ئێران ١٠٠ بەرابەری ساڵی رابردوو گەنمی هاوردە کردووە

19:50 - 28 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەبەر مەترسیی بەردەوام بوونی گەمارۆکان ١٠٠ بەرابەری ساڵی رابردوو گەنمی هاوردە کردووە.

هەواڵدەریی \"پانا\" لە زاری \"محەممەد حەریری\" بەرپرسی \"کۆمیتەی هاوردە کردن\"وە بڵاوی کردەوە، کە وڵاتی ئێران بەبەراورد لەگەڵ سالی رابردوو ١٠٠ بەرابەر گەنمی لە وڵاتانی دیکەوە هاوردە کردووە.

ئەو بەرپرسە رایگەیاند: ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی ٥٢ هەزار تۆن گەنم بە بڕی ١٥ میلیۆن دۆلار هاوردە کراوە کە ئەو رێژەیە تەنیا لە ماوەی ٩ مانگی ئەمساڵدا بۆ ٥ میلیۆن تۆن گەنم و بەبڕی ٨٨٢ میلیۆن زیاد بوونی بە خۆیەوە بینیوە.

لە چەند مانگی رابردوودا کۆمەڵێک لە نوێنەرانی مەجلیس لەمەڕ زیادبوونی هاوردە کردنی گەنم رەخنەیان لە \"مەحموود ئەحمەدی نژاد\" سەرکۆماری ئێران گرتبوو و رایانگەیاندبوو کە ئەم کارەی دەوڵەت خەساری قەرەبوو نەکراوەی بۆ وەرزێڕان و جوتیاران بە دواوە دەبێت.

ئەمساڵ وڵاتی ئێران بەرەوڕووی کەمیی گەنم بۆتەوە و بەم هۆیەوە دەستی داوەتە کڕینی گەنم لە وڵاتانی دەرەوە، بەڵام هاوردە کردنی ئەو رێژەیە زۆربەی بەرهەم هێنەران بەرەوڕووی زیان دەکاتەوە.

ماوەیەک پێش ئێستا رۆژنامەی \"نیشن\"ی پاکستان لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هەتا کۆتایی مانگی \"ژانویە\"ی ئەمساڵ ١٠٠ هەزار تۆن گەنم لە وڵاتی پاکستانەوە هاوردە دەکات.

هاوردە کردنی ئەو رێژە گەنمە لە کاتێک دایە ئەمساڵ بە هۆی دیاری کردنی نرخی کەمی گەنم لەلایەن دەوڵەتەوە، زۆربەی وەرزێڕان و جوتیاران بە ناچاری گەنمەکانیان بە ئاژەڵداران و کێڵگە پەلەوەرییەکان فرۆشتبوو.