ئێران لە ٧٧%ی وڵاتانی جیهان گەندەڵترە

21:20 - 24 سەرماوەز 2715
ئاژانسی كوردپا: ئابووریناسەكان لە سەر ئەو باوەڕەن كە ئێران لە بواری خەبات لە دژی گەندەڵی، پلەیێكی باشی نیە و لە ٧٧%ی وڵاتانی جیهان گەندەڵترە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی كە بڵاو بوونەتەوە، فەرشید موئمنی ڕایگەیاندووە كە سەرەڕای ئەوەی كە لە ساڵی ١٣٥٥ەوە، دەسەڵاتی ئێران بڕیاری داوە كە بە شێوەیەكی سیستماتیك لە دژی گەندەڵی هەوڵ بدات، بەڵام سەرژمێرییەكان ئەوە دەسەلمێنن كە سەرەڕای هەوڵدان بۆ دامەزراندنی ڕێكخراوگەلێكی زۆر بۆ دژایەتی لەگەڵ گەندەڵی، هەر بەو ڕادەیەش گەندەڵی پەڕەی سەندووە. بەپێی ئاماری ڕێكخراوی \"شەفافیەتی نێونەتەوەیی\" لە نێو ١٧٥ وڵاتدا، ئێران لە ڕیزی ١٣٦ دایە.

بنكەی سەرەكیی ڕێكخراوی \"شەفافیەتی نێونەتەوەیی\" لە وڵاتی ئاڵماندایە، كە هەموو ساڵێك لە سەر بنەمای \"گەندەڵی، دزی، بەرتیل، بەرتیل وەرگرتنی دەزگای دادوەری، گەندەڵیی ماڵیی كاربەدەستان و سیاسەتمەدارەكان و ئاستی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ بازرگانی بە مادە هۆشبەرەكان، ڕاپۆرتی خۆی بڵاو دەكاتەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی كە ڕێكخراوی \"شەفافیەتی نێونەتەوەیی\" لە ساڵی ڕابردوودا بڵاوی کردۆتەوە، كەمترین ڕێژەی گەندەڵی لە وڵاتانی وەك دانمارك و فەنلاند و سوید و نۆروێژدایە.