كۆنفرانسێكی سێ‌رۆژە لەبارەی ناسنامەی كوردان لە توركیە بەڕێوە چوو

21:42 - 19 خەرمانان 2712
ئاژانسی كوردپا: كۆنفرانسێكی سێ‌رۆژە لەمەڕ ژیانی سیاسی، فەرهەنگی و كۆمەڵایەتیی كوردانی توركیە لە زانستگای شاری بینگول بەڕێوە چوو.

ماڵپەڕی سەرەكیی زانستگای بینگول ئەو كۆنفرانسە كەلە رۆژی پێنجشەممەوە دەستی پێكردبوو و كۆمەڵێكی بەرچاو لە كوردناسانی توركیە و بیانی تێیدا بەشدار بوون، رەوت و گۆڕانكاریی ناسنامەی فەرهەنگی، سیاسی و كۆمەڵایەتیی كوردانی توركیە لە سەردەمی عوسمانیەوە هەتا ئێستا لە شەش پانێلدا تاوتوێ‌و شرۆڤە كران.

بەپێی هەمان سەرچاوە لەمەڕ تەورەكانی ئەو كۆنفرانسە 60 بابەت لەلایەن مامۆستایانی زانستگا و كارناسانی بانگهێشت كراو بە زمانەكانی توركی عەرەبی، كوردی (كورمانجی و زازاكی) و ئینگلیزی خوێندرانەوە.

عەبدوڵڵا ئوردوغمووش، نوێنەری پێشووی دیاربەكر لە رێوڕسمی كرنەوەی ئەو كۆنفرانسەدا وتی: \"دادپەروەری و روانینی بەدوور لە بیرۆكەی نژادپەرستانە و هەوڵدان بۆ خۆبواردن لە پەرەدان بە ئەندێشەی پان توركیزم و پان كوردیزم لە گرینگترین رێكارەكانی چارەسەریی كێشەی كوردانی توركیەیە\".
لە بەیاننامەی كۆتایی ئەو كۆنفرانسەدا هاتووە: \"جیاوازییە فەرهەنگییەكانی نێوان كورد و تورك نەتەنیا هەڕەشە نین، بەڵكوو هۆكارێكە بۆ بەرفرەهی سامان و گەشە كردن و نەتەوەی كورد ئەمڕۆ لە بارودۆخێكدا پشتیوانی لە سەرمایە و پاشخانە فەرهەنگی، ئەدەبی و كۆمەڵایەتییەكانی خۆی دەكات كە دەوڵەتی توركیە ئاراستەیەكی هەمواری بۆ برەو و گەشەدان بە زمان و راگەیەنە كوردییەكان رەخساندووە و نابێ‌لە رێگای توندوتیژییەوە پێش بەم دەرەفەتە بگیردرێ\".

كاریگەریی میرنشینە ناوچەییەكان لەسەر ئەدەبیاتی كوردی، رۆماننووسی ئاوێنەی ژیانی كۆمەڵایەتیی كوردان، ئیسلام لە بەرهەمی شاعێرانی كوردی عەرەبی نووس، روانینی سەلاحەدین ئەیووبی بۆ دەوڵەتی دینی، تەسەوف لە شێعرەكانی مەلای جزیری، روانینێك بۆ شێعرەكانی مەحوی، مێژووی چاپەمەنیی كوردی و روانینێك بۆ مەكتەبی دیمەشق و بەدرخان، رەسانەیەتیی دایكی و ژنانی حەكاری، رۆڵی قوتابخانە دینییەكان لە چارەسەریی كێشەی كوردان، كوردانی سووریە و چالاكانی سیاسیی كورد سەردێڕی چەند بابەتێك لە 60 بابەتی پێشكەش كراوی ئەو كۆنفرانسە بوون.