ئێران لە دونیا پلەی یەكەمی لە بەكارهێنانی تریاكدا هەیە

16:31 - 7 جۆزەردان 2712
كوردپا: لیپرسراوی گشتیی پزشك قانوونی حكوومەتی ئێران رایگەیاند، بەكارهێنانی تریاك لەنێو وڵاتی ئێراندا بۆتە قەیرانێكی چارەسەر نەكراو و لە ئێران بەكارهێنانی ئەو جۆرە لە مادەی سڕكەر لە ئاستی دونیادا یەكەمە.

هەواڵدەریی ئیسنا لە زاری \"قەدیرزادە\"وە بڵاوی كردەوە، بە ریز جۆرەكانی مادەی هۆشبەر وەك: تریاك، هێروئین و شیشە زۆرترین بەكارهێنەریان لە ئێراندا هەیە.

پێشتریش لێپرسراوێكی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران رایگەیاندبوو، ئامارێكی راستەقینە و جێگای باوەڕ لە رێژەی موعتادان لە ئێران لەبەر دەستدا نیە، بەڵام نێونجی تەمەنی بەكارهێنەرانی مادە هۆشبەرەكان 25 هەتا 29 ساڵە.

\"4674.jpg\"

محەممەد سادق فەتحوڵڵاهی لێپرسراو لە ناوەندی ستادی خەبات بەدژی مادەسڕكەرەكان وتبووی: بەپێی ئەو توێژینەوانەی كە كراون لە سەدا 99‌ی ئەو كەسانەی كە موعتادن، پێشتر سیگاری بوون.

پپێشتریش ئامارێك دەربڕی ئەوە بوو كە تەمەنی تووشبوان بە مادە هۆشبەرەكان لە ئێران 29 ساڵە و بەپێی ئامارەكان 93%ی موعتادان پیاو و 7%ی دیكەیان لە ژنان پێكهاتوون.

بەپێی دوایین ئاماری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەمەڕ رەوشی مادە هۆشبەرەكان لە ئێران، زیاتر لە 70 لەسەدی تووشبوان بە نەخۆشیی ئیدز لە ئێران پێشتر تووشی مادە هۆشبەرەكان بوون.
\"4673.jpg\"
شیشە مادەیەكی ماڵ وێرانكەر:
بەپێی ئاماری ناوەندی خەبات بەدژی مادە سڕكەرەكان، لە ئێراندا 27 هەزار كەس بە شێوەی بەردەوام مادەی شیشە بەكار دەهێنن.

لە كۆی گشتیی ئەو بەكار هێنەرانە 90%یان تەمەنیان لە خوار 29 ساڵەوەیە.