ئێران/ جیاوازیی چینایەتی نێوان دەوڵەمەند و هەژار، ١٤ بەرابەر بۆتەوە

14:11 - 17 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی ساڵی رابردووی هەتاویدا لە وڵاتی ئێران جیاوازیی چینایەتی نێوان هەژار و دەوڵەمەند زیاتر بووەو بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان چینی دەوڵەمەند لەو ماوەیەدا ١٤ بەرابەری چینی هەژار، پارەیان خەرج کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کاتێکدا هەژارترین چینی دانیشتووی شارەکان لە وڵاتی ئێران بۆ دابین کردنی سەرجەم پێداویستییەکانی ژیانیان ٦ ملوێن و ٤٤٢ هەزار تمەنیان سەرف کردووە، بەڵام تێچووی چینی دەوڵەمەند لەو ماوەیەدا بۆ پیداویستییەکانیان گەیشتۆتە ٨٧ ملوێن و ٧١١ هەزار تمەن.

ناوەندی ئاماری ئێران بڵاوی کردۆتەوە، هەر بنەماڵەیەکی دانیشتووی شارەکان هەر مانگێکدا ١ ملوێن و ٨٢٢ هەزار تمەن سەرفی پێداویستییەکانیان دەکەن، ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەپێی ئەو ئامارە هەر کرێکارێکی دانیشتووی شارەکان لە مانگدا تەنیا یەک ملوێن داهاتی هەیە.

بەپێی ئاماری ئە وناوەندە، لە کاتێکدا کرێکارانی دانیشتووی گوندەکان، مانگانە ٩٢ هەزار و ٥٠٠ تمەن خەرجیان هەیە، بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانیان بەرەوڕووی ٩٢ هەزار و ٥٠٠ تمەن کەمیی پارە دەبنەوە، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە بە گوتەی کارناسانی ئابووری، وڵاتی ئێران ١٢ ملوێن حەشیمەتی کرێکاری هەیە.

تێچووی خۆراک، خانووبەرە، ئاو و برق، سەرەکی‌ترین تێچووی بنەماڵەکانی ئێرانی لەخۆ دەگرێ، لەو پەیوەندییەدا و بەپێی ئامارەکان هەر بنەماڵەیەکی هەژار لە ماوەی ساڵێکدا ١ ملوێن و ٩٥١ هەزار تمەنی تێچووی خۆراکی بووە، بەڵام تێچووی دەوڵەمەندترین بنەماڵەی ئێرانی بۆ کڕینی خۆراک، ١٦ ملوێن و ٥١٥ هەزار تمەن بووە.

کارناسان هۆکارەکانی هاتنە ئارای ئەو دۆخە لە وڵاتی ئێراندا و زەقبوونەوەی زیاتری جیاوازیی چینایەتی نێوان دەوڵەمەد و هەژار بۆ گەلاڵەی زیادکردنی حەشیمەتی وڵات، ئامانجدارکردنی یارانەکان، زیادبوونی نرخی بێکاری و گرانیی لەرادەبەدەر دەگەڕێننەوە.

لە ساڵی رابردوودا، بنەماڵە هەژارەکانی وڵاتی ئێران بۆ کڕینی کەوش و جلوبەرگ ١٢٦ هەزرا تمەنیان سەرف کردووە، لە حاڵێکدا هەر بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند لەو ماوەیەدا چوار ملوێن و ٢٤٨ هەزار تەمەنیان بۆ کەوش و جلوبەرگ سەرف کردووە، کە بەو پێیە نزیک بە ٤٠ بەرابەری بنەماڵە هەژارەکان کەوش و جلوبەرگیان کڕیوە.

بەپێی ئەو ئامارە هەر بنەماڵەیەکی هەژار لە ساڵی رابردوودا ٣٦ هەزار تمەن تێچووی خوێندنی منداڵەکانیان بووە، ئەوەش لە کاتێکدایە، کە قوتابخانەی ناوچە پەراوێزخراوەکان لە ماوەی ساڵی خوێندندا چەندین جار بە بیانووی جۆراوجۆرەوە بڕە پارەی ١٠ هەتا ٢٠٠ هەزار تمەنییان لێ ئەستێندراوە.