ئێران: ڕووحانی پشتگیری لە ئێعدامەکان دەکات

19:59 - 23 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: سەرۆکی هێزی جێبەجێکاری ئێران بە ڕۆژنامەیەکی ئیتالیایی ڕاگەیاندووە کە لابردنی سزای ئێعدامی تاوانە پەیوەندیدارەکان بە مادە هۆشبەرەکان بە زیانی ئورووپایە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، چەند ڕۆژ پێش لە سەفەری حەسەن ڕووحانی بۆ دوو وڵاتی ئەندامی یەکێتی ئورووپا، وتووێژێکی ناوبراو لەگەڵ ڕۆژنامەیەکی چاپی ئیتالیا هەڵڵای ناوەتەوە.

سەرۆکی دەوڵەتی \"تدبیر و امید\" لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی \"کۆریەرە دێلا سێرا\" وێڕای داکۆکی کردن لە دەرکردنی سزای سێدارە بۆ تاوانە پەیوەندیدارەکان بە مادە هۆشبەرەکان، ڕایگەیاند: ئەگەر ئەو ئێعدامانە هەڵوەشێنینەوە، مادە هۆشبەرەکان بە ئاسانی دەگاتە ئورووپا و ئەمەش بۆ ئێوە خراپ دەبێت.

سەفەری ڕووحانی بۆ ئەو دوو وڵاتە ئورووپاییە بە هۆی تەقینەوەکانی پاریسەوە هەڵوەشێندراوەتەوە.

حەسەن ڕووحانی لەو وتووێژەدا، بە ڕوونی مەودای درێژی سنوور لەگەڵ ئەفغانستانی بە هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی دەرکردنی سزای ئێعدام لەقەڵەم داوە.
ساڵی ڕابردوو، محەممەد جەواد لاریجانی، جێگری نێونەتەوەیی و دەبیری شورای مافی مرۆڤی هێزی قەزایی حکوومەتی ئیسلامی، بە ماڵپەڕی \"میزان\"ی گوتبوو: \" ڕێژەی زۆری ئێعدامە پەیوەندیدارەکان بە مادە هۆشبەرەکان، بەپێی یاسای جێبەجێ‏کراو و ئەو ڕێژە بەرزە، پرسێکی خەمهێنەرە\".

توێژینەوە ئامارییەکان دەریدەخەن کە هەڵسوکەوتی توندوتیژ وەکوو دەرکردن و جێبەجێکردنی لەڕادەبەدەری سزای ئێعدام، لەهەمبەر گەشەی گیرۆدەبوون بە مادە هۆشبەرەکان لەئێراندا، نەبووەتە بەربەست.

دام و دەزگاکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ بەردەوام پیداگرییان لەسەر ئەوە کردووە کە ئێعدامەکان لەئیراندا بە مەبەستی پێکهێنانی کەشی ترس و دڵەڕاوکێ ئەنجام دەدرێت.

بە پشتبەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زیاتر لە ٩٢٠ هاووڵاتیی ئێرانی لەماوەی ئەمساڵی زایینییەدا لە سێدارە دراون کە بە وتەی بەرپرسانی حکوومەت، نزیکەی ٩٠%ی ئەو ڕێژەیە ڕاستەوخۆ لە پەیوەندی لەگەڵ کڕین و فرۆشتنی مادە سڕکەرەکاندا بووە.