كۆڵبەرێكی دیكەی سەردەشتی لەپێناو بژێوی ژیانی گیانیان لێ‌ ئەستاند

20:03 - 2 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: كۆڵبەرێكی كوردی خەڵکی دەورووبەری سەردەشت بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەكانی حكوومەت گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رزگار گەنمان تەمەن 32 ساڵ و خەڵكی ئاوایی \"گەنمان\"ی سەر بە شاری سەردەشت بە تەقەی هێزە ئینتزامییەكانی گیانی لەدەست دا.

رزگار لە خدراوێ سەر بە پیرانشار هەڵكەوتوو لە نێوان گوندی قەبری حوسێن ـ میراوێ‌ ( سەر بە سەردەشت) كەوتۆتە بەر دەستڕێژی هێزی ئینتزامیی حكوومەت و دەستبەجێ‌ گیانی لەدەست داوە.

بە وتەی شایەتحاڵان ئەو هاووڵاتییە بێ‌ ئەوەی هیچ كاڵایەكی پێ‌ بێت تەقەی لێكراوە.

تەرمی رزگار گەنمان رادەستی بنەماڵەكی كراوتەوە.

چەند رۆژ لەمەوبەریش كۆڵبەرێكی دیكەی سەردەشتی بە ناوی مەحموود دیوەلان خەڵكی ئاوایی \"دیوەلان\" بە تەقەی هێزە ئینتزامییەكان گیانی لەدەست دابوو.

هەر لەو پێوەندییەدا دوو كۆڵبەری دیكەش كە ناوی یەكێكیان ساڵح خەڵكی ئاوایی \"هەڵوێ‌\" سەر بە سەردەشت بوو بە توندی بریندار بوون.