ئیتلاعاتی شاری بانە، لێپرسینەوەی لە باوکی چالاکێکی سیاسی کرد

14:54 - 9 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری بانە، بەهۆی چالاکیی سیاسیی کوڕەکەیەوە، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شارستانی بانەوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، عومەر ئیسافی تەمەن ٦١ ساڵ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شارستانی بانەوە بەرەوڕووی هەڕەشە و فشار بوویەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، رێکەوتی ٦ی رێبەندان بانگهێشتی ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارستانی بانە کراوە.

دەگوترێ، عومەر ئیسافی کە مامۆستای خانەنشین کراوی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانە، بەهۆی چالاکیی کوڕەکەی بەناوی کاوە ئیسافی، بانگهێشت و لێپرسینەوەی کراوە.

\"24446.jpg\"
کاوە ئیسافی چالاکی سیاسی کوردی نیشتەجی وەڵاتی تورکییە
کاوە ئیسافی، لە ساڵی ٨٧ی هەتاوییەوە بەهۆی چالاکیی سیاسی بۆ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامی، زێدی خۆی بەجێهێشتووە.

ئەو مامۆستا خانەنشین کراوە، هەتا نیوەی شەوی رێکەوتی ٦ی رێبەندان لە گرتووخانەی ستادی خەبەریی ئیتلاعاتی شارستانی بانە راگیراوەو لەمەڕ گەڕاندنەوەی کوڕەکەی بۆ ئێران، بەرەوڕووی فشار بۆتەوە.

دەگوترێ، هێزە ئیتلاعاتییەکان هەرەشە مووچە بڕینیان لەو مامۆستا خانەنشین‌کراوە کردووە.

کاوەی ئیسافی، تەمەن ٣١ ساڵ، پەنابەری وڵاتی تورکیایەو بە گوتەی خۆی لە بارودۆخێکی نالەبار و دژواردا ژیان بەسەر دەبات.