٢٨ی رەزبەر لەبەردەم مەجلیسدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی یارسانییەکان بەڕێوە دەچێت

16:09 - 17 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییانی یارسانی رێکەوتی ٢٨ی مانگی رەزبەری ئەمساڵ لەبەر دەم بینای مەجلیسی ئێراندا کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی بەرێوە دەبەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بڕیارە رۆژی ٢٨ی مانگی رەزبەری ئەمساڵ هاووڵاتییانی یاری، لەمەڕ کەمتەرخەمیی بەرپرسانی حکوومەتی سەبارەت بە پشت گوێ خستنی داواکاریی یارسانییەکان، لەبەر دەم مەجلیسی ئێراندا کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی بەڕێوە بەرن.

بەپێی راگەیاندراوێک کە چالاکانی یاری بڵاویان کردبوویەوە، بڕیار بوو ٢١ی رەزبەر ئەو کۆبوونەوەیە بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی پشووی چاوەڕوان نەکراوی مجلیس، رێکەوتی ئەو کۆبوونەوەیە بۆ ٢٨ی رەزبەر گۆڕانی بەسەردا هات.

لە بەشێک لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، \" ٤ مانگ بەسەر گیان لەدەست دانی محەممد نەزەری‌دا تێدەپەڕێت، بەڵام بەداخەوە نەتەنیا هیچ بەرەوپێشڤەچوونیک لە پێڕاگەیشتن بە دۆسیەی یارسانییەکاندا بەدی نەکراوە، بەڵکوو سووکایەتی کردنی ناوەندە حکوومەتییەکان بە هاووڵاتییانی یاری، بواری بۆ خۆسووتاندنی زیاتر رەخساندووە\".

رێکەوتی ١٩ی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ و دوابەدوای خۆسووتاندنی سێ هاووڵاتیی یارسانی، خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی لەبەر دەم ئوستانداریی کرماشان بەڕێوەچوو کە تیایدا خوازیاری \"بە فەرمی ناسینی ئایینی یاری، خوێندن بە زمانی زگماکی، سزا دانی ئەنجامدەرانی سووکایەتی کردن بە کیومەرس تەمەناک لە زیندانی هەمەدان\" بوون.

هەر وەک لەو راگەیاندراوەی ئەو چالاکانەدا هاتووە، سەرجەم ئەو داخوازییانە پشت گوێ خراون و رەوتی سووکایەتی کردن بە هاووڵاتییانی یارسانی لە دووپات بوونەوە دایە\".

دوابەدوای ئەوەی کە کیومەرس تەمەناک لە زیندانی ناوەندیی هەمەدان سووکایەتی پێکرا سێ هاووڵاتیی یارسانی بەناوەکانی \"حەسەن رەزەوی خەڵکی هەمەدان\"، \"نیکمەرد تاهیری خەڵکی سەحنەی کرماشان\" و \"محەممەد قەنبەری خەڵکی شاری قەزوێن\" ئاگریان لەجەستەی خۆیان بەردا و گیانیان لەدەست دا.

دوایین حاڵەتی سووکایەتی کردنی ناوەندە حکوومەتییەکان بە هاووڵاتییانی یارسانی لە کۆتاییەکانی مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا بوو کە یەکێک لە پەیڕەوانی ئایینی یاری بەناوی \"سەفەر فەرجی\" تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی هەشتگردی کەرەج لەلایەن مەئمووران و هەروەها بەرپرسی زیندانی شاری تارانەوە بەزۆر سمێلی تاشرا.