ئیلام/ قەیرانی دارایی، ٢٠٠ پیشەگەری بێکار کردووە

15:33 - 30 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: نەبوون و کەمی بودجە لەشارەکی سەنعەتی ئیلام بووەتە هۆی ئەوەی کە زیاتر لە ٢٠٠ کرێکاری خاوەن پیشە لەکەرتە بەرهەمهێنەرەکاندا چارەنووسی کارەکانیان ناڕوون بێت.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شارەکی سەنعەتی ئیلام لەچەند حەفتەی رابردوودا لەگەڵ کەمی بودجە و پارە بەرەڕوو بۆتەوە و ئەو دۆخەش بێکار بوونی ژمارەیەک پیشەگەری لێکەوتووەتەوە.

لەئەنجامی داخرانی سێ کەرت و کارگەی بەرهەمهێنەری ئەو شارەکە، زیاتر لە ٢٠٠ کەس دۆخی پیشەکانیان ناڕوونە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەئیلام وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە بە هەواڵنێری کوردپای وتووە، بە داخەوە لە دوو مانگ لەمەوبەرەوە کارگەکانی پلاستیک سازی، بیسکویت سازی و وشکەبار کارەکانیان بە شێوەی نیوە چالاکی لێهاتووە.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد، فەرمانداریی، نوێنەرانی مەجلیس و تەنانەت ئوستانداریش خۆیان لە بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە بواردووە و توانای چارەسەریی کێشەکانیان نیە.

دەوترێت لە شارەکی سەنعەتی ئیلام نزیک بە ١٩٠ حاڵەتی گرێبەست بوونی هەیە.
تێکشکانی ئابووری بەشێک لەشارەکی سەنعەتی ئیلام لە حاڵێکدایە کە پێشتر مورتەزا دارایی سەرپەرەستی ئەو شارەکە باسی لە تەرخان کردنی ١٢ هەزار ملیارد بودجە بە شارەکە نیوەکارەکان بە تایبەت ئیلام کردبوو.

کارناسانی بواری کاروباری ئابووری لەو باوەڕەدان، پشتیوانی نەکردنی دەوڵەت و هاوکاری نەکردنی بانکەکان دۆخێکی وای دروست کردووە کە کارگە بەرهەمهێنەرەکان بەرەوە داخران بچن.

پێشتریش چالاکییەکانی کارگەی فوولادی ئەیوان غەرب لە دەسپێکی ساڵی تازەوە راوەستابوو و ٤٥ کرێکاریش بێکار کرابوون.