ئیجلال قەوامی بانگهێشتی دادگای سنە کرا

15:33 - 17 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: وتە بێژی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان بەم زووانە لە دادگای سنە دادگایی دەکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەوڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێ‌شەممە ١٨ی خەزەڵوەر، ئیجلال قەوامی ڕۆژنامەنووسی دانیشتووی شاری سنە، لە لقی سێی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئەو شارە ئامادە دەبێت.

ئەو داکۆکیکارەی مافی مرۆڤ، لەسەر سکاڵای یەکێک لە ئەندامانی شۆرای شاری سنە دادگایی دەکرێت.

نووسینی وتارێک لە لایەن ئیجلال قەوامیەوە سەبارەت بە هەوڵە نایاساییەکانی\"ف،ز\"، بووەتە هۆی بانگهێشت و دادگایی کردنی ناوبرا.

دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە نامەی بانگهێشتەکەیدا، وتە بێژی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستانی بە\"بڵاوکردنەوەیی درۆ و دەلەسە\" تاوانبار کردووە.

ناوبراو لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەند جارێک لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتیی و قەزاییەکانی حکوومەتەوە بانگهێشت و لێپێچینەوەی لەگەڵ کراوە.

ئیجلال قەوامی چالاکیی ڕۆژنامەوانیی خۆی لە ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوییەوە دەست پێکردوە، و ئێستا بە یەکێک لە ڕۆژنامەوانە ناسراوەکانی کوردستان بەئەژمار دێت.