ئیدریس ئەحمەدی: \"هەڵکردن(تعامل)ـی ئەمریکا لەگەڵ ئێران بە واتای سازکردنەوەی پەیوەندیی ستراتیژیک نییە\"

 

ئاژانسی کوردپا: پاش ٣٥ ساڵ ململانێ و مشتومڕی سیاسی لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، ئەو دوو وڵاتە لە ٢٤ی نۆڤامبری ٢٠١٣ی زایینی‌دا بەشێوەی فەرمی پێکەوە دانیشتن.
حەسەن رۆحانی لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا رایگەیاندبوو: \"هیچ وڵاتێک بەبێ هەبوونی پەیوەندییەکی چالاک پەرە ناگرێ و بە گۆشەگیری هیچ پێشکەوتنێک دەستەبەر نابێت\".

سەرکۆماری حکوومەتی ئێران گوتبووشی: \"پێویستە پەروەندەی ناوکیی ئێران لە شۆرای ئەمنیەت بێننە دەرێ و دەبێ هەوڵیش بدەین گەمارۆکان لا بچن، چونکە ئەمە دەستەڵاتخوازیی ئەمریکایە\".

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بۆ لێکدانەوەو تاوتوێ کردنی دانیشتنەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوایی و هەروەها ئەنجامە ئیحتماڵییەکانی ئەو دانیشتنانە لەگەڵ ئیدریس ئەحمەدی، لێکۆڵەر لە زانکۆی ستۆکهۆلم، دیمانەیەکی تایبەتی پێکهێناوە.

ئەو مامۆستاییە زانکۆی سوید و دوکتورای زانستە سیاسییەکان لەو باوەڕەدایە، نەک سیاسیەتی بنەڕەتیی باڵی توندڕەوی حکوومەتی ئێران بە بەراورد لەگەڵ باڵی رێفۆرمخواز لە پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکادا گۆڕدراوەو هاوکات ئیدارەی ئۆباماش درێژەدەری سیاسەتەکانی دەولەتی جۆرج بووشە.

دەقی دیمانەی ئاژانسی کوردپا لەگەڵ دوکتور ئیدریس ئەحمەدی

کوردپا: ئامادەگیی ئێران بۆ دانوستاندن لە گەڵ رۆژئاوا و بە تایبەت ئەمریکا لە سەر بەرنامە ناوکییەکەی بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

ئیدریس ئەحمەدی: بە بڕوای من بۆ گاریگەربوونی ئەو گەمارۆیانەی کە وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا، خانمی هیلاری کلینتۆن، کاتی خۆی وەک \"گەمارۆی ئیفلیج هێنەر\" ناوزەدی کردبوو، دەگەڕێتەوە. دانوستاندن و تەنازولکردن لەلایەن ئێرانەوە، کە ئاکامەکەی تاکوو ئێستا رێکەوتنێکی کاتی بووە، نە ڕەنگدانەوەی سیاسەتی جەناحییە لە ئێران و نە ڕەنگدانەوەی پاشگەزبوونەوەی کۆماری ئیسلامییە لە ئامانجی وەدەستهێنانی چەکی ناوکی. بۆیە رژیمی ئیسلامی لە تاران لە ناچاریدا تەنازولی کردووە.

کوردپا: هاتنە سەرکاری رۆحانی دەوری نەبووە لەم پرۆسە دیپلۆماسییەدا؟

ئیدریس ئەحمەدی: هۆی ئەو تەنازولە ناگەڕێتەوە بۆ هاتنەسەرکاری رۆحانی یان میانەڕەوبوونی ناوبراو. زەمینەی ئەو رێکەوتنە کاتییە لە ئاکامی چەند دانیشتنێکی نهێنێ نێوان کاربەدەستانی ئەمریکا و ئێران هاتە ئاراوە. دانیشتنەکان پێش هەڵبژاردنی سەرکۆماری و هاتنەسەرکاری رۆحانی ئەنجامدرابوون. گرنگ ئەوەیە عەلی خامنەیی، دەستەڵاتداری ئەسڵی کۆماری ئیسلامی، بەو ئاکامە گەیشتووە کە دانوستاندن و تەنازولکردنی کاتی لە بەرژەوەندی رژیمدایە. هاوکات کۆماری ئیسلامی بەردەوامە لەسەر بەرفراوانکردنی ژێرخانی بەرنامە ناوکییەکەی و سوورە لەسەر پیتناندنی ئورانیوم لە نێوخۆیی ئێراندا.

