ئێــران/ ٢٦٥ کرێکار لە ماوەی ٢ مانگدا گیانیان لەدەست داوە

15:31 - 25 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ٢ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٢٦٥ کەس بەهۆی رووداوی کارەوە لە وڵاتی ئێران گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی ئامارێک کە \"رێکخراوی پزیشکی دادوەری\"ی وڵاتی ئێران بلاوی کردەوە، لە ٢ مانگ یەکەمی ئەمساڵدا ٢٦٣ کرێکاری پیاو و ٢ کرێکاری ژن لە کاتی کار کردندا گیانیان لەدەست داوە کە مردنی ئەو ٢ ژنە لە رێگەی برق گرتووییەوە بووە.

بەپێی ئەو ئامارە ١٢٧ کرێکار بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی، ٦١ کرێکاری دیکەش بەهۆی بەرکەوتنی کەلوپەل و هەروەها ٣٥ کەسیش بەهۆی برق گرتووەیەوە بوونەتە قوربانی.

لە ماوەی ئەو ٢ مانگەدا ئوستانەکانی تاران بە ٤٨ حاڵەت، خۆراسانی رەزەوی ٢٥ حاڵەت و کرماشان بە ١٧ حاڵەتەوە، زۆرترین رێژەی ئاماری مردنی کرێکارانیان تێدا تۆمار کراوە.

هەروەها لە ساڵی ١٣٩١ هەتاویدا هەزار و ٧٩٥ کەس بەهۆی رووداوی کراوە گیانیان لەدەست داوە کەلە کۆی ئەو رێژەیە ٢٥ کەسیان ژن بوون.

بەپێی ئەو ئامارە ئاماری مردنی کرێکاران لە ساڵی ١٣٩١دا بەبەراورد لەگەڵ ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی ١٩.١% زیادبوونی بەخۆیەوە بینیوە.

لەلایەکی دیکەوە رێژەی مردنی کرێکاران لە ساڵی ١٣٩١دا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی ٢٨٨ حاڵەت رووی لە زیاد بوون کردووە.