەكوو دەقیكی تۆكمە و بەهێز كە فۆرمی هەیە، ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو كۆمەڵگا كە بریتییە لە كۆمۆنێك لە خێڵێك و ئەندامانی ئەو خێڵە یان ئەو كومۆنە پێوەندییەكی ئۆرگانیكییان پێكەوە هەیه،كە كەسێكیان دەبینی و لێی دەپرسی و دەڵێی تۆ كێی؟ بۆ نمونە دەڵێی من سەر بە خێڵی جافم، یانێ خۆی لەگەڵ ئەو كۆمەڵە، یانی عەشیرەتی توكمەی جاف پێناسە دەكات؛ بە قەوڵی شاعیر: \"خزمینە مەدەن پەنجە لەگەڵ عەشرەتی جافا/ مێروولە نەچێ چاكە بە گژ قوللـەی قافا\". یانێ خێڵی جاف ئەوەندە بەهێز و تۆكمەیە، كەلە بواری جوانیناسی دا بەرهەمێكی هونەری دەخولقێنێ، كە بریتییە لە شیعرێكی كۆن و كلاسیك كە بەر لە هەر شتێك فۆرمی هەیە، پێكهاتەیەكی توكمە و بەهێزی هەیە؛ بەڵام لە كۆمەڵگەی مۆدێڕن دا كە شارنشینی پەرەدەستینێ، تاكگەرایی پەرەدەگرێ و هەموو تاكەكان ئەتۆمیزە دەبن و پێوەندی نێوانیان زۆر كەم دەبێتەوە، بۆ وێنە تۆ لە شارێكی وەكوو سلێمانی دا رەنگە ساڵ بە ساڵ كەسێك دۆستێك یان ئاشنایەكت نەبینی، پێكهاتەی ئەو شارە تۆی لە ئەویدی دابڕیوە، ئەتۆمیزە بووگن، ئاگاتان لە یەكتر نییە، لە وەها دۆخێك دا دەقێك شكڵ دەگرێت كە هێگل پێی دەڵێت دەقی پەخش و پەریشانی رۆمان؛ هەموو پانتاییەكان دەگرێتە خۆ، بەڵام فۆرمی نییە، یان ئەگەر هەیبێت بەهێز نییه،وەكوو شیعر، هارمۆنی و ئینسیجامی نییە؛ كەوابوو بەپێی هەر دۆخێكی مێژوویی، سیاسی، كۆمەڵایەتی، لە بواری جوانیناسی دا دەقێكی هاوشێوە و سازگار لەگەڵ ئەو دۆخە دروست دەبێت. بۆ وێنە لە قۆناغێك دا ئێمە ژانری حەماسەمان هەیە لە قۆناغێك دا تراژێدی و لە قۆناغێكدا رۆمان، یان لە دەورەی رۆمانتیك دا شیعری لیریكمان هەیە.
كوردپا: ئەوەی كە من هەستی پێدەكەم لەنێو نەریت خوازەكان و مودێڕنەكان هەمیشە نەریت خوازەكان ئەگەر بیرێكی مۆدێڕنیستەكانیان بەدڵ نەبێ، ئەگەر نیشتمانی نەبێ، ئیتر ئەوە لایەنی خەیانەتكارە و ئەوانیش هەر بە پێچەوانەوە، ئەگەر ئەوەیان پێ باش نەبێ دەڵێن مۆدێڕنەكان دەڵین ئەوە لایەنی سەلەفییەته.ئەم دوو سیفەتە دانە پاڵ یەكە وەكوو، سەلەفییەت و وەكوو خەیانەتكار، تۆ چۆنی دەبینی ئایا لە كوردستانی ئێران ئەو شتە هەیە لەنێو ئەدیبان دا، هەتا چەندە تۆ ئاگاداری ئەوەیت؟
هادی محەممەدی: من پێم وایە لەبەر ئەوەی كە گوتار و دیسكۆرسی ئێمە دێمۆكراتیزە نەكراوە ئەوە شتێكی سرووشتیە و بەتایبەت مافی لایەنگرانی مۆدێڕنیزمە كەهەر شتێك بەوانبڵێن، چونكە ئەوان دەسەڵاتیان بە دەستەوەیە، هەر لە بنەماڵەوە هەتا دەسەڵاتی سیاسی، هەتا مزگەوتەكان، هەتا قوتابخانەكان، هەموویان چەمك و بەها نەریتییەكان بەسەریان دا زاڵە، بە ئاخرین چنگەكڕێ و پەلەقاژە دەیانەوێت ئەو پێكهاتە داڕزیوە بپاریزن، بەڵام من پێم وایە بەتایبەت لە دە ساڵی رابردوودا كۆمەڵگا زۆر گەشەی كردووە، بە كرانەوەی تەلەڤزیۆنە ماهوارەییەكان و ئینتێرنێت و... هتد، پێم وایە لایەنگرانی نەریت دەبێ خۆیان نوێ بكەنەوە، ئەگینا ئەو شەپۆلە بەهێزە كە رەوتێكی بەهێزی هەم جیهانی و هەم ناوچەییە لەگەڵ خۆی دەیانبات و لە پەراوێزیان دەخات، دەبێ خۆیان مۆدێڕن بكەنەوە. كاتی خۆی پێم وابێ لە یەكێك لە رۆژنامەكاندا سەعید حەجاریان تێئۆرێسیەنی بەناوبانگی رفۆرمیستەكان، وتارێكی گرینگی نووسیبوو، بەم ناوە: \"برای پیشگیری از عرفی شدن باید عرفی شد\"؛ واتە بۆ پێشگرتن لە سێكۆلاریزم دەبێ سێكۆلار بین. حەجاریان بە فێڵەوە ئەمەی بەیان كردبوو؛ یانیئاخووندەكان و نەریتییەكانی ئێران تەنیا بە مەرجێك دەتوانن بەرامبەر بە شەپۆلی بەهێزی سێكۆلاریزاسیۆنخۆیان رابگرن كە خۆیان سێكۆلار بكەنەوە، هیچ رێگایەكی دیكە نییه؛یانێ بە وتەی هێگل، لە هەر سەردەمێك دا بزووتنەوەیەك، ویستێك، پۆتانسیەلیكی گەورە بەرێوەیە كە ئەو پێی دەڵێ رۆحی سەردەم، ئێستا رۆحی سەردەم بەگشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەتایبەتی لە ئێران دا كە پێشەنگایەتیی ئەكات، گوتار یان دیسكۆرسی سێكۆلاریزمە، دێمۆكراسیخوازی و ویستینەتەوایەتی و دێمۆكراتیكە.
كوردپا: كاك هادی تۆ پێت وایە لەو قوناغەدا كە رەوتەكانی رۆشنبیری لە كوردستانی ئێران هاتوونەتە ئاراوە، واتا ئێستا بۆ وێنە قۆناغی نوێبوونەوەی شێعری كوردی هەیه،پێت وایە ئەوە تەواوكەری قۆناغی پێش خۆیەتی، یان پێت وایە قۆناغ و رەوتە رووناكبیری و ئەدەبییەكانی كۆمەڵگای كوردی بەسەر یەكدا تێپەڕیون، ئەمە چۆن دەبینی؟
هادی محەممەدی: ئەدەبیاتی كوردستانی رۆژهەڵات هەر لە سەردەمی كۆمەڵەی \"ژ- ك\" و كۆماری كوردستانەوە رەنگە بكرێ بڵێین چەند قۆناغێكی بــڕیوە، یەكەم قۆناغكەسانێكی وەكوو هێمن و هەژار و هێدی و سەید كامیل و حەقیقی و ... نوێنەرایەتی دەكەن، لەم قۆناغەدا جۆرێك وشیاری نەتەوایەتی لە قاڵبی شیعری كوردیدا كە زۆر زیاتر لە پێشوو زمانەكەی پەتی و پاراو بووه، دەردەكەوێت، بەتایبەت لە شیعر و لە زمانی هێمن دا. یانێ ئەدەبیاتێكی خۆش، ئەدەبیاتێكی رەسەنی نەتەوایەتی لە شیعری ئەم دەورەیەدا دەبینین و بە تایبەتی كە نوێنەری هەڵكەوتوویان مامۆستا هێمنە كە ئەگەرچی قاڵبەكەی هێشتا قاڵبی كۆنە و تارادەیەك هێشتا هەر یاساكانی عەرووز لەبەرچاو دەگرێت، بەڵام بە نیوەڕۆك یەكجار نوێیه؛یانێ شیعری مامۆستا هێمن لەباری ناوەڕۆكەوە لە شیعری شاعیرانی نوێخواز، رەنگە لەوانیش مەفهوومی قووڵ و پڕ لە تەكنیك و وردەكاری بەیان دەكات.
دوای ئەم قۆناغە، قۆناغێكی دیكە هەیە كە بریتیە لە كارەكانی سوارە ئیلخانیزادە، فاتێحی شێخ الاسلامی (چاوە) ، عەلی حەسەنیانی (هاوار) و مصلح شێخ الاسلامی، من پێم وایە ئەم شاعیرانە چەند قۆناغ شیعر و ئەدەبی كوردییان بردە پێشەوە، كە بەداخەوە سەردەمدار یان رێبەری ئەم رەوتە ئەدەبی و رۆشنبیریە كە سوارە ئیلخانیزادە بوو، تەمەنی ئەوەندە درێژەی نەكێشا كە ئەزموونەكان و كارەكانی تەواو بكات، بەڵام خزمەتی باشی بە زمان و ئەدەبیاتی كوردی كرد؛ بەڵام بەداخەوه لە دوای سوارەكەسێكیوەكوو چاوە بەهۆی توانەوە لە ئیدئۆلۆژییەكی چەپی دۆگم دا، ئەدەبەكەی وشك دەكا و هیچی پێ نامێنێ؛ وەك دەزانین چاوە كاتی خۆی شیعری زۆر جوانی هەبووە كە شیعرەكانی شان لە شانی شیعری سوارە دەدات، بەڵام لە سەرەتای دەیەی 60 دا چاوە لە بواری ئەدەبی دا وشك دەكات؛ هەر لەو قۆناغەدا رێبوار زۆر شیعری جوانی داناوە كە زۆرێك لە شعرەكانی لەنێو خەڵك دا بڵاو بۆتەوە و كراونبە گۆرانی...
كوردپا: كاك هادی لەم قوناغەدا لە دەیەی چلەوە تا دەگا بە شۆڕشی گەلانی ئێران، ئەمە قوناغی تازەگەری و نوێبوونەوەی ئەدەبیاتی كوردستانی ئێرانە بەتایبەتی شیعر فۆڕم دەگرێ، لێرەدا دوو بیر دێتە ئاراوە، یەكێكیان ئەدەبی بەرگرییە كە بە لای حیزبەكانی كوردستاندا دەشكێتەوە و ئەوی دیكەشیان ئەدەبی شارە، بەڵام لە ئەدەبی شاریشدا دەبینین توخم و رەگێك لە ئەدەبی بەرگریی هەست پێدەكری، تۆ ئەمە چۆن دەبینی و ئەمە لە فكری چ كەسانێك دا رەنگ دەداتەوە، وەكوو نموونە ئەگەر باسیان بكەی و پاشان باسی قۆناغەكانی دیكە بكەی؟
هادی محەممەدی: من پێم وایە ئەوە شتێكی سروشتیە كە لەنێو نەتەوەیەكی داگیركراو و لە نیشتمانێكی داگیركراودا، ژانری ئەدەبی بەرەنگاری سەرهەڵبدات، ئەم ژانرە هەر لە شیعرەكانی سوارەوە هەتا شیعرەكانی ئێستای جەلال مەلەكشا و رەحیم لوقمانی و مارف ئاغایی و ... هەست پێ دەكەین. گوتاری ئەم شاعیرانە هەموویان زۆر توخمی ئەدەبی بەرەنگاری تێدایە؛ هەروەها لە بابەتی جوانكاری و تێكنیكی ئەدەبی دا شاكاری زۆر جوانیان خولقاندووە، تەنانەت ئەوانەش كە تێكەڵ بە سیاسەت و كاری سیاسی نەبووبێتن، هێشتا هەر ناچارن كە هەست و خواستی نەتەوایەتی نەتەوەیەكی بندەست لە شیعرەكانیان دا رەنگ بداتەوە، ئەگەر ئاوا نەبن رۆحی سەردەمیان دەرك نەكردووه،كە رۆحی سەردەمیشت دەرك نەكرد و لەگەڵ ئەو رەوت وئەو پوتانسیەلە بەرینە نەبوویت، مێژوو ئەتخاتە پەراوێزەوە، ناتوانی شاعیرێكی گەورە بیت، شیعرەكانی ئەو كەسانە بەتایبەت رەحیم لوقمانی زۆر شیعری جوانن، هەروەها شیعرەكانی شەریف حوسێن پەناهی و عەلی حەسەنیانی؛ كە بە داخەوە ئەویش كەم ژیا، دەنا شیعرەكانی ئەویش رەنگ و تامێكی زۆر جیاوازیان هەبوو.
كوردپا: كاك هادی پاش ئەو كەسانە جۆرێكیتر، رەوتێكیتر بە ناوی پێكهاتە شكێنیی و لەژێر ناوی شكاندنی زمان بە شێوازێكی دیكە شیعر دەنووسن كە من بەڕای خۆم بەو جۆرە هەست دەكەم جۆرێك لاسایی كردنەوە لە وەرگێڕانی شیعری رۆژئاوا و فارسەكانە كە رەنگدانەوەی لە شیعری كوردیدا هەیە، یانی لە نێوەڕاستی دەیەی شەست بەولا ئێمە لەنێو دەقی ئەدەبیی كوردستانی ئێران دا هەم شیعر و هەم چیرۆك مەگەر بە دەگمەن ئەگینا لایەنی نەتەوەخوازی و نیشتمانی هەست پێ ناكەین، ئەوانەی كە لە ناوخۆ دەنووسن ئەگەر دەقەكانیان هەتا سەرەتای دەیەی 80 لێك بدەیتەوە زۆر هەستی نیشتمانی كەم دەبینین، تۆ پێت وایە ئەمە هێژموونیی رۆشنبیری و مۆدێڕنخوازەكە لە رێگەی دەقی وەرگێـڕدراو و لە رێگەی ئەدەبیاتی ئێران یان لە رێگەی ئەو میدیا مەجازییەوەیە كە بەردەوام كۆمەڵگا تەغزییە دەكات؟
هادی محەممەدی: هەموو ئەو شتانەی كە باستان كرد كاریگەریی هەیە، بەر لە هەر شتێك خەباتی سیاسی و كۆمەڵاتی و نەتەوایەتی كەم رەنگ بۆتەوە و دامركاوە، خەباتگێڕان ئاوارەی هەندەران كراون و لە باشووردا گیرساونەتەوە و تووشی پاسیڤیزم هاتوون، لە كوردستانی رۆژهەڵاتیش دا شتەكە بەگشتی كەم رەنگە، یانێ سەردەمێك لە چەقین و نسكۆ و ركوود، لە وەها سەردەمێك دا ئەدەبیات شكڵ ناگرێ، هەر تەنیا ژانری ژێر زەمینی سەرهەڵدەدات، ئەم جۆرەش لە ئەدەبیاتئەگەر پێوەندی لەگەڵ خەڵكدا نەبێت، ناتوانێ گەشە بكات و ناتوانێ بەرهەمی بەرز بخولقێنێ، مەگەر چەند بەرهەمێكی نزم و لاواز، بەگشتی من پێم وایە كە لەو قۆناغەدا كە ئێوە باسی دەكەن ئەدەبیاتی بەرز و بەهێز و شاكارمان نییە، لەبەر ئەوە بزاڤە گەورە كۆمەڵایەتییەكە دامركاوە و لە ركوود و نسكۆ دایە، ئەگەر بێینە قۆناغی دواتریش ریفۆرمی دەوڵەتی خاتەمی كە جۆریك بووژانەوە و زیندوو بوونەوە بەگستی لە رۆژهەڵاتدا دەست پێدەكات، بزاڤی رۆشنگەری و چاپەمەنی ئەبووژێتەوە و هەتا رادەیەك باشتر دەبێت، دیسان لێرەشدا رەوتێكی شیعری كە پێی دەڵین رەوتی پۆستمۆدێڕنیزم، من بە رەوتێكی چەواشەی دەبینم، چونكەپێوەندی لەگەڵ رەوت و دۆخی واقیعی كۆمەڵگەدا نییە، وەك پێشتر باسمان كردئەدەبیات پیوەندییەی چـڕوپـڕ و ئۆرگانیكی لەگەڵ رۆحی سەردەم و بارودۆخی مێژوویی كۆمەڵایەتی هەیە، خۆ رەنگە ئەدەبیات پێوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ سیاسەت و ئابووری نەبێ، بەڵام لە رووی فۆڕمەوە، لە رووی چەندین نێوەنجییەوە پێوەندیی ناڕاستەوخۆی هەیە، شارەزایانی ئەو بوارە سەلماندوویانە، بۆ وێنە كەسێك وەكوو لوسیەن گۆڵدمەن، شاكارێكی خوڵقاندووە بە ناوی \"خودای نادیار\" ئەو لەو كتێبە دەیسەلمێنێت كە تراژیدییەكانی پاسكاڵ و ئەندێشەكانی راسین، لەگەڵ كۆمەڵگەی سەدەی حەڤدەی فەرانسە پێوەندی قووڵ و زراڤی هەیە، ناوەرۆكی ئەم دوو كتێبە ئەندێشەی تراژدیكە، ئەندیشەی چینی ئاریستۆكراتكە خەریكە بەرەو پووكانەوە دەچن و دەڕووخێن، یانێ چینی ناوەڕاست جێگەی ئەوان لێژ دەكات، هەر بەمهۆیە ئەندێشەی تراژدیك لە بەرهەمەكانی ئەواندا سەر هەڵدەدات، واتە رەنگدانەوەی ناڕاستەوخۆی دۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئەشرافیەتی خاوەن مەقام لە كۆمەڵگای سەدەی حەڤدەی فەرانسەدا لە دوو بەرهەمیئەدەبی و هونەری، لە ئەندێشەكانی پاسكاڵ و تراژێدییەكانی راسین دا دەركەوتووە؛ كاتێك لۆسیەن گۆڵدمەن ئەو بەرهەمەی نووسی ووەكوو تێزی دوكتورای خۆی بەرگریی لێكردو بەدروستی رەوایی ئەم تێزەی سەلماند، هەموو رۆشنبیرانی چەپ و راست حەپەسان. چونكە پێشتر و بەتایبەت لە نەریتی چەپ دا كاری ئاوا گرنگ و زانستی نەكرابوو.واتە لێرەدا ئێمە بەو ئاكامە دەگەین كە ئەدەبیات و شیعر و هونەر پێوەندیی راستەوخۆیان لەگەڵ دۆخی ئابووری - كۆمەڵایەتی نییه،بەڵام پیوەندی ناڕاستەوخۆیان حەتمەن هەیە.
كوردپا: ئایا ئەگەر ئەدەبیات كۆپییەكی تەواوی كۆمەڵگا بێت رەنگدانەوەی دۆخی كۆمەڵایەتی بێت، دەكرێ ناوی بنێی بەرهەمێكی ماندگار؟ لە شیعر و چیرۆكی كوردیدا ئایا بەرهەمێكی وەهامان هەیە؟ ئێوە دەڵێن بەو هۆیەی كە نەیتوانیوە بەردەنگ بۆ خۆی دروست بكات، نێوی دەنێیتە رەوتی چەواشە، ئەگەر كۆپییەك یان رەنگدانەوەیەكی تەواو كەتواریی كۆمەڵگای هەبیت دەتوانێ باری جوانیناسیی خۆی بپارێزێت؟
هادی محەممەدی: ئەگەر كۆپی بكات هەمان ئەزموونی ناسەركەوتووی ناتۆرالیزمە لە رۆژئاوا و لێرەشدا زۆر بەرهەمی نزم و زۆر لاواز هەن، بەرلە هەر شتێك دەبێ ئەوە بزانین كە شاعیران و نووسەران و هونەرمەندانی راستین كەسانێكی یەكجار هەستیار و وشیارن، واتە جگە لەوە كە رۆحی سەردەمی خۆیان دەرك دەكەن و وزە و پۆتانسیەلی هێزە كۆمەڵایەتییەكان كە هێشتا پۆتانسیەلە و بە شێوەی بالفعل دەرنەكەوتووە، هەست پێدەكەن. وەك دەزانین ئەمـڕۆ ئەگەر كۆمەڵگەی كوردستانی رۆژهەڵات بەجۆرێك بێ دەنگییەك لە قوڕگی دا پەنگی خواردۆتەوە، بەڵام پۆتانسیەل و هێزێكی مەزن شاردراوەتەوە كە رەنگە بەیانی یان دوو بەیانی دەركەوێت، شاعیر یان هونەرمەندی هەستیار و وشیار، ئەم پوتانسیەلە گەورەیە دەبینێ و لە بەرهەمەكەیدا دەریدەخات، كەوابوو كۆپی هەڵگرتن نییە، بەڵكوو ئەو شتێكی بینیوە كە رەنگە پێنج ساڵ دواتر یان دەیەیەك دواتر روو بدات، كاتی خۆی داستایڤسكی ئەوەی كردووە، واتە داستایڤسكی چەندین ساڵ بەر لە شۆڕشی ئۆكتۆبر، پێشبینی ئەوەی كردووە كە لە رووسیە شۆڕشێكی مەزنی كۆمەڵایەتی و رۆحی روو دەدات، ئەمەی لە بەرهەمەكەنی دا دەرخستووە؛ یان كەسێكی وەك \"ژان ژێنە\" ساڵی 1966 لە فەرانسە بەرهەمێك دەنووسێ بە ناوی پاروانەكان كە شانۆنامەیە، ئەو لەوێدا بۆ یەكەم جار قارەمانێكی پۆەزەتیڤ دەخولقێنێت، یانێ ژان ژێنە هاتووە پێشبینیی ئەوەی كردووە كە گۆڕانێكی مێژووی كۆمەڵایەتی روودەدات، كە وەك بینیمان دوو ساڵ دواتر بزاڤی بەرینی خوێندكاری 1968 لە فەرانسە روویدا و زۆربەی وڵاتانی ئورووپایشی گرتەوە؛ بەمجۆرە ئێمە بەو ئاكامە دەگەین كە نووسەر و هونەرمەندی راستەقینە هەمیشە بزاڤ و پۆتانسیەلیشاراوەی كۆمەڵگە كە دواتر روو دەدا دەبینێ و لە بەرهەمەكانی دا دەینەخشێنێ.
كوردپا: لێرەدا باسمان لە كۆپی بەرداریی شاعیران و نووسەران كرد، ئەوەی كە لە رەوتی نوێ بوونەوەی ئەدەبیاتدا من پێم وایە ئەگەریش جۆرێك لاسایی كردنەوە بێت لاسایی كردنەوەكە زۆر ناشیانە بووە لەوەی كە ئەگەر لە رۆژئاوا و لەو شەپۆلە فیكری و ئەدەبیانە بێت كە هاتۆتە نێو كۆمەڵگاكەمانەوە، بەگشتی داهاتووی رۆشنبیری بەتایبەت لە پانتایی ئەدەبیاتدا، كە كوردستانی ئێران چۆن دەبینی؟
هادی محەممەدی: سەرەكیترین بزاڤ رۆشنبیری لە كوردستانی رۆژهەڵات، بزاڤی مۆدێـڕنیستی یە، ئەم بزاڤەیە كە داهاتووی هەیە و بەرنامە و پڕۆژە و ماتریاڵی مادی و رۆحی هەیە و دەتوانێ لە داهاتوودا بەهاكانی خۆی بچەسپێنێت؛تۆ ئاماژەت بە لاسایی كردنەوە كرد، كەوابوولێرەدا ئێمە دەبێ گرنگی بە یەك شت بدەین، چ سیاسەتڤانان و چ نووسەران و تیۆریسازان، بۆئەوەی كە تیۆری و بەرنامەكانیان كۆمەڵگا وەری بگرێت و قەبووڵی بكات، نابێ دەقاودەق بیریكی مۆدێرنی ئورووپایی كۆپی بكەن و بیهێنن لێرە پیادەی بكەن، دەبێ چەند توخمێك لە فەرهەنگ و نەریتی كوردەواری لەگەڵ ئەو بیرە نوێیە تێكەڵ بكەن و جۆریك تێكهەڵكێش و سەنتێز بخولقێنن، كە ئەو كۆمەڵگایە وەری بگرێت و هەرسی بكات؛ بۆ وێنە رۆشنبیری كورد دەتوانێ لە گاتاكانی زەردەشت كۆمەڵێك توخمی كولتوری و ئەخلاقی وەربگرێ و بیبوژێنێتەوە و بە پێوەنددانی لەگەڵ بیری مۆدێرنی رۆژاوایی سەنتز بسازێت... دەنا هەتا ئێستا چ سیاسەتڤانان و چ رۆشنبیرانی كورد و رەنگە ئێرانیش، زیاتر لەبەر ئەوەی كە بیرێكی پەتیی ئورووپاییان هێناوە و هەوڵیانداوە كەلێرە پیادەی بكەن، بەڵام كۆمەڵگە وەری نەگرتووە و تووشی شكست هاتوون، لێرەدا بەو ئاكامە دەگەین كە تەنانەت سیاسەتیش جۆرێك هونەرە كە تۆ دەبێ بتوانیت سەنتێز بخولقێنی لە نێوان بیر و كولتووری رەسەنی وڵاتەكەی خۆت و بیر و ئەندێشەی مۆدێڕن دا كه لە دەرەوە هاتووە... ئەوانەی كە بەتایبەتی بە تەواوی لاسایی دەكەنەوە،من پێیان دەڵێم لایەنگرانی ئەندێشەی پۆست مۆدێڕن، یەكەم: بارودۆخی راستەقینەی كۆمەڵگاكەی خۆیان نەناسیوە، دووهەم: ئەو شتەی كە دیهێنن تەنانەت لە ئورووپاش هێشتا خەڵك لێی بە گومانن؛ ئایا ئەندێشەی پۆست مۆدێڕن شتێكی رەسەنە؟ سەری گرتووە؟یان بەرهەمی قەیران و جۆرێك شكستی بزاڤە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی ئورووپایە؟ بۆ نموونە نووسەران و رۆشنبیرانێكی وەكوو: \"فۆكۆ، بودریار و لیۆتار\" بە تەواوی روو دەكەنە دونیای دەق و لەنێو دەقەكاندا خۆیان دەشارنەوە و كاری جوانكاری لە گوتار و نویسار و ئەو جۆرە شتانەدا دەكەن و خۆیان لە قەرەی پرسە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان نادەن، واتە پۆستمۆدێرنیزم لەوێدا بەرهەمی شكستی بزاڤێكی سیاسی كۆمەڵایەتیبوو كە لەوێ سەری هەڵدا؛جگە لەوە كەئەوان پڕۆسەی مۆدێڕنیزاسیۆنیان بە درێژەی 300 ساڵ ئەزموون كرد، سەرخان و ژێرخانی كۆمەڵگەی ئورووپایی بە تەواوی نوێ كرایەوە.
كوردپا: ئەم پرۆسەیە لە كوردستانی رۆژهەڵات، پێشتر كە باسی ئەوەمان كرد هەر قۆناغێك دەبێ كامڵكەری قۆناغی دواتری بێت، پێت وایە پرۆسەی مۆدێڕنیزم بەتەواوەتی لە كۆمەڵگای كوردیدا، جێگیر بووە هەتا باس لە پرۆسەی مۆدێڕن لە قاڵبی ئەدەبیاتدا بكەین كە خەڵك لێی تێنەگات؟
هادی محەممەدی: بزاڤی مۆدێڕنیستی لە كوردستانی رۆژهەڵات و تەنانەت لە ئێرانیش سەری نەگرتووە و بەهاكانی خۆی نەچەسپاندووە، پیشتر باسی ئەوەمان كرد كە شەڕی سەرەكی هەتا ئێستاش لە نێوان سونەت و مۆدێڕنیتە دایە، هەتا ئێستا كۆمەڵگای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەگشتی و كۆمەڵگای كوردستانی رۆژهەڵات و ئێران بە تایبەتی لە بەرزەخێك دایە، یانی قاچێكی لە كۆمەڵگای نەریت دایە و قاچی دیكەی خەریكە بەرەوە كۆمەڵگای مۆدێـڕن دەهاوێ، یانی لەم نێوەدا لە جۆرێك خلیسكان و ناجێگیری دا گیری كردووە، واتە بەر لە هەر شتێك دەبێ كۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەتەواوی لە نەریت داببڕێت، یانێ ی بكات، مەبەستم ئەوەیە كە بە نرخاندنێكی هەمەلایەنە كولتوور و بەها نەریتییەكان بنرخێنێت، ئەوەی كە باشە و هێشتا بەكار دێت و رەسەنایەتیی پێوە دیاره،وەری بگرێت؛ ئەوەش كە خراپە و رزیوە تووڕی بدات و بڕواتە قۆناغیكی سەروتر؛ رۆشنبیران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێ وەها كارێك بكەن تا بتواننبەرزەخی نێوان سونەت و مۆدێڕنیتە تێپەڕێنن و بە دۆخێكی تەبا و سازگار بگەن... یانێ لەم دەڤەرەدا هێشتا بەرنامەی مۆدێڕنیستی نەچەسپاوە و پیادە نەكراوە تا چ بگات بە بیری پۆست مۆدێڕنیزم...