کوردپا: هاوکات باس لەوە دەکرێ ئێستا زەمینە لەبارە بۆ سازکردنەوەی پەیوەندی ستراتژیک لە نێوان ئەمریکا و ئێران. چاوەدێرانی سیاسی سەرهەڵدانی \"داعش\" لە عێراق وەکوو خەتەرێکی هاوبەش لەسەر بەرژوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران لە عێراقدا لەقەڵەم دەدەن و باس لە سیاسەتی (بۆرد بۆرد)ی ئێران لەگەڵ ئەمریکادا دەکەن. هەڵبەت دەگوترێ ئەو دوو وڵاتە لە ئەفغانستان و هێندێک شوێنی دیکەش بەرژوەندی هاوبەشیان هەیە. ئەو جۆرە لێکدانەوەو پێشبینییانە چەندە لەجێگەی خۆیاندان؟

ئیدریس ئەحمەدی: ئەو لێکدانەوەیە لەمەڕ سازکردنەوەی پەیوەندی ستراتژیک دروست نییە. هۆیەکەشی ئەوەیە کێشەی نێوان رژیمی ئێران و ئەمریکا لە بنەڕەتدا کێشەیەکی ئایدیۆلۆژیکە. پێش ئەوەی رژیم لە ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا بگۆڕدرێت، ئێران هاوپەیمانی نزیکی ئەمریکا بوو. دوای ئەوەی رژیم لە تاران گۆڕدرا، ئەو دوو وڵاتە بوونە دوژمنی یەکتر. زۆر جار دەگوترێ ئەم دوژمنایەتییە لە بەرژەوەندیی ناکۆکەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام پرسیار لێرەدایە کە ئاخۆ چییە وایکردووە بەرژەوەندییەکانیان پێکەوە ناکۆک بن. من لەو باوەڕەدام ناتوانین لێکدانەوەیەکی دروست لەو بارەوە بکەین، بەبێ ئەوەی دەوری ئایدیۆلۆژی لە پێناسەکردنی بەرژەوەندی هەردوولا لەبەر چاو بگرین.

راستە ئێستا ئەمریکا و ئێران لە پرۆسەی هەڵکردندان (تعامل) لەگەڵ یەکتر، بەڵام دەبێ جیاکارییەک لە نێوان هەڵکردن بە مەبەستی هێندێک کڕینی کات یان دیتنەوەی چارە بۆ قەیرانی ناوکی ئێران و هەڵکردن بۆ نۆرماڵکردنەوەی پەیوەندیی یان گرتنی پەیوەندی ستراتژیکدا لە نێوان هەردوولادا بکەین.

ئەمریکاییەکان لە دوای ئەوەیکە خاتەمی هاتەسەر کار بە روونی رایانگەیاند، کە دەیانهەوێ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێراندا ئاسایی بکەنەوە. پێیان وابوو رێفورم لە نێوخۆی ئێراندا دواجار رەنگدانەوەی لە سیاسەتی دەرەوەی تاراندا دەبێ.

ئەمریکاییەکان هەروها لە ساڵی ١٩٩٤ی زایینی‌یەوە دانوستاندنیان لەگەڵ رژیمی کۆریای باکوور کرد، بەڵام لەوێ خاتەمییەک نەبوو، کە باس لە رێفۆرم بکات.

کەوابوو هەر کات سیاسەتی هەڵکردن و دیپلۆماسی هاتەگۆڕی بە مانای نۆرماڵ کردنەوەی پەیوەندی یان سازکردنی پەیوەندی ستراتژیک نییە. نۆرماڵ کردنەوەی پەیوەندییەکان لە کاتێکدا روو ئەدات، کە یەکێک لەو لایەنانە خۆی گۆڕیبێت. ئێستا رژیمی ئێران دەیهەوێ لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەرمارۆکان یان لانیکەم بەشیک لە گەمارۆکان لە بەرنامە ناوکییەکەی پاشەکشە بکات.

هەرچەند لە نێوخۆی ئەمریکادا کۆمەڵێک خەڵک دەڵێن دەرفەتی ئەوە هەیە پەیوەندییەکانیان لە رووی ستراتژیکەوە لەگەڵ ئێران بگۆڕین و هێندێ کەسیش بۆ سەلماندنی دروستبوونی وەرچەرخانێکی لەو چەشنە ئاماژە بە مسۆگەرکردنی هاوپیەمانی لەگەڵ چین لە ساڵی ١٩٧٢ بەدواوە دەدەن.

ئەمە شتێکی ئەستەم بوو بەلەبەرچاگرتنی جیاوازی ئایدیۆلۆژی لە نێوان ئەمریکا و چیندا. زەمینەی ئەو هاوپەیمانییە تایبەت بوو.

چین و ئامریکا هەردووکیان دەسەڵاتی سۆڤییەتیان بە خەتەر دەزانی. بەڵام زەمینەی ئەو جۆرە هاوپەیمانییە لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە کاتی ئێستادا وجوودی نییە.

کوردپا: بۆ لەبار نییە؟

ئیدریس ئەحمەدی: یەکەم ئەوەیکە ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتی ناڤین لە گۆڕێدایە توندڕەویی سوننی‌گەرییە، بەڵام چەندە سوننی‌گەری توندڕەو بۆ ئەمریکا جێگەی نیگەرانییە، بە هەمان ئەندازەو و بگرە زۆرتریش کۆماری ئیسلامی بۆ وڵاتی ئەمریکا هەڕەشەیە. ئەو مەترسییانەی کە لە ئێرانەوە سەرچاوە دەگرن تەنیا بە دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی سنووردار نین، بەڵکوو پشتیوانیکردنی تیرۆریزم، سیاسەتی پێکهێنانی ناسەقامگیری و دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچە و هاوکات دژایەتی لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەمریکا، بەتایبەت ئیسرائیل، لەخۆ دەگرێت.

دووهەم، هێزە رادیکاڵە سوونییەکان بە ئەندازەی سۆڤییەت جیگەی مەترسی نین بۆ ئەمریکا، کە ئەمریکا ناچار بکات هاوپەیمانی لەگەڵ ئێراندا پێک بێنێت. ئێرانیش رادیکاڵە سونییەکان بەو ئەندازە بەمەترسی نابینێ کە پەیوەندی ستراتژیک لە گەڵ ئەمریکادا سازبکاتەوە. رەنگە بۆ مەسەلەی عێراق و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ چەکدارانی \"داعش\" هێندێک هاوکاری لەنێوان ئێران و ئەمریکادا روو بدا، بەڵام ئەو هاوکارییە بە مانای هاوکاریی ستراتژیک نییە. لە بنەرەتدا بەرژەوەندیی ئێران و ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکەدا، بەگشتی لە دژایەتیدان.

هێندێک کەس دەڵێن ئەمریکا لە کاتی هێرش بۆ سەر ئەفغانستان و تاڵەبان هەلێکی زێڕینی لەدەست دا و دەیتوانی پەیوەندیی ستراتژیک لە گەڵ کۆماری ئیسلامیدا سازبکا. ئەوکات ئێران یارمەتییەکی زۆری زانیاریی بە ئەمریکا دابوو، چوونکە رووخانی حکوومەتی تاڵەبان لە بەرژەوەندیی خۆیدا دەدیت. بەڵام دواتر کە تاڵەبان سەری هەڵدایەوەو دژایەتیی هێزەکانی ناتۆی دەکرد، ئەمریکاییەکان بۆخۆیان گوتیان کە یەکێک لەو لایەنانەی چەک و پارەی دەداتە تاڵەبان، کۆماری ئیسلامی ئێرانە. ئەم دوو لایەنە (ئەمریکا و ئێران) متمانەیان بە یەکتر نییە و هەتا ئەو کاتەی لە رووی ئایدیۆلۆژییەوە لە ناوچەدا بەرژوەندییەکانیان لە دژایەتی‌دا بێت، ناتوانن پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە، چ دەگا بەوەی ببن بە هاوپەیمان و پەیوەندی ستراتژیکیان هەبێ.

کوردپا: دەوری ئایدیۆلۆژی لە کێشەی نێوان هەر دوو وڵاتدا بە چ شیوەیەک بووە؟

ئیدریس ئەحمەدی: ئێرانی پاش شۆرش بە هۆی ئایدیۆلۆژی ئیسلامییەوە دژایەتی ئەمریکا، ئیسرایل و فەرهەنگی رۆژئاوا دەکا. راستە کە ئێران لە گەڵ وڵاتانی ئەوروپی پەیوەندی هەیە، بەڵام سرنجدانێکی خێرا بە تلێڤزیۆنی دەوڵەت و گوێ گرتن لە وتەکانی سەرانی کۆماری ئیسلامی لە کاتی رۆژی جومعەدا دەری دەخا رژیمی ئیسلامی لە ئێران خۆی لەبەرانبەر رۆژئاوادا پێناسە دەکا و ترسی هەیە لە فەرهەنگی رۆژئاوا. هۆی دژایەتی کردنی ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ دەوری مێژوویی ئەمریکا لە ئێران، بەڵام لەوەش گرینگتر پێگەی ئەمریکایە وەک زلهێز کە دەتوانێ خەتەری هەبێ لەسەر رژیمی ئیسلامی لە ئێران.

وڵاتانی ئورووپایی ئەو هێزەیان نییە و تەنیا بە هاوکاریی ئەمریکا دەتوانن فشار بۆ ئێران بێنن، مەگەر ئەوەی هەموویان پێکەوە یەک بگرن و دژی ئێران راوەستن. ئەوەش کارێکی سانا نییە.

کوردپا: ئایا هەر لە سیاسەتی ده‌روه‌ی حکوومەتی ئیسلامیدا، ئایدیۆلۆژی رۆڵی هەیە؟

ئیدریس ئەحمەدی: نەخێر، ئایدیۆلۆژی لە سیاسەتی دەرەوە و سیاسەتی ئەمنییەتی هەموو دەوڵەتێکدا دەور دەبینێ. مەسەلەکە بڕێک ئالۆزە و رەنگبێ لە چاوپێکەوتنێکدا نەکرێ بە تێروتەسەلی شی بکرێتەوە. ئایدیۆلۆژی هەموو کاتێک دەور نابینێ. ئەگەر رژیمێک لەگەڵ خەتەرێکی جیدیدا بەرەوڕوو بێتەوە، بۆ مانەوەی خۆی دەتوانێ بە شێوەی کاتی چاوپۆشی لە مەسەلەی ئایدیۆلۆژی بکا و لە گەڵ لایەنێک کە زۆر لە خۆی لە رووی ئایدیۆلۆژییەوە جیاوز بێ، ببێتە هاوپەیمان. بۆ نموونە رۆژئاوا و یەکییەتی سۆڤییەت دژ بە ئاڵمانی نازی یەکیان گرت و شکستیان پێ هێنا، بەڵام دواتر ئەمریکا و سۆڤییەت چەندین دەیە شەڕی ساردیان لەگەڵ یەکتر کرد. یان ئەگەر بەرژەوەندی ئابووری وا بخوازێ، ئایدیۆلۆژی کەمڕەنگ دەبێتەوە. هاوکات بۆ هێندێک رژیم ئایدیولۆژی دەوری بەرچاوترە، بە تایبەت ئەوانەی کەلە ئاکامی شۆڕشدا شکڵیان گرتبێ یان زۆر بەهێز و بەتوانا بن و ترسیان نەبێ لە گرتنەبەری ئامانجی ئایدیۆلۆژی، وەک بۆ نموونە گۆڕینی رژیم لە وڵاتی دیکەدا.

بە گشتی دەتوانین بڵێین ئەو دەوڵەتانەی لە ڕووی ئایدیۆلۆژیی و مەرامی سیاسییەوە لێک نزیکن، دۆست و هاوپەیمانی یەکترن. ئەو دەوڵەتانەی لە ڕووی ئایدیۆلۆژی و مەرامی سیاسییەوە لێک دوورن، زۆر جار دەکەونە دژایەتکردنی یەکتر و تەنها ئەگەر بەرەوڕووی دوژمن یان خەتەری هاوبەش دەبنەوە، دەتوانن بەشێوەی کاتی هاوکاری یەکتر بکەن. هۆکاری ئەمەش بۆ دەوری ئایدیۆلۆژی لە پێناسەکردنی بەرژەوەندیی هەر رژیم یان دەوڵەتێک دەگەڕێتەوە.

کوردپا: بۆچی حکوومەتی ئێران بۆ نفووزی خۆی لە ناوچەکەدا، وەکوو ئامرازێک کەڵک لە ئیسلامی سیاسی وەردەگرێت؟

ئیدریس ئەحمەدی: ئیسلامی سیاسی خودی رژیم پێناسە دەکات و بە بێ ئەو ئایدیۆلۆژییە سەرانی رژیم ناتوانن رەواییەت بدەن بە مانەوەیان لەدەسەڵات لە نێوخو یان بۆ وەدەستهێنانی نفوز لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤیندا. ئایدیۆلۆژی لەم رووەوە لە خزمت دەسەڵاتخوازیدایەوە و ناکۆکییەک لە نێوان ئامانجی ئایدیۆلۆژی و دەسەڵاتخوازیدا نابینم. ئایدیۆلۆژی ئیسلامی هەروها بەرژەوەندیی ئەمنیی رژیمی پێناسە کردووە. بۆیە دەبینین سیاسیەتی دەرەکیی دەسەڵاتدارانی ئێران رەنگدانەوەی ئایدیۆلۆژی ئیسلامی و تایفییە. بۆ نموونە ئێران هەمیشە بە پەرۆشەوە لە وڵاتی عێراق دەڕوانێت و هەوڵ ئەدات رژیمێکی شیعە یان تایفی بێنێتە سەرکار، چونکە بۆخۆیشی حکوومەتێکی تایفی‌یە. لە وڵاتی لوبنانیش بە هەمان شێوەیەو لە رێگەی حیزبوڵڵاوە، رێکخراوێک کە هەڵگری ئایدیۆلۆژی شیعەیە، دەستێوەردان دەکات. لەگەڵ رژیمی سووریاش ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵە هاوپەیمانیەتی هەیە. هەرچەند رژیمی سووریا رژیمێکی سێکولارە، بەڵام ئەوانەی لەدەسەڵاتدان عەلەویین و مەزهەبی عەلەویش شاخەیەکە لە شیعەگەری. لە سووریەدا کەمینەن و لە ترسی زۆرینەی سوونە لە نێوخۆی وڵات و لە ناوچەکە بە گشتی، بەرژەوەندیی حیزبی بەعس لە سوورییە کاتی خۆی لەگەڵ حیزبی بەعس بە سەرکردایەتیی سوونە لە عێراقدا ناکۆک بوو، بەڵام دەبینین بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ رژیمی تایفی لە ئێران لە یەک راستادان.

کوردپا: ئاخۆ لە سیاسەتی ئەمریکادا ئایدیۆلۆژی بەو شێوەیە دەوری وا بەرچاوی هەیە؟

ئیدریس ئەحمەدی: ئەگەر سەرنجی سیاسەتی ئەمریکا بدەین، هەمان راستیمان لەمڕ پەیوەندی نێوان ئایدیۆلۆژی و سیاسەتی دەرەوە بۆ دەردەکەوێ. راستە ئەمریکا لەسەردەمی شەڕی سارددا لە ئەمریکای لاتین و رۆژهەڵاتی ناڤین پێداگری لەسەر بڵاو کردنەوەی دێمۆکراسی نەدەکرد، بەڵام بۆی گرینگ بوو رژیمگەلێک لەسەر کار بن، بەتایبەتی لە وڵاتێک وەکوو ئێران، کە دژی کۆمۆنیزم بن. هەر بۆیەش هاوپەیمانی شای ئێران بوو. لە سەردەمی شەڕ سارددا پشتیوانیی عەربستانی سعوودی و ئێرانیان دەکرد، بۆ ئەوەی بتوانن لە بەرامبەر عێراق و سۆڤییەتدا راوەستن، بەڵام پاش ئەوەی سۆڤییەت رووخا، ئەمریکا ستراتژییەکەی خۆی لە راگرتنی پارسەنگی هێزەوە بۆ مەهار کردنی ئیڕان و عێراق گۆڕی. جیاوازیی نێوان ستراتژی مەهارکردن لەگەڵ راگرتنی پارسەنگی هێز لەوەدایە کە مەهارکردن دواجار بەستێن بۆ گۆرینی رژیم ساز دەکات. ئێمە بینیمان ئەمریکا، دوای ١١ سپتامبر، سیاسیەتێکی یەکجار روونی گۆڕینی رژیمی گرتەپێش و ویستی لە عێراقەوە دەست پێ بکا و دواجار هەموو رۆژهەڵاتی ناڤین بەرەو دێموکراسی ببا، چوونکە بەو نەتیجە گەیشتبوون بڵاوکردنەوەی دێموکراسی لە بەرژوەندی ئاسایشی نەتەوییاندایە. هەوڵیان دا ئەزموونی جێگیرکردنی دێموکراسی لە ئاڵمانی رۆژئاوا، ئیتالیا و ژاپۆن لە عێراقدا دووپاتکەنەوە.

کوردپا: ئەمریکا بە چ هۆکارێک ستراتژیی خۆی گۆڕی؟

ئیدریس ئەحمەدی: هۆی ئەوەی ستراتژی خۆیان لە راگرتنی پارسەنگی هێزەوە بۆ مەهارکردن گۆری و دواجار رژیمیان لە عێراقدا لە رێگای هیزی نیزامییەوە روخاند، دوژمنایەتی ئێران و عێراق بوو لەگەڵ ئەمریکا لەلایەکەوە و لەلایەکی دیکەوە ئەو راستییەی کە ئەمریکا پاش شەڕی سارد لە لوتکەی دەسەڵاتی خۆیدا بوو. هەزینەی ئەو ستراتژیە بەرزەفڕ و گرانەی هەبوو.

کوردپا: بەڵام ئێستا وێ دەچێ ئەمریکا گۆڕینی حکوومەتی لە ئێراندا ئامانج نەبێ و ئیدارەی ئوباما داوای \"گۆڕینی کردار\" یان \"گۆڕینی سیاسەت\" لە ئێران دەکەن. هۆی ئەم وەرچەرخانە لە سیاسەتی ئەمریکادا چییە؟

ئیدریس ئەحمەدی: ئەمریکا پاش دوو شەڕی پڕهەزینە لە ئەفغانستان و عێراق و هەروها قەیرانی ئابووری لە ساڵی ٢٠٠٨ بەدواوە ناچار بووە پێداچوونەوە بە ستراتژیی خۆیدا بکات. من وای بۆ دەچم ئەمریکا ئێستا گەڕابێتەوە بۆ ستراتژی راگرتنی پارسەنگی هێز لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا. بەڵام بارودۆخی ناوچەکە وەکوو سەردەمی شەڕی سارد نییە. ئێستا کێشە لە نێوان سوونە و شیعەدایە و دەیانهەوێ پارسەنگ لە نێوان ئەم دوو لایەنەدا رابگرن. ئەگەر سەرنجتان دابێ، تاکوو ئێستا ئەمریکا دژ بە \"داعش\" هێرشی نیزامی ئەنجام نەداوە لە کاتێکدا زۆر بە ئاسانی دەتوانن هێرشی هەوایی بکەنە سەر. ئەوەش نیشان دەدا کە تاکوو ئەو کاتەی \"داعش\" دەسەڵات لە بەغدادا نەخاتە خەتەرەوە، راستەوخۆ نابن بە لایەنێک لەو شەرەدا. دەکرێ بڵێین ئەمریکا هەمان سیاسەت لە سوورییە دەباتە پێش.

لەگەڵ ئەوەش ئەمریکا هەوڵی داوە عێراقێکی مەرکەزی و بەهێز ساز بکاتەوە و بیکا بە دۆستی خۆی. وای بۆ دەچم ئەمریکا، هەم لەسەردەمی بووش و هەم لە ئێستادا، چاوەڕوانیان ئەوە بێ لە عێراقدا ناسیۆنالیزمی عەرەبی بەسەر تایفەگەریدا زاڵ بێ و عێراقێکی مەرکەزی بە یارمەتی ئەمریکا بتوانێ هەم لەبەرانبەر ئێراندا سەربەخۆ بێ و هەم پارسەنگی هێز لە ناوچەکەدا بە قازانجی رۆژئاوا رابگرێ. بۆیە ئەمریکا دژایەتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکا و هەروها پێ داگری لەسەر یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکا. زەمان نیشانی دەدا ئەم لێکدانەوەی ئەمریکا دروست بێ یان نا، بەڵام هەر لە ئێستاوە نیشانەکان وای دەردەخەن کە ئەستمە ناسیۆنالیزمی عەرەبی بتوانێ زاڵ بێ بەسەر تایفەگەریدا.

لەلایەکی دیکەوە ئەمریکا کاتێک داوای گۆڕانی کردار یان گۆڕانی سیاسەت لە ئێران دەکا، ناراستەوخو ئەوە بە مانای گۆڕینی رژیمە لە ئێراندا. ئەگەر کۆماری ئیسلامی کردار یان سیاسەتی خۆی بگۆڕێ، ئەوجا یانی رژیم لە ئێراندا گۆرداراوە، تەنانەت ئەگەر خامنەیی و ئەوانی دیکەش لەسەر دەسەڵات بمێننەوە. بەڵام بێ گومان گۆڕانی کردار یان سیاسەت لە لایەن ئێرانەوە روو نادات، مەگەر ئەوەی بە شێوەیەکی کاتی بێ کە واز لە پشتیوانیکردنی تیرۆرزم بێنن یان بە شێوەی کاتی پیتاندانی ئورانیوم رابگرن. ئەوەش پەیوەستە بەوەوە کە چەندە فشاری دەرەکیان لەسەر بێ. کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوەی خۆی تەنازول دەکا و تەنانەت ئەگەر پێویستش بێ لەگەڵ ئەمریکا هەڵدەکات، بەڵام واز لە سیاسەتە ستراتژیکەکانی ناهێنێ. هەروها ئەمریکا بنەمای سیاسەتی مەهارکردنی کۆماری ئیسلامی لەمێژ ساڵە داناوە و تاکوو توانایی بمێنێ، درێژە بەو سیاسەتە دەدا. ناردنی نامە لە لایەن ئوباماوە بۆ خامنەیی یان دانی پەیام لە کاتی نەورۆزدا ئەو راستیە ناگۆری.

کەوابوو سیاسەتی گۆرینی رژیم لە شکڵی مەهارکردنی ئێراندا وەلانەدراوە و خامنەیی ئەمە بە باشی دەزانێ.

کوردپا: ئاخۆ دیپلۆماسی کۆماری ئیسلامی دەتوانێ سەرکەوتوو بێت لە پێناو لابەردنی گەمارۆکاندا؟

ئیدریس ئەحمەدی: ئەگەر کۆماری ئیسلامی رێگە بە پشکێنەرانی ئاژانس بدات کە بنکە ناوکییەکان بە وردی بپشکنن، لەو ریگەیەوە دەتوانێ متمانەی رۆژئاوا بەدەست بێنیت یان لانیکەم ئەو هاوپەیمانییەی کە ئیدارەی ئۆباما لەمەڕ سەپاندنی گەمارۆکان پێکی هێناوە، دەتوانێ کەلێن لە نێوانیادا دروست بکات. ئەگەر کەلێنێک لە نێوانیادا دروست بوو، ئەمریکا ناتوانێ تاکلایەنانە یان بە یارمەتیی چەند وڵاتێکیش ئەو گەمارۆیانە بە شێوەیەکی کاریگەر بسەپێنیت.

نابێ لە بیر بکەین ئەو گەمارۆیانەی کە بەسەر ئێراندا سەپێندراون، گەمارۆی نێودەوڵەتین و بە تەنیا لەلایەنی ئەمریکاوە نەسەپێندراوە. ئورووپاییەکان پشتیوانیان لێکردووەو رووسیا و چین لە کۆنسەی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان چوا دەورە دەنگیان بۆ سەپاندنی گەرمارۆ بەسەر ئێراندا داوە.

ئەگەر ئێران بتوانێ کەلێن لەم هاوپەیمانییەدا دروست بکات، ئەگەری زۆرە بەبێ ئەوەی بگەنە رێکەوتنێکی دایمیش، گەمارۆکان بەرە بەرە لابچن. بۆ نموونە ساڵەکانی کۆتایی دەسەڵاتداریەتیی سەدام حوسین، سەرەڕای ئەوەیکە ئەمریکا پێشی لەوە دەگرت کە گەمارۆکان لەسەر عێراق هەڵبگیردرێت، بەڵام بازرگانیی نێوان تورکیا و عێراق، ئۆردون و عێراق، لەوانەش سەیرتر ئێران و عێراق وایکرد کە بەشێکی زۆر لەو گەمارۆیانە لەسەر عێراق هەڵبوەشێتەوە.

ئەمریکا بەبێ پشتیوانی و بەبێ هاوپەیمانیی هاوپەیمانەکانی ناتوانێ ئەم گەمارۆیانە لەسەر ئێران رابگرێت. بۆیە رەوتی دانوستانەکان زۆر بە هێواشی بەرەو پیش دەچێت و جگە لەو رێکەوتنە کاتییە، رژیمی ئێران دەیهەوێ کات بکڕێت و لە دەرفەت دەگەرێت بۆ ئەوەی کەلێن بخاتە نێو ئەو هاوپەیمانیەتییە و گەمارۆکان لەسەر خۆی لاببات. ئەگەریش بە رێکەوتنێکی دایمی بگەن، مەرج نییە ئێران بە بەڵێنییەکانی پابەند بێت و هەمیشە دەتوانێ پشکێنەرانی ئاژانس لە ئێران دەربکات. کەوابوو ئەم دیپلۆماسییەی کە ئێستا لە ئارادایە، پێموانییە ئەنجامێکی دڵخوازی رۆژئاوا و بە تایبەت ئەمریکای لێبکەوێتەوە.

کوردپا: رۆڵی لابیی ئێران لە ئەمریکا هەتا چەندە کاریگەر بوو لەوەی کە ئەمریکا و وڵاتانی ٥+١ لەگەڵ وڵاتی ئێران بکەونە دانوستانەوە؟

\"20981.jpg\"

 

 

ئیدریس ئەحمەدی: لابیی کۆماری ئیسلامی لە ئەمریکا وێ دەچی زۆر بەهێز نەبێ. زۆرتر لە میدیاکاندا دەنگیان دەڕوا. هەرچەند لێکۆڵینەوە لەسەر لابی کۆماری ئیسلامی نەکراوە، بەڵام تا ئەو جێگایەی من بزانم، نەیانتوانیوە لە کۆنگرێسی ئەمریکا زۆر سەرکەوتوو بن. نازانم چەندە نفوزیان لەسەر ئیدارەی ئومابا هەبێ، بەڵام جێگەی وەبیر هێنانەوەیە کە سیاسەتی ئەمریکا بەرانبەر بە ئێران لە ساڵی ٢٠٠٥ بەدواوە گۆڕاو و خانمی کاندلیزا رایس بوو قەناعەتی بە بووش هێنا کە هاوکات لەگەڵ سەپاندنی گەمارۆ بەسەر ئێراندا، کۆماری ئیسلامی بانگهێشت بکەن بۆ دانوستاندن. من جیاوازیەکی بنەڕەتی لە نێوان سیاسەتی ئیدارەی بووش و ئیدارەی ئوباما لەهەمبەر ئێران نابینم و پێشبینی دەکەم ئەگەر کۆمارخۆازەکان بێنەوە سەرکار، هەر ئەو سیاسەتە درێژە پێ بدەن. نکۆڵی نفوزی لابی ناکەم، بەڵام ئەو مەسەلانەی پێشتر ئاماژەم پێ دان، دەوری گرنگتر دەبینن.

کوردپا: پێتانوایە کە ئێران لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوایی بگاتە رێکەوتنی داییمی؟ ئەگەر نەگەنە رێکەوتنێکی دایەمی، رۆژئاوا و بەتایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە چ شێوەیەک لەگەڵ ئێران مامەڵە دەکات؟

ئیدریس ئەحمەدی: ئەگەر بگەنە رێکەوتنێکی داییمیش، مەرج نییە ئەو رێکەوتنە جێبەجێ بکرێ. رێکەوتن لەگەڵ کۆریای باکوور سەری نەگرت. هەروها بەردەوام رژیمی بەعس لە عێراق لەمپەری دەخستە بەر پشکێنەرانی ئاژانسی وەزی نێودەوڵەتی. ئێران لەو رووەوە لە کۆریای باکوور و عێراق جیاواز نییە. کەوابوو، رێکەوتن شتێکە، جێبەجێکردنی رێکەوتن شتێکی دیکەیە.

ناکۆکی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوام دەبێ. دیپلۆماسی دەتوانێ لە هێندێک قۆناغدا ناکۆکی نێوانیان هێوەر بکاتەوە، بەڵام بە بێ گۆرینی رژیم لە تاران یان ئەوەی ئەمریکا ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین بەتەواوی بەجێ بێڵێ، دیپلۆماسی ناتوانێ ئەو ناکۆکییانە بنبڕ بکا. جێگای وەبیرهێنانەوەیە ئەمریکا و یەکییەتی سۆڤییەت سەرەڕای هەڵکردن لەگەڵ یەکتردا و پەیوەندی دیپلۆماسی و تەنانەت هاوکاری لە بواری داماڵینی چەکدا، نەیانتوانی پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوەو دوژمنایەتییان تاکوو گۆرینی رژیم لە سۆڤییەت درێژەی کێشا. تاکوو سۆڤیەت هەڵنەوەشایەوە، ئەمریکا وازی لە سیاسەتی مەهارکردن نەهێنا. پێشبینی دەکەم پەیوەندی نێوان ئەمریکا و ئێران بە هەمان ئاراستەدا بروا.

ئیدریس ئەحمەدی لە ساڵی ١٩٧٩ لە کوردستانی ئێران لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٨٧وە لە وڵاتی سوید دەژی. پاش خوێندنی فەلسەفە و زانستی سیاسی، لە زانکۆی ستۆکهۆلم لە ساڵی ٢٠١٣دا بڕوانامەی دوکتورای لە زانستی سیاسیدا وەدەست هێناوە و لە هەمان زانکۆ دەرس دەڵێتەوە